یکشنبه, دسامبر 4, 2022
کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەڵاڵەی ناوچەیی کردنی لانیکەمی حەقدەست مەحکووم بە شکستە

لەم ڕۆژانەدا خواستی لانیکەمی حەقدەستی مانگانە ١٢ ملیۆن تمەن بووەتە خواستی ملیۆنان کرێکار (لەوانە پتر لە ٧٠٠ هەزار موعەلیم) و خانەنشینکراو لە ئێران. لە کرێکارانی پەیمانیی نەوتەوە بگرە تا کرێکارانی شارەداری، ئەم خواستە بووەتە داخوازیی خەباتکارانەیان و لە ڕێگەی بەیاننامە و بڕیارنامەی جۆراوجۆرەوە، بە ئاگاداریی کۆمەڵگایان گەیاندووە. ئاساییە کە جەمعییەتی ٥٢ ملیۆنیی کرێکاران، توێژە زەحمەتکێش و مرۆڤە پێشکەوتووخوازەکان پشتیوانی ئەم داخوازییە بن و ژمارەیەکی یەکجار کەم چەوسێنەر و دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایە دژبەری بن.

لە جەرگەی خۆپیشاندانی شکۆداری موعەلیمان لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠، بە خواستی “١٢ ملیۆن تمەن”ەوە، ژمارەیەک بێکاری بێخەبەری دانیشتووی ناو مەجلیس، پاتەکیان دژبە بەم خواستە دەستپێکردووە. ئەوان بۆ جارێکی دیکە لەژێرناوی چاکسازیی یاسای کار، گەڵاڵەی پەیوەست کردنی تێبینی بە ماددەی ٤١ی یاسای کاریان هێناوەتە گۆڕێ و داوایان کردووە تا لە ناوچە گوندنشینەکان حەقدەستی تەوافوقی جێگای پەسندکراوی شۆرای باڵای کار بگرێتەوە. لە ئیسفەهانیش بەڕێوەبەری ناوەندێکی بە ڕواڵەت غەیرە ئینتیفاعی پێش قەدەم  بووە و ناوچەیی کردنی حەقدەستی بۆ هەموو ئێران پێشنیار کردووە و تەنانەت ئاستەکەشی بۆ ساڵی ١٤٠١ دیاری کردووە. ئەو کەسە لە سیمینارێکدا وتوویەتی کە:

“پێشنیاری ئێمە لانیکەم حەقدەستی ٤ ملیۆن تمەن بۆ کرێکارانی تاران، لانیکەم حەقدەستی ٣ ملیۆن تمەن بۆ کرێکارانی شارە مامناوەندەکان، لانیکەمی حەقدەستی ٢ ملیۆن تمەن بۆ کرێکارانی شارستانە چکۆلەکان و حەقدەستی کەمتر لەوانەش بۆ گوندەکانە، بەو ئامانجە کە پیشەکان بۆ گوندەکان بگوازرێنەوە”.

گەڵاڵەی پەیوەست کردنی ماددەیەک بە ماددەی ٤١ی یاسای کار و پێشنیارەکانی بەناو لایەنگرانی نێئۆلیبرالیسم لە ئێران هەڵبەت دواهاتی زیانباری دیکەشی بۆ چینی کرێکار بەدواوەیە، بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم گەڵاڵە و پێشنیارانە دەتوانن بخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە؟

یاسای کار لە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٦٩ لە لایەن “مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام”ەوە پەسند کرا. خاوەنکاران و بورژوازیی نوێ و قەدیم  و بوروکراتە دەسەڵاتدارەکان هەر لە سەرەتاوە دژی بوون. ئەگەرچی یاسای کار  مانگرتن و پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ لە دەوڵەتی نایاسایی ڕاگەیاندووە، بەڵام چەند ماددەی تێدایە کە بە باوەڕی خاوەنکاران و خزمەتکارانیان بە قازانجی کرێکاران ئامادە کراوە کە یەکیان هەر ئەم ماددەی ٤١ەیە کە پێوەندی بە حەقدەستەکانەوە هەیە. لە کاتی پەسندکرانی یاسای کارەوە هەتا ئێستا نوێنەرانی سیاسیی بورژوازی و خاوەنکاران بە کەڵک وەرگرتن لە هاوسەنگیی هێزی چینایەتیی کۆمەڵگا، گۆڕانکاریی زۆریان بە قازانجی خۆیان لە یاسای کاردا گونجاندووە. بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە گشت یاسای کار بەقازانجی خۆیان بگۆڕن.

لەڕاستیدا کرێکارانی خەباتکار و پێشڕەو لە پێناو باشترکردنی باروودۆخی کار و ژیانیان نەک بە یاسای کار بەڵکوو بە دەستکەوتی خەباتکارانەیان پشتیان بەستووە. ئەوان سەرەڕای نایاسایی بوونی مانگرتن لە یاسای کاردا، ساڵانە سەدان مانگرتنی گەورە و چکۆلەیان دژبە خاوەنکاران و دەوڵەت ڕێکخستووە و بەڕێوەبردووە. بەرچاوترین نموونەی مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی پەیمانی و گرێبەستی نەوت و پێترۆشیمییەکانە کە لانیکەمی حەقدەستی ١٢ ملیۆن تمەن لە سەرەکیترین خواستەکانیان بوو. ئەوان لە بواری باشترکردنی حەقدەست و باروودۆخی کار و ژیان لە کەمپەکان گەلێک دەستکەوتیان بووە.

سەبارەت بە ڕێکخراوە سەربەخۆکانیش، چالاکانی کرێکاری بە پشت بەستن بە هێزی خۆیان ڕێکخراوی سەربەخۆ لە خاوەنکار و دەوڵەتیان پێکهێناوە و ڕێکخراوە ڕادیکاڵەکانیان بووژاندووەتەوە. کرێکارانی خەباتکار لە بواری پێکهێنانی ڕێکخراودا گەلێک دەستکەوتی هیوابەخشیان بەدەست هێناوە کە شۆراکانی هاوئاهەنگی لە جەرەیانی مانگرتن و خەباتی کرێکارانی پەیمانیی پێترۆشیمی و سەنعەتی نەوت، کرێکارانی هەفت تەپە، ناڕەزایەتیی موعەلیمان و حەرەکەتی خانەنشینکراوان، لە نموونە بەرچاوەکانی بوون.

هێنانەگۆڕی باسی ناوچەیی کردنی لانیکەمی حەقدەست و دیاریکردنی ژمارە و ڕەقەم لە لایەن هێندێک لە نوێنەرانی سیاسی بورژوازی نیشانەی نائاگاداربوونی ئەم بەناو کەسایەتیانەی بورژوازییە لە باروودۆخی کۆمەڵ و بەتایبەت باروودۆخی کۆمەڵگەی کرێکاری و گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی نێوان ڕژیم و خەڵک بە قازانجی خەڵکە. ئەوان لەم بێخەبەرییەدا خۆ لەبەر خاوەنکاران و دەوڵەت شیرین دەکەن. ئەوان هەرچەند دابڕاو و نائاگاداریش بن ئەوە باش دەزانن کە کابینەی ڕەئیسیی جەلاد پێویستە حەقدەستی نزیکەی ١٠ ملیۆن کرێکار، کارمەند و خانەنشینکراو بدات. ئەگەر لانیکەمی حەقدەست بگاتە ١٢ ملیۆن تمەن لە مانگدا، ئەوکات پارەیەک بۆ شەڕی نیابەتی لە عێراق و یەمەن و حیزبوڵڵاییەکان لە لۆبنان، حەماس و جەهادی ئیسلامی لە فەلەستین و تیرۆریستەکانی گۆشە و کەناری جیهان نامنێتەوە تا بەناو سەنگەرەکانی پاراستنی ڕژیم لە ناوچەکە بپارێزن.

ئەم نوێنەرانە لانیکەم دەزانن کە کرێکارانی ئێران دەستبەجێ پاش وەدیهاتنی دەستکەوتێکی وەک لانیکەمی مانگانە ١٢ ملیۆن تمەن، ئەولەوییەتی خۆیان دەکەنە بێدەسەڵات کردنی شیرکەتە پەیمانکارییەکان کە ٩٥ لەسەدی کرێکارانی ئێرانیان بەدیل گرتووە. لێرەشەوە تا ڕووخاندنی ڕژیم هەنگاو هەڵدەگرن.

بەڵام ئەم کەسایەتییە بێ خەبەرانە و هاوشێوەکانیان پێویستە بزانن کە بزووتنەوەی کرێکاری و بەتایبەت هەڵسووڕاوانی ئاراستەی سۆسیالیستی باش دەزانن کە ئەو ڕژیمە گەندەڵ و بێ ڕیشەیەی کە لەژێر گوشاری خەباتی کرێکاری و جەماوەری، قەیرانی ئابووری، قەیرانی مەشرووعییەت و هاوشێوەکانیدا پشتی هەڵنایەتەوە، بە تەگبیری کەسانێکی وەک ئەوان ڕێگایەک بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی نادۆزێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

  بەیانیەی حیزبی کومونیستی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە ١٦ سەرماوەز رۆژی دانشجو

-

ماتەمی کۆماری ئیسلامی و شادمانی خەڵک لە پەڕاوێزی دەرچوونی تیمی کۆماری ئیسلامی لە کێبەرکێکانی جامی جیهانی

-

   سەرکەوتنی شۆڕش لە گرەوی هەتنە مەیدانی کرێکاران، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی دایە

-

    ئیبتیکاری عەمەل لەسەر شەقام و لە سۆشیال مێدیا بەدەست خەڵکەوەیە 

-

خەڵکی ئێران ناگەڕێنەوە بۆ بارودۆخی سێ مانگ لەوەپێش

-

حکومەتی ئیسلامی و یاریی دوو لایەنەی سەرکوتی بە ئاشکرا و خۆفریودان

-