ئەو دروشمەی سەرەوە بۆتە یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی خانەنشینان لە ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەکانی هەفتانەیاندا. ئەم کرێکارە خاوەن پێشینه و بەئەزموون و وشیارانە بوونەتە پێوەری لێدانی دڵ و پلەی گەرمی ئەو جەماوەرە بەرین و وەگیان هاتووەی کە کەوتوونەتە ژێر گوشارەکانی هەژارییەوە. ڕیشەی هەژاری لە ئێران، هەم لە سیاسەت و هەم لە ئابووری کۆماری ئیسلامیدایە. لە بواری سیاسەتدا: کۆماری ئیسلامی بە پێداگری لەسەر درێژەی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، دەستوەردان لە قەیرانە ناوچەییەکان و پەروەردە کردنی گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان، پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی، خەرجکردنی میلیاردها دۆلار لەپێناو پەرەپێدانی دامەزراوە ئاینییەکان لە ناوەوە و دەرەوە، سەروەت و سامانێکی بێ ئەژماری خەڵکی ئەم وڵاتە و حاسڵی ڕنج و کاری ئەوانی بەفیڕۆ داوە. لە بواری ئابووریدا: ڕژیم بە پەیڕەویکردن لە ئابووری نیۆلیبرالیستی، واتە بە تایبەتکردنی تاڵانچیانە، کەمکردنەوەی یارمەتییەکان، کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، کەمکردنەوەی هێزی کار و بیکارسازی بەربڵاوی هێزی کار و بەتایبەتی ژنان، بەبێ پێدانی بیمەی بێکاری، لابردنی ماف و مزایای کرێکاریی لەوانە مافی نیشتەجێبوون و بیمەی تەندروستی، هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو و دابەزینی بەهای پووڵی میللی، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، پەرەسەندنی کاری کاتی و نامسۆگەر لە نێو هەموو کرێکاران و بەتایبەت ژنان و لاواندا و لێڵبوونی ئاسۆی داهاتوویان، پەرەسەندن و قووڵتر بوونەوەی کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەتی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و ژینگەیەکی وێرانبوو، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی قەیرانێکی درێژخایەنی ئابووری و بێتوانایی ڕژیم لە ئاست باشترکردنیدا، هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی هەژاری لەڕادەبەدەر لە ئێران بوون. ئەمڕۆ زیاتر لە ٧٠%ی خەڵکی ئێران چوار هێندە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەم دۆخە بەش بە حاڵی خۆی، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گەلێگ دیاردەی نامۆ و زیانی کۆمەڵایەتی وەک لەشفرۆشی، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، گەڕان لەناو زبڵدانەکان، خەوتنی منداڵانی کار لەناو کارتۆن و خۆکوشتن و هتد. هەژاری خۆی لە خۆیدا دەتوانێت خەڵکی وڵاتێک ناچار بکات بە قبووڵکردنی دیکتاتۆریەت، هەژاری بەردەوام، چەوسانەوەی لەڕادەبەدەر و بێڕێزی و گەلێک ئازار و نەهامەتی تر. ئەو هەژاری و چەوساندنەوە زۆر و لەڕادەبەدەری بەسەر بنەماڵە کرێکارییەکاندا دەسەپێندرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەندامانی ئەو بنەماڵانە بەردەوام لە ژێر گوشاری دەروونیاندا بن. ئەوان بە منداڵ و گەورە و بچووکەوە کار دەکەن، بەڵام بەو حاڵەشەوە بە ئەستەم دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن. هەوڵەکانیان لە پێناو پەیداکردنی بژێوی ژیان و هەژار بوونیان، ڕۆژانە لەگەڵ بێڕێزی پێکران و نزمی پێگەی کۆمەڵایەتی بەرەوڕوویان دەکاتەوە. بوونی کاتێکی بەتاڵ بۆیان بۆتە شتێکی مەحاڵ و تەنانەت بۆ بیرکردنەوە لە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بەمەبەستی گۆڕینی چارەنووسی خۆشیان، لەگەڵ گەلێک ئاستەنگ بەرەوڕوو دەبنەوە. سەقامگیریی بنەماڵەیی و تەنانەت تاکە کەسیشیان بەردەوام لە مەترسیدایە. لەمڕووەوە خەریکبوون لەگەڵ کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەبات لەپێناو مافە ئینسانی و دێموکراتیکەکان، بۆیان کارێکی ئاسان نابێت و بەدەستهێنانی هۆشیاری سیاسی و چینایەتی و ڕێکخراوبوون شانبەشانی هاوچینەکانیان کارێکی ئەستەم و دژوار دەبێت. ئەوان کاتێک لەسەر زەوی ڕێگایەک بۆ دەربازبوون نەدۆزنەوە، زەمینەی ئەوەیان بۆ فەراهەم دەبێت کە ڕوو لە باوەڕی دواکەوتووانەی ئایینی بکەن و دادپەروەری لە ڕۆژی قیامەتدا بەدی بکەن. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە خاوەنانی سەرمایە و دەوڵەتەکانیان لە جیهان و لە ئێرانیش کۆماری ئیسلامی، دەیانەوێت.
بەڵام واقیعییەتەکانی خەباتی بەردەوام و ڕوو لە پەرەسەندنی کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان، پەرستاران، پەراوێزنشینان، خەباتگێڕانی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و سەرجەم ستەمدیتووان، دەریدەخات کە لە ئێران هەژاریی ئاگری خەبات و ناڕەزایەتییەکان خۆشتر دەکات وەک گڕکانێک وایە لە ژێر پێی ڕژیمدا. جگە لە خەباتی بەردەوام و شێلگیرانە دژ بە گرانی و لەپێناو زیادکردنی حەقدەست و دابینکردنی بیمەی بێکاری و پزیشکی، زیادکردنی مافی نیشتەجێبوون و یارمەتییەکانی دیکە لەلایەن کرێکارانی لەسەرکار، کۆمەڵگا شاهیدی دوو ڕاپەڕینی گەورەی دژ بە هەژاری و بێ مافییەکانی دیکە لە مانگەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ و ڕەزبەری ٩٨دا بووە. داخوازییەکانی ئەو ڕاپەڕینانە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا پێینایە ئاستێکی بەرزترەوە. خەبات و مانگرتنە ئابووری–سیاسییەکانی کرێکاران و خانەنشینان، دوا بەدوای سەرکوتی خوێناوی و تا ڕادەیەک هێوربوونەوەی شۆڕشی ژینا، سەرلەنوێ لەئاستی سەراسەریدا دەستی پێکردەوە. ژمارەی چالاکییە کرێکارییەکان کە پێش لە بڵاوبوونەوەی کۆڤید–١٩ لە ئێران گەیشتبووە زیاتر لە ٤٠٠٠ چالاکی کرێکاریی، خەریکە دوبارە بەرز دەبێتەوە. بۆ نموونه ئهو خەباتکارانە له ساڵی ڕابردوودا زیاتر له ٢٥٠٠ جار لە مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارییان کردووە. ئەویش لە وڵاتێکدا کە مانگرتن و خۆپیشاندانی سەربەخۆ لە ڕووی یاساییەوە قەدەغە کراوە و بەپێی یاسای شەریعەت حەرامە. ئەم خەبات و ناڕەزایەتییە سیاسی–ئابوورییانە بەیانگەری ئەو ڕاستییە سادەیەن کە مووچەخۆران و خانەنشینەکان لەژێر باری ئەو هەژارییە تاقەت پروکێنەی کە لەلایەن ڕژیم و خاوەنکارەکانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، تووشی گەلێک ئاستەنگ و دژواری هاتوون، بەڵام کۆڵیان نەداوە. ئەوان لەسەر بەستێنی ئەو هەژاری و بێ مافییە سیاسییە، نەک هەر نەبوونە دیلی ئەو چارەنووسەی کە کۆماری ئیسلامی و خاوەنانی سەرمایە بۆیان دیاریکردوون، بەڵکوو لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە ڕووی چۆنایەتییەوە زیاتر گەشە پێداوە. لەو پتر لە ٢٥٠٠ چالاکییە خەباتکارانەی کە ئاماژەی پێکرا، زیاتر لە ١١٠٠ چالاکییان لە بەشی پیشەسازییە سەرەکییەکانی وەک نەوت، گاز، فولاد، پترۆشیمی و توانەوەی ئاسندا بەڕێوەچووە. ئەو ئاکسیۆنانە لە جاران ڕێکخراوتر بوون و ڕێبەرانی نوێیان لە جەرگەی خۆیاندا پەروەردە کردووە کە دەور و نەخشیان بە ڕوونی بەرچاودەکەوێت. کرێکارانی فەرمی نەوت، پەیمانکارانی ئەرکانی سالس، کرێکارانی گرێبەستی نەوت، کرێکارانی خاوەن ئەزموون و پێشینەی هەفت تەپە، کرێکارانی فولادی ئەهواز، کرێکارانی وشیار و خاوەن ئەزموونی خانەنشین، کە بوونەتە بڕبڕەی پشتی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانە، وردە وردە خەریکن لایەنی سیاسی خەبات و ناڕەزایەتییە ڕێکخراوەکانیان بەرجەستەتر دەکەنەوە و هیوایەکی زیاتریان بە کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و وەگیان هاتوو بۆ ڕزگاربوون لە دەست هەژاری و چەوسانەوە و سەرەڕۆیی، بەخشیوە.