کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

یه‌كێتیی ده‌وڵه‌ته‌ ئۆرووپاییه‌كان، سه‌به‌بكاری سه‌ره‌كیی مه‌رگی په‌ناخوازانه‌

بە پێی هەواڵەکان ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی مانگی نۆوامبر، بەرابەر لەگەڵ ١٣ی خەزەڵوەر، ٢٣٩ پەنابەری دیكه‌ لە دەریای مەدیتەرانەدا خنكان. بەپێی لێدوانی وتەبێژی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە ماوه‌ی ئه‌مساڵدا زیاتر لە ٤٢٠٠ پەنابەر کە ویستوویانە لە ڕێگه‌ی مەدیتەرانەوە خۆیان بگەیەننە ئۆرووپا، بوونەتە خۆراکی شەپۆلەکانی ئەم دەریایە. ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هۆشداریی داوە کە هه‌تا ئێستا، ساڵی ٢٠١٦ مەرگبارترین ساڵ بووە بۆ کۆچبەران و پەنابەران. ساڵی ٢٠١٥ لە یەک ملیۆن و سێسەد هەزار پەنابەر کە ویستوویانە خۆیان بگەیەننە ئۆرووپا ٣٧٧١ کەس پیاو و ژن و منداڵ لە مەدیتەرانەدا گیانیان لەدەستداوە. زیاتر لە یەک میلیۆنیشیان گەیشتوونەتە ئەم قاڕرەیە. ئەمساڵ لە نزیکەی ٣٧٠ هەزار کەس کە له‌تاو شەڕ، نائەمنیی و هەژاریی گیانیان بۆ گەیشتن بە شوێنێکی ئەمن خستووه‌تە مەترسییەوە، کەمتر لە ٣٣٠ هەزار کەسیان گەیشتوونەتە ئۆرووپا.هۆكاری زیادبوونی سەرسووڕهێنەری تەلەفاتی گیانیی پەنابەران، سەرەڕای دابه‌زینی ژماره‌یان‌، بەهۆی کرداری دژه‌مرۆیی و دژه‌ په‌نابه‌ریی سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی یەکێتیی ئۆروپایه‌. بۆ نموونە بەدوای ڕێككه‌وتنی تورکییە و یەکێتیی ئۆرووپا بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی ئەو پەنابەرانەی کە لە تورکییەوە دەچن بۆ یوونان، خواستی کۆچبەران بۆ تێپەڕبوون بە مەسیری ئیتالیادا، زیادی کردووە. ئەم پەنابەرانە لە لیبی دەکەونە داوی ئەو باندانەوە کە بەزۆریی لە لایەن هێزە ئیسلامییەکانەوە ڕێکخراون، لە کۆنترین و له‌ كه‌ڵك كه‌وتووترین قایه‌ق و بەلەمەکان بۆ گواستنەوەی موسافیرەکان کەڵک وەردەگرن. کرداری جەنایەتکارانەی ئەم باندانە بیانووی داوەتە دەست دەوڵەتانی سەرمایەداریی ئۆرووپا هه‌تا ئەمساڵ شەڕ لەگەڵ پەنابەران لەژێرناوی ” به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاغچییان”دا بە وەحشیانەترین شێوە بەرەوپێش بەرن. ئەم پەنابەرانە هەم لەنێو شەپۆلەکانی دەریادا و هەم لە ئۆرووپادا لەگەڵ کۆمەڵێک ئینسانی شەریف و ڕێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كاندا بەرەوڕوو دەبنەوە کە به‌هانایانه‌وه‌ دێن. بەڵام لەپاڵ ئەم عەمەلیات و کردارە ئینسانییانەدا، ئەو پەنابەرانەی کە دەگەنە ئۆرووپا لەگەڵ هەڵسوکەوتی ڕەوتە فاشیست و ڕەگەزپەرستەکان و خراپتر لەوەش کرداری دژه‌ پەنابەریی دەوڵەتاندا بەرەوڕوو دەبنەوە. ماڵپه‌ڕی “بی بی سی” فارسی لە ڕێکەوتی ١٣ ی خەزەڵوەر گوزارشێکی لە سایتەکەیدا بڵاو کردەوە لەژێر ناوی :” ئیتالیا بە ئازار و ئەزیەت، سووکایەتیی جنسیی و لێدانی شۆکی ئێلێکتریکی له‌ پەنابەران تۆمه‌تبار کرا”. ئەم ماڵپه‌ڕه‌ لەزمان ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییەوە ده‌نووسێت:” لێبوردنی نێونەتەوەیی، ئیتالیای بە بەدڕه‌فتاریی لەگەڵ پەنابەرانی قایق سەوار تۆمه‌تبار کردووە و سیاسەتی کۆچبەریی ئۆرووپای بە هۆکاری ئەم بەد ڕەفتارییە زانیوە. ” بە قەولی “بی بی سی” ئەم ڕێكخراوه‌ی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا بە ئیستناد بە وتووێژ لەگەڵ ژمارەیەک لە پەنابەران، کە بە به‌له‌م لە لێوارەکانی ئافریقاوە گەیشتوونەتە دوڕگەکانی ئیتالیا لە دەریای مەدیتەرانە، وتوویەتی کە:” لە جەریانی ناونوسین و پێڕاگەیشتن بە داوای پەنابەرێتیی ئەم کەسانە، کۆمەڵیک حاڵەتی ئەزیەت و ئازاردان، سووکایەتیی جنسی و تەنانەت شۆکی ئێلێکتریکی ڕوویداوە.” بی بی سی” لە درێژەدا نووسیویەتی:” لێبوردنی نێونەتەوەیی هۆکاری سەرەکیی بەدڕەفتاریی مەئموورانی ئیتالیایی لە بەرنامەی هاوبەشی یەکێتی ئۆروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی پەنابەران زانیوە کە ئیتالیاش ناچاره‌ بەڕێوەی به‌رێت. بە پێی ئەم بەرنامەیە، دەبێ لە هەموو ئەو پەنابەرانەی دێنە خاکی ئیتالییاوە پەنجەمۆر وەربگیرێ کە بەرەوڕووی دژایەتیی هه‌ندێک لە پەنابەران بووه‌تەوە.”843

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەشه‌ككوله‌ کرێکارییه‌كان، ڕێكخراوه‌ سۆسیالیستیی و کۆمۆنیستییەکان و توێژەران و زانایان و لێكۆڵه‌رانی ئازادیخواز لە جیهاندا بەرپرسیاریەتیی سیاسیی “کوشتاری بەکۆمەڵی پەنابەرانیان” لە دەریای مەدیتەرانە دەگه‌ڕێننەوه‌ بۆ سەرانی یەکێتیی ئۆرووپا و سیاسەتی دژه‌ پەنابەریی ئەوان. سەرانی ئەم یەکێتییە وەک سەرانی ئامریکا، ئۆسترالییا و ئەوانی وەک ئەوان، کۆمەڵێک سیاسەتی دژی پەنابەرییان لەدژی شەڕلێدراوان و ئەو هەژارانە گرتووه‌ته‌به‌ر کە خۆیان هۆکاری سەرگەردانیی ئەوانن.

دەوڵەتی ئامریکا، دەوڵەتانی ئۆرووپایی و گشت ئەندامانی ناتۆ دوای ئاخێزی خەڵک بۆ دابین بوونی خۆشبژێویی و ئازادیی لە وڵاتانی باکووری ئافریقا، وەک لیبی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک سوورییە، لە ساڵی ٢٠١١دا، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان له‌ڕێگه‌ی بەهێزکردنی گرووپە جەنایەتکارە ئیسلامییەکان شەڕێکیان بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیو دژ به‌ دیکتاتۆڕیدا سەپاند کە هه‌تا ئێستاش درێژەی هه‌یه‌. شەڕ لە لیبی و سووریەش هاته‌سه‌ر شەڕە داسەپاوەکانی دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و ئەفغانستان. کاتێک کە لە ئاکامی ئەم شەڕانەدا بە سەدان هەزار کەس لە چەندین میلیۆن ئاوارەی شەڕ بەرەو ئۆرووپا هەڵاتن، دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ هەم کەشتییە ڕزگاریدەرەکانیان لە دەریاکانی مەدیتەرانە و ئێژەدا کشاندەوە و هەم به‌له‌مه‌ تا ڕادەیەک جێ متمانه‌یان بە بیانووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاغچییەکان تێکشکاند. ئەوان جەنایەت لەدژی پەنابەرانیان هه‌تا ئاستی کەڵکوەرگرتن لە بەكرێگیراویان بردەپێشێ کە لە دەریا و لێواره‌كاندا بە بیانووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاغچییەکان به‌ربوونه‌ گیانی پەنابەران. چەندین ڕاپۆرت لە کرداری جەنایەتکارانەی ئەم بەکرێگیراوانە وەک کونکردنی بەلەمی پەنابەران، بڵاو کراوەتەوە. ڕێكخراوی به‌هاناوه‌هاتنی ” چاودێریی دەریا” ڕۆژی ٢١ مانگی ئۆكتۆبری ئەمساڵ لە ڕاپۆرتێکدا وتی کە بەکرێگیراوان لە لێوارەکانی لیبی هێرشیان کردووه‌تەسەر بەلەمێکی پڕ لە پەنابەر و دوای لێدان و ئازاردانی زۆری موسافیرەکان، بوونە هۆی خنكانی ٣٠ کەسیشیان. ئەم ڕێكخراوه‌یه‌ دوای ناڕەزایەتیی دەربڕین لەدژی ئەم جەنایەتە، بۆ ڕزگار کردنی مسافیرە بریندارەکان هه‌نگاو ده‌نێت و ١٢٤ کەسیان ڕزگار دەکات. لە مانگی ئاگۆستی ڕابردوودا کەشتیی نەجاتی ” پزیشکانی بێسنور”یش ڕووداوێکی هاوشێوەی باس کرد. ئەم کردارانە بوونەتە هۆی ئەوەیكه‌ پەنابەرانی داماو، مەسیر و ڕێگه‌ مەترسیدارترەکان و سواربوونی قایه‌قی نامۆتمەئین هەڵبژێرن.

ڕێكخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە مانگی ماڕسی ڕابردوودا ژمارەی پەنابەرانی لە جیهان، بە ٢١ ملیۆن کەس بەراورد کردووە. ئەم ئامارە شموولی ئەو کەسانە ناكات كه‌ شوێنیان گواستووه‌تەوە. ئەم پەنابەرانە ئەگەر لە وڵاتانی خۆیاندا ڕێکبخرێن، دەتوانن لەدژی سیستمی سەرمایەداریی لە هەموو جێگه‌یەک بۆ دابین بوونی مافی پەنابەران، هەوڵ بدەن. یارمەتیدانی پەنابەرانی گەیشتوو بە ئۆرووپا لە ڕێگای پەیوەستبوون بە ڕێكخراوه‌كانی داکۆکیکاری مافی پەنابەران و کرێکارانی کۆچبەر، ئه‌ركێكی دیكه‌ی کۆمۆنیستەکان و ڕێکخراوە پێشڕەو و ڕادیکاڵە کرێکارییەکانە.

بابەتی پەیوەندیدار

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah