کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

یەکگرتووییەک کە رۆژ لەگەڵ رۆژ پتەوتر دەبێت

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران هاوپشتی و یەکگرتووییەکی مێژوویی بێ وێنەیە کە لە نێوان نەتەوەکان، چین و توێژ و شارە جۆراوجۆرەکاندا بوونی هەیە. ئەو دروشمە وەحدەت بەخشانەی کە لەسەر زاری تێکۆشەران و شۆڕشگێڕانە و کردارە ستایش ئامێزەکانیان لەم یەکگرتوییەوە سەرچاوە دەگرێت.

سەرانی کۆماری ئیسلامی سەرمایە و دەزگا تەبلیغاتی و ئیتلاعاتیەکانیان، بە شێواندنی ڕاستیە مێژووییەکان، بڵاوکردنەوەی درۆ و حیلەگەرییە ڕیاکارانەکانیان هەوڵیان داوە ئەم یەکگرتوییە تێکبدەن. ئامرین و عاملینی کۆنەپەرست و جەنایەتکاری خۆجێی هەر لەسەرەتای ئاخێزەکەوە بە شێوازی ئاڵۆز و گوماناوی هەوڵیانداوە جیایی و دووبەرەکی بنێنەوە و ئەم یەکگرتووییە لەنێو بەرن. وەک نمونە ئەوان لە کوردستان و بەلوچستان زیاتر لە شوێنێکی وەک لە فیشەکی جەنگی کەڵکیان وەرگرتوە، و دیارە کوشتارێکی زیاتریان لەم دوو ناوچەیەدا کردوە. ئەوان لەم ڕێگایەوە هەوڵیاندا تا لەنێوان دانیشتوانی پایتەخت و خەڵکی کوردستان و بەلوچستاندا دووبەرەکی دروست بکەن. بەڵام ئامانجەکەیان نەپێکا. تێکۆشەران و شۆڕشگێڕان لە تاران بە دروشمی وەک” لە کوردستانەوە تا تاران، خوێناویە هەموو ئێران” و ” لە کوردستانەوە تا تاران، ستەم لەدژی ژنان” وڵامی ئەم حیلەگەریەی کۆنەپەرستانیان دایەوە. جەنایەتکارانی حاکم هاوکات ئاستی تەبلیغاتی خۆیان لەسەر سیستان و بەلوچستان چڕ کردەوە تا بەڵکو بتوانن لە نێوان نەتەوەی ئازەری و بەلوچ لەگەڵ کوردستان دووبەرەکی بنێنەوە. بەڵام بە دروشمەکانی وەک:” ئازەربایجان وشیارە، پشتیوانی کوردستانە” و ” لە کوردستانەوە تا تەورێز، کاسەی سەبرمان لێوڕێژ” وڵامێکی ددان شکێنلە لایەن ئازەریەکانەوە بە سەرانی ڕژیم درایەوە. تێکۆشەران لە سیستان و بەلوچستانیش بە دروشمی:” سنە، زاهیدان، چاو و چرای ئێرانن” کێشایان بە دەمی جەنایەتکارانی ڕژیمدا.

ژمارەیەک لە ئاخوندە دەوڵەتیەکان و هێندێک لە فەرماندەکان، کە بە گشتی ناسیاسین، لە دەرفەتی جۆراوجۆردا گەمژانە باسیان لە مەترسی جیابوونەوە، بە تایبەت لە کوردستان، کرد. بەڵام شۆڕشگێڕان بە دروشمی” کوردستان کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان” وڵامی ئەو خاکپەرست و ناسیۆنالیستە مێزەر بەسەر و نیزامیانەیان دایەوە. بەرپرسانی بەدنێوی ئیدارەی ئیتلاعات کە زانیان مۆرەکانی سەربە ڕژیم کەوتونەتە بەر قین و نەفرەتی خەڵک و تەنانەت کەسانی سەربەخۆشیان باوەڕیان بە قسەکانیان نییە کەوتنە بیری فێڵ و تەڵەکەیەکی ترەوە. ئەوانلە تازەترین دەستە گوڵێک کە بە ئاویاندادا کەڵکیان لە شێوازی نا مرۆڤانەی شنود وەرگرت و لە زمان یەکێک لە بیژەرانی هەواڵی ڕەسانەیەکەوە باسیان لە مەترسی لەت بوونی ئیڕان کرد. ئەوان بێ ئاگان لەوەی کە ئەو کەسانەی ئەم درۆیانە دەکەن لەهەر شوغڵ و پلەو پایەیەکدابن بەخێرایی، وەک باقی کاربەدەستانی ڕژیم، دەکەونە بەر نەفرەتی خەڵک، وەک ئەوەی سەبارەت بەم بابەتەی دوایی روویدا.

ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە چەوساندنەوەی زۆر بە یارمەتی سەرکوت، پێشێل بوونی وەحشیانەی مافی ژنان و نەتەوەکان بە کەڵک وەرگرتن لە جەنایەتکارانە ترین شێوازەکانی وەک ئەشکەنجەی تاقەت پڕوکێن و ئێعدام کردنی بە هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسی و ئاسایی لە زیندانەکاندا، کۆمەڵ کوژی لە مەیدانەکانی شەڕ لەدژی شۆڕشگێڕان لە کوردستان، ئێعدام کردنی بەرینی هەڵسوڕاوانی سیاسی کورد، بەلوچ، عەڕەب، ئازەری، بڵاو کردنەوەی هەژاری بێسنوور، زیاتر کردنی نایەکسانی، ئاسایی کردنەوەی لەشفرۆشی مەزهەبی، پەرەدان بە بێ سەرپەنایی و تا ڕادەیەک گۆڕخەوی، لەنێو بردنی فەرهەنگی پێشڕەو و زانستی ئینسانی و پڕکردنەوەی جێگایان بە خورافاتی مەزهەبی، بەشێوەیەکی بەرچاو ئاسایی کردنەوەی گەندەڵی ماڵی و ئەخلاقی لە نێو کاربەدەستان و سنفە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ و ستەمی هاوشێوەوە سەرچاوەی گرتوە. ستەمی نەتەوایەتی تەنیا یەکێک لەو ستەمانەیە و هەڵسوڕاوان و تێکۆشەرانی سڕینەوەی، ئاگاهانە هەستیان بەوەکردوە کە نەهێشتنی ئەم ستەمە بەستراوەتەوە بە هاوکاری کردن لەگەڵ چەوساوەکان و زۆرلێکراوان لە ئاستی ئێراندا بۆدامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتیک و خەڵکی و سەرتاسەری. هەرئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەم یەکگرتوییەی ئێستا بەردەوام و ڕوو لە پتەوتر بوون بێت. هەڵسوڕاوان، ڕێبەران و بەشدارانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بەم هۆکارەیە کە بە هاسانی توانیویانە هەموو هەوڵەکانی ڕژیم و ڕاگەیەنەرەکانی ژێر سانسۆڕی، ئاخوندە کەللە وشکەکان و فەرماندە ناسیاسیەکان پوچەڵ بکەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

قورس تر کردنی گواستنەوەی باری قەیران بۆسەر شانی چینی کرێکار

-

داسەپاندنی پەرچەم، سەرەتای داسەپاندنی بێ مافی بەسەر خەڵکدا

-

  ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دەبێتە خاڵی کۆتایی لەبەردەم حوزور و ئامادە بوونی بە هەزاران ئاخوندی کۆنەپەرست لە قوتابخانەکاندا.

-

وەحدەت و شۆڕشی ئازادی خوازانەی ئێران

-

بەرەی ڕاست،دروشمی یەکێتی لەقسەدا و دووبەرەکی لەکردەوەدا

-

زیندان وقارەمانەکانی

-