کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

یادکردنەوەیەک لە ڕۆژی جیهانی منداڵان

ئەوەی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا دەگوزەرێت، چارەنووسی چارەهەڵنەگری منداڵان نییە

ڕۆژی جیهانی منداڵ، وەک ڕۆژێک بۆ ڕێزگرتن لە منداڵان دیاریکراوە. ئەم ڕۆژە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان، لە بەرواری جیاوازدا ڕێزی لێ دەگیرێت. لە هەندێک لە وڵاتەکانی جیهان ١ی ژوئێن و لە هەندێک وڵاتی دیکەشدا ٢٠ی نوامبر وەک ڕۆژی جیهانی منداڵان دیاریکراوە. کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی ١٩٥٩دا، جاڕنامەی جیهانی مافەکانی منداڵانی پەسەند کرد و داوای لە دەوڵەتەکان کرد کە ڕۆژی ٢٠ی نوامبر وەک ڕۆژی جیهانی منداڵان بە فەرمی بناسن. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا لە ڕوانگەی ئێمەوە هەردوو ڕۆژەکە گرنگی و بایەخی کۆمەڵایەتی و جیهانی هەیە. ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی منداڵان لە کاتێکدایە کە ئەرتەشی جینایەتکاری ئیسرائیل لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، نزیکەی ١٥ هەزار منداڵی لە کەرتی غەززە کۆمەڵکوژ کردووە. هاوشێوەی ئەم جینایەتە ترسناکە لە مێژوودا بێ وێنەیە. ئەمە جینۆسایدێکی ئاشکرايە، کە لە بەر چاوی جیهان و بە چاوپۆشی کردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەڕێوە دەچێت. لە ڕاستیدا ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە نەک هەر ڕێز لە مافەکانی منداڵان ناگیرێت و منداڵان لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە دەچەوسێنەوە و بە شێوەیەکی وەحشیانە بەکاردەهێنرێن، بەڵکوو لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، گیانیان بۆتە ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوێرانەی ڕەگەزیی و فاشیستیی.

لە ئێرانيش لە سەردەمیشۆڕشی ژینادا، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، زیاتر لە ٧٠ منداڵ و تازەلاوی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بە دەستی ئەم ڕژیمە جینایەتکارە کوژران. هەر لەو ماوەیەدا و لە کردەوەیەکی جینایەتکارانەدا بەمەبەستی چاوترسێن کردنی تازە لاوان و سەرجەم کۆمەڵگا، بە سەدان قوتابخانەی کچان بە گازی ژەهراوی هێرشیان کرایە سەر و هەزاران منداڵ ژەهراوی بوون. ئەم جینایەتە خۆفناکانە لە دۆخێکدا ڕوودەدەن کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، چەندین ملیۆن منداڵی بنەماڵە کرێکاری و کەم داهاتەکان لە خوێندن بێبەشن. ئەزیەت و ئازاری منداڵان بە شێوەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت و هەرئێستاش لە زۆرێک لە قوتابخانەکاندا منداڵان سزای جەستەیی دەدرێن. هەتا ئێستاش زیندانەکانی ئەم ڕژیمە پڕن لە منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ و ئێران تاکە وڵاتی جیهانە کە تیایدا منداڵانی خوار ١٨ ساڵ تەمەن لە سێدارە دەدرێن. لە قوتابخانەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، بە شێوەیەکی ڕێکخراو و ئامانجدار، مێشکی منداڵان پڕ دەکەن لە خوڕافات و بەپێی ڕەگەز، لێکیان جیا دەکەنەوە. ڕۆحی پیاوسالاری لە کوڕان و ڕۆحی ملکەچبوون و گوێڕایەڵبوون لە کچاندا بەهێز دەکەن. کچانی کەم تەمەن هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی چوون بۆ قوتابخانەوە دەبێت مەقنەعە لەسەر بکەن و لە کوڕانی هاوتەمەنی خۆیان جیا ببنەوە. ئەوان فێری ئەوە دەکرێن کە پێوەندی و هەڵسوکەوت لەگەڵ کوڕان کارێکی خراپە. هاوکات لەگەڵ حیجاب بەسەردادان و بێبەشبوونی کچان و کوڕان لە یاریکردن لەگەڵ یەکتر، خوێندن و بارهێنانی ئایینی دەست پێدەکات. کتێبەکانی دەرس، پڕن لەو فێرکاریانە و منداڵان لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە ناچار دەکرێن داب و نەریتە ئایینییەکان ئەنجام بدەن و بەشداری لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکاندا بکەن. بەمجۆرە ڕێگە نادەن کە منداڵان بە ئازادی و بەدەر لە چوارچێوەی بیروباوەڕ و خوڕافاتە ئاینییەکانیان، پەروەردە بکرێن، فێری زانست بن و بتوانن لە داهاتوودا بە ويستی خۆیان بیروباوەڕ و شێوازی ژیانیان دیاری بکەن. لە قوتابخانەکاندامەراسیمی تەکلیفبۆ کچانی تەمەن ٩ ساڵان بەڕێوە دەبەن و هانی منداڵەکان دەدەن بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکەن. ئاخووند و فەقێ و بەسیجی ڕەوانەی قوتابخانەکان دەکەن بۆ ئەوەی ڕۆحی سیخوڕی لەناو منداڵاندا پەرە پێبدەن. لە قوتابخانەکاندا دەستە و گروپی لەخۆدان و مەراسیمی تری ئایینی وەڕێدەخەن. منداڵێکی کە لە کۆمەڵگایەکی ئاوێتە بە خوڕافاتی ئایینی و دواکەوتوودا لەدایک ببێت، ئیمکان و دەرفەتی ئەوەی نابێت کە چێژ لە دنیای منداڵانەی خۆی ببینێ، بە شادی بژی و لە خوڕافات و بیروباوەڕی دواکەوتووانە پارێزراو بێت، دەبێتە خاوەن مەزاجێکی ناجێگیر و کردار و ڕەفتاری نائاسایی و ویست و ئەگیزەی بۆ فێربوون، زۆر لاوازی دەبێت. ئەم جۆرە منداڵانە، بە شێوەیەکی سروشتی گەشە ناکەن، خولیا و ئاواتە شیرینەکانی منداڵییان نایەتە دی و ئاسەوار و کاریگەری کەموکوڕییەکانی سەردەمی منداڵی، تا کۆتایی تەمەنیان لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە.

خۆش بژێوی و ئەمنییەتی منداڵان، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر حکوومەت و نیزامێکی سیاسی و حکوومەتی ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، نامرۆڤانەترین سیاسەتی سەبارەت بە منداڵان بەکارهێناوە. ناردنی منداڵان بۆ مەیدانەکانی مین لە شەڕی ئێران و عێراقدا، بەکارهێنانی منداڵانی سەرباز لە شەڕدا، کەڵکوەرگرتن لە منداڵان لە ڕێوڕسمەکانی ماتەمینی و بەخوێن نەخشاندنی جەستەیان بە قەممە و زنجیر و کەڵکوەرگرتن لە منداڵانی بەسیجی بۆ سەرکوتکردنی خەڵک، هەموو ئەمانە لە زومرەی ئەو جینایەتە لەبیرنەکراوانەی کۆماری ئیسلامی لە دژی منداڵانە کە لە چەمکی جینایەت لەدژی مرۆڤایەتیدا دەگونجێن. هەوڵدان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ئەمن و دابینکردنی هەلومەرجێکی کە ڕێگە بە منداڵان بدات توانایی و پۆتانسێل و لێهاتووییەکانی خۆیان تاقیبکەنەوە، هەوڵدان بۆ قەدەغەکردنی کاری منداڵان، هەوڵدان بۆ قەدەغەکردن و نەهێشتنی سزای جەستەیی لەناو ماڵ و لە قوتابخانەکان، هەوڵدان بۆ دانانی کلاسی جیددی بەمەبەستی سەرلەنوێ  بارهێنانەوە بۆ ئەو منداڵانەی کە ئەگەری هەیە تووشی هەڵەیەک ببن، هەوڵی جیددی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و بەتایبەتی لەسێدارەدانی منداڵان و لاوان، هەوڵدان بۆ قەدەغەکردنی چەکدارکردنی منداڵان لەژێر ناوی بەسیجی، هەوڵی جددی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە مافەکانی منداڵان، هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی دیفاع لە مافەکانی منداڵان و هەوڵی جددی بۆ ڕێگریکردن لە دەستوەردانی ئایین لە پەروەردە و بارهێناندا، ئەرکی بەردەوام و بێ پسانەوەی کۆمۆنیستەکان و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا دەگوزەرێت، چارەنووسی چارەهەڵنەگری منداڵان نییە. ئەم دۆخە دەتوانرێت و دەبێ بگۆڕێت. بۆ گۆڕینی ئەو هەلومەرجە و ڕزگارکردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە چارەنووسێکی لەو شێوەیە، هیچ ڕێگایەکی تر بوونی نییە جگە لە یەکڕیزی و هاوخەباتی لە دژی ئەو ڕژیم و داب نەریت و پەیوەندییە کۆنەپەرستانەی کە منداڵانی ئێمەی ئاوا بێبەزەییانە، لە مافە سەرەتایی و ئینسانییەکانی خۆیان بێبەش کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

چڕکردنەوەی سەرکوت لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردن، سیاسەتێک لەڕووی داماوییەوە

-

کاری منداڵان برینێکی بە ئازار لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی

-

ناڕەزایەتیی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بەرامبەر بە کەمتەرخەمی ڕێکخراوی جیهانی کار، لە ئاست مافی کرێکارانی ئێران

-

نمایشی هەڵبژاردنێکی موهەندیسی کراو بۆ دانانی سەرۆک کۆمارێکی نوێ، لەڕێدایە

-

بزووتنەوەی ڕۆژئاوا دڕکێ چاوی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا

-

حزووری ناڕەوای نوێنەرانی ڕژیمی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانی کار

-