نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی خه‌رمانان رێكه‌وته‌كانی ٤ و ٩ و ١٣ی ئه‌و مانگه، ئه‌و ڕۆژانه‌ن كه تێیاندا ڕه‌وتی ئێمه سێ كه‌سایه‌تی هه‌ڵكه‌وتوو و سێ ڕابه‌ری ماندویی نه‌ناسی خۆی له‌ده‌ست داوه. فوئاد مسته‌فا سوڵتانی، سەدیق كه‌مانگه‌ر، غوڵام كه‌شاوه‌رز، سێ ئه‌ستێره‌ی ڕێنیشانده‌ری خه‌باتی چه‌وساوه‌كان و سته‌م لێكراوانی ئه‌و وڵاته بوون.
ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه ٩ی مانگی خه‌رمانان ساڵیادی گیانبه‌ختكردنی هاوڕێی ڕێبه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه فوئاد مسته‌فا سوڵتانییه. خه‌باتی سیاسی كاك فوئاد هه‌ر له ته‌مه‌نی تازه لاویه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و له كاتێكدا ته‌مه‌نی ته‌نیا 21 ساڵ بوو، ده‌بێ به سه‌رقافڵه‌ی دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه. ساواكی شا كه به‌توندی گومانی كردبووه سه‌ر ژیان و هه‌ڵسووڕانی كاك فوئاد، له‌پاییزی ساڵی 1353 دا كاك فوئادی گرت و له زیندانی كۆمیته‌ی هاوبه‌شی شاره‌بانی و ساواك کەوتە ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه.
به‌ڵام ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ران زه‌فه‌ریان به وره‌ی كاك فوئاد نه‌برد و قاره‌مانانه نهێنییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی پاراست. له‌دوای ده‌وره‌ی بازجوویی و ئه‌شكه‌نجه، گواسترایه‌وه بۆ زیندانی قه‌سری تاران و زیاتر له‌سێ ساڵ له‌وێ به‌ندكرا. له‌ساڵی كۆتایی زیندانییه‌كه‌یدا، گواسترایه‌وه بۆ زیندانی شاری سنه و ساڵێكیشی له‌و زیندانه‌دا تێپه‌ر كرد. زیندانی سنه مه‌یدانێكی خه‌باتی لێبڕاوانه‌ی كاك فوئاد بوو. مانگرتن له‌خواردنی زیندانیانی سیاسی كه كاك فوئاد بۆ ماوه‌ی 24 ڕۆژ به‌شداری تێدا كرد، یه‌كێك له‌دیمه‌نه پر شكۆكانی خه‌باتی ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی ناو زیندانه‌كان له‌دژی رژیمی شا بوو. له پاییزی ساڵی 1357 دا كاك فوئاد ئازاد كرا و له‌پاش پێشوازییه‌كی گه‌رم و كه‌م وێنه له‌لایه‌ن خه‌ڵكی شاری سنه‌وە، گه‌ڕایه‌وه بۆ ئاوایی ئاڵمانه. كاك فوئاد دوای ئازاد بوونی، ته‌نیا 11 مانگ ژیا و له‌و یازده مانگه‌شدا هه‌موو كات و توانای خۆی بۆ رێبه‌ریكردن و به‌ره‌وپێش بردنی خه‌باتی كۆمه‌ڵه له كوردستان له بواره جیاجیاكاندا ته‌رخان كرد. له ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو مانگدا، یانی له 23ی مانگی پووشپه‌ڕه‌وه تا ٩ی خه‌رمانانی ساڵی 1358 به‌ڕێبه‌ریی کاک فوئاد، ژوماره‌یه‌ک له هه‌ستیارترین، به‌ناوبانگترین و گه‌شترین رووداوه‌کانی مێژووی کۆمه‌ڵه و خه‌باتی سیاسی کوردستان و ئێران هاتنه ئاراوه. کۆچی خه‌ڵکی مه‌ریوان، ڕێپێوانی جه‌ماوه‌ری سنه به‌ره‌و مه‌ریوان، گفتوگۆی ڕاسته‌خۆ له‌گه‌ڵ دوژمن، ئه‌و بوارانه بوون كه تواناییه‌كانی كاك فوئادی بۆ هه‌موان ده‌رخست. پڕبایه‌خترین كاری كاك فوئاد كه دوایین هه‌نگاوی سیاسی ئه‌و بوو، داڕشتنی بناغه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان بوو. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه بوو به سه‌نگه‌رێك بۆ دیفاع له ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕشی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران. كاك فوئاد، فورسه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یدا نه‌كرد كه له پێكهێنانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌دا ده‌وری شایسته‌ی خۆی ببینێ. به‌ڵام بێگومان پێشڕە‌وی و سه‌ركه‌وتنی حیزبی كۆمۆنیست له گره‌وی ئه‌وه‌دایه كه ئاكار و سوننه‌تی ئه‌و شۆڕشگێڕە گه‌وره‌یه‌ی چینی كرێكار بكاته پیشه‌ی خۆی و ڕه‌وش و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و له خه‌باتی سیاسی‌دا به‌كار بێنێ. رێزگرتن و پاراستنی ئه‌و ئه‌زموونه به‌نرخانه‌ی كه له كاك فوئاد به‌جێ ماون، مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی خه‌بات و حیزبی ئێمه‌یه.
هاوڕێ سەدیق کەمانگەر
هاوڕێ سه‌دیق دوو ساڵ له كاك فوئاد به ته‌مه‌نتر بوو. له ساڵی 1348 كاتێك ڕێكخراوی كۆمه‌ڵه داده‌مه‌زرێ، كاك سه‌دیق له یه‌كه‌م مانگه‌كانی مه‌وجوودیه‌تی كۆمه‌ڵه‌دا ده‌بێ به تێكوشه‌رێكی هه‌ڵسووڕاوی ئه‌و رێبازه. كاك سه‌دیق له ساڵانی ده‌یه‌ی 50ی هه‌تاوی كاتێك خه‌باتێكی مافخوازانه له نێوان جوتیارانی “دارسێران”ی مه‌ریوان و فئوداله‌كان كه‌وته‌ڕێ، وه‌كوو پارێزه‌رێكی جه‌سوور و لێهاتوو ئه‌ركی دیفاع له جوتیارانی وه‌ئه‌ستۆ گرت. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی له‌دژی رژیمی شا، ئه‌ندامی ناوه‌ندی كانونی پارێزه‌رانی ئێران بوو كه به ئیمزای خۆی بۆ دیفاع له خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی جه‌ماوه‌ریی، به‌یانییه‌ی ده‌رده‌كرد. له مانگی پوشپه‌ڕی 1357 یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی شاری سنه‌ی بۆ دیفاع له زیندانیانی سیاسی كه مانیان له خواردن گرتبوو، له‌دژی ڕژیمی شا، ڕێكخست. ئه‌و له‌و كاته‌دا سیمای عه‌له‌نی تێكۆشانی كۆمه‌ڵه بوو. بانگه‌وازه‌كانی هاوڕێ سەدیق له لایه‌ن جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێڕه‌وه وڵامی وه‌رده‌گرته‌وه. هه‌ڵسووڕانی بێوچانی كاك سەدیق، بوو به هۆی كۆكردنه‌وه‌ی هێزی ڕادیكاڵ و پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵگا لەبه‌رانبه‌ر ره‌وتێكی كۆنه‌په‌رستدا كه هه‌وڵی ده‌دا سه‌مه‌ری خۆین و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بكا به پاشكۆی ئیرتجاعی مه‌زهه‌بی كه له‌لایه‌ن خومه‌ینیه‌وه ڕێبه‌ریی ده‌كرا. كاك سه‌دیق ڕۆژی 22ی رێبه‌ندانی ساڵی 1357 له ڕێگه‌ی ته‌لەویزیۆنی سنه‌وه له په‌یامێكدا داوای له خه‌ڵكی كوردستان كرد كه بۆ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی ڕاپه‌ڕینی سه‌ركه‌وتووی خۆیان چه‌كدار بن. له یه‌كه‌م ڕۆژه‌كانی دوای ڕووخانی ڕژیمی شا كاك سه‌دیق و ژوماره‌یه‌ك له هاوڕێیانی له‌سه‌ر ڕێنوێنی كۆمه‌ڵه جه‌معیه‌تی دیفاع له ئازادی و ئینقلابیان له شاری سنه دامه‌زراند و كاك سەدیق بوو به وته‌بێژی ڕه‌سمی ئه‌و جه‌معیه‌ته. كاك سه‌دیق له شه‌ڕی نه‌ورۆزی شاری سنه‌دا له سه‌رەوەی “شۆڕای ئینقلابی” ئه‌و شاره‌دا ڕاپه‌ڕینی قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵكی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی سنه‌ی له‌دژی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی کۆماری ئیسلامی ڕابه‌ری كرد. ده‌وری لێبڕاوی كاك سەدیق له‌م ده‌وره‌یه‌دا له كوردستان، ئه‌وی كرد به كه‌سایه‌تێكی ناسراوی ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه له سه‌راسه‌ری ئێران‌دا. له گفتوگۆكانی نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌یئه‌تی نێردراوی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی بۆ شاری سنه، ده‌وری ڕێبه‌رێكی جه‌سوور و لێبڕاوی بینی. هاوڕێ سه‌دیق ڕابه‌ر و ڕێكخه‌ری مانگرتن و ته‌حه‌سونی یه‌ك مانگه‌ی شاری سنه بوو كه به مه‌به‌ستی ده‌ركردنی پاسداران له شار كه‌وته‌ڕێ. له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی موقاوه‌مه‌تی چه‌كدارانه به‌رانبه‌ر به هێرشی ڕژیم بۆسه‌ر كوردستان، هاوڕێ سه‌دیق وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رێكی لێهاتووی موقاوه‌مه‌تی پێشمه‌رگانه‌ش له ناوچه‌كانی كامیاران و سنه ده‌وری نواند. دوایین پۆستی ته‌شكیلاتی هاوڕێ سەدیق به‌ڕێوه‌به‌ریی رادیۆ ده‌نگی شۆڕشی ئێران (رادیۆ كۆمه‌ڵه) بوو. له سه‌عات 2ی نیوەشه‌وی 13ی خه‌رمانانی ساڵی 1368 له حاڵێكدا كه تازه له نووسینی دوایین وتاری خۆی بۆ ڕادیۆ كۆمه‌ڵه ته‌واو ببوو و بۆ پشوودانێكی كورت له ژوره‌كه‌ی خۆی هاتبووه ده‌رێ، به ده‌ستی به‌كرێگیراوێكی كۆماری ئیسلامی كه دزەی كردبووه ناو ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌وه، خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرێ و دڵی كه‌یلی ئاواتی به سه‌ركه‌وتنی زه‌حمه‌تكێشان بۆ هه‌میشه له لێدان ده‌كه‌وێ.
غوڵامی كه‌شاوه‌رز (به‌همه‌ن جه‌وادی)
به‌همه‌نی جه‌وادی كه له جه‌ریانی خه‌باتی سیاسی نهێنیدا بو شاردنەوە لە چاوی پۆلیس نازناوی غوڵامی كه‌شاوه‌رزی هه‌ڵبژاردبوو، ساڵی 1334ی هه‌تاوی له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌سكورتی ئاوایی “ناره‌ك” سه‌ر به‌شاری گه‌چساران چاوی به‌ژین پشكووت. هێشتا تازەلاوێک بوو كه له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له سیاسییه‌كان ئاشنا بوو. سه‌ره‌تاكانی ده‌یه‌ی 50 بوو كه به‌همه‌نی جه‌وادی و هاوڕێیانی، ڕێكخراوێكی خه‌باتكاریان به‌ناوی: “كرده‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه دژ به بارودۆخی مه‌وجود” پێكهێنا. ئه‌ركی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه چاندنی تۆوی وشیاری له‌ناو كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشدا بوو. به‌همه‌نی جه‌وادی ساڵی 1354 چووه ناو زانكۆی كه‌شاوه‌رزی كه‌ره‌ج. له‌گه‌ڵ چوونه ناو زانكۆدا چووه ناو جه‌رگه‌ی خه‌باتی سه‌رده‌مه‌وه و له پاش ماوه‌یه‌ك بوو به یه‌كێك له سیما ناسراوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له‌و زانكۆیه‌دا. له ڕێكه‌وتی 18ی گوڵانی 1355 خوێندكارانی زانكۆی كه‌ره‌ج له ساڵڕۆژی كوشتاری كرێكارانی كارخانه‌ی “جیهان چیتی” كه‌ره‌ج به‌ده‌ستی ڕژیمی شا له‌ساڵی 1350 ده‌ستیاندایه مانگرتنێكی به‌رین. هاوڕێ غوڵامی كه‌شاوه‌رز له ڕێكخه‌رانی ئه‌و مانگرتنه‌بوو. به‌و هۆیه‌وه هه‌ر له‌و كاته‌دا له لایه‌ن ساواكه‌وه ده‌ستبەسەر و خرایه ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌وه و نهێنی هاوخه‌باتیه‌كانی پاراست. له پاییزی 1357 له‌گه‌ڵ شکانی دەرگای زیندانه‌کان له‌زیندان هاته‌ده‌رەوە. له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگدا هاوڕێ غوڵام وه‌ك رێكخه‌رێكی كۆمۆنیست له‌ڕه‌وتی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریدا خه‌ریكی چالاكی بوو: وه‌ڕێخستنی میتینگ و ڕپێوانی دژبه ڕژیمی شا، پێكهێنانی گروپگه‌لی كرێكاری و پێشکەشکردنی وتار له‌میتینگه‌كاندا، له زومره‌ی چالاكییه‌كانی ئه‌و له‌سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕیندا بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و له‌و خه‌باتكارانه‌ش بوو كه له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی پادگانی عیشره‌ت ئابادی تاران‌دا به‌شداری كرد. ئه‌و له‌سه‌ره‌تای زستانی 1358 به ڕێكخراوی “یه‌كێتی خه‌باتكارنی كۆمۆنیستە”وه په‌یوه‌ست بوو و له ماوه‌یه‌كی كورتدا بوو به یه‌كێك له ڕوخساره ناسرا و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی ئه‌و ته‌شكیلاته. له‌زستانی 1361 تا خه‌رمانانی 1362 هاوڕێ غوڵام له به‌شدار بووانی جیددی باسه‌كانی سه‌ره‌تای پێكهێنانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له ناوچه ئازاد كراوه‌كانی كوردستان بوو. ئه‌و له زومره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌بوو كه له كۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌دا به‌شداری كرد و بۆ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌و حیزبه هه‌ڵبژێردرا. له‌ساڵی 1364 هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رپرسیاریه‌تی ته‌شكیلاتی نهێنی، له ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی كۆمۆنیست، ده‌ستیدایه چالاكی و له‌دوای ماوه‌یه‌ك به هاوكاری هه‌ڵسوڕاوانی تری ئه‌و به‌شه “فێدراسیۆنی سه‌راسه‌ری كۆچبه‌ران”یان له‌ئۆروپا دامه‌زراند. به‌كرێگیراوانی جه‌هل و جینایه‌تی كۆماری ئیسلامی كه له چالاكییه‌كان، كاریگه‌ریی و تواناییه‌كانی ئه‌و خه‌باتكاره ماندوویی نه‌ناسه ئاگادار بوون، له كرده‌وه‌یه‌كی د‌ڕ‌ندانه‌دا ده‌ستیاندایه تیرۆر كردنی هاوڕێ غوڵامی كه‌شاوه‌رز. له‌رۆژی 4ی خه‌رمانانی 1368 له‌حاڵێكدا كه‌پاش 8 ساڵ ده‌یویست له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی له شاری لارەنكای وڵاتی قێبرس چاویان پێك بكه‌وێت، له‌لایه‌ن تیمێك له به‌كرێگراوه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه، كه شوێن پێیان هه‌ڵگرتبوو، درایه‌به‌ر ده‌سڕێژی گولله و چه‌ند سه‌عات دواتر له بیمارستانی ناوه‌ندیی لارەنكا ، گیانی به‌ختكرد.
وێڕای نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازیزانه، ڕێز له یادی هه‌موو گیانبه‌ختكردوانی رێبازێك ده‌گرین كه فوئاد و سەدیق و غوڵام پێشه‌نگانی وه‌فاداری بوون.