کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
هه‌واڵه‌کانوتاری ڕۆژ

گەندەڵی ڕیشەیی لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا

0 7

ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی بەفرانبار، ئاژانسەکانی هەواڵ لە لاپەڕە سەرەکییەکانی خۆیاندا ڕاپۆرتی گەندەڵییەکی دیکەی کۆماری ئیسلامییان بڵاو کردەوە. بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە  ڕەمەزان ئەمینی ڕاوێژکاری سەرۆکی شارەوانی شیراز، بە هاوکاری بنەماڵەکەی، شیرکەتێکی مەجازییان بە ناویبە ئایین مێهر پارسدامەزراندووە و لەو ڕێگایەوە بە بیانووی هەناردەکردنی میوەی وشک بۆ عومان و قەتەر و ئەوروپا، داوایان لە خەڵک کردووە لەو شیرکەتەدا سەرمایەگوزاری بکەن. ناوبراو و ئەندامانی بنەماڵەکەی، بە بڕی١٥٠ ملیارد تمەن فێڵیان لە خەڵکی شیراز و دەوروبەر کردووە. ئەو ساختەکارییە لە کاتێکدا ئاشکرا دەبێت کە تەنیا سێ هەفتە بەسەر ئاشکرابوونی گەندەڵی سێ ملیارد و حەوت سەد ملیۆن دۆلاریچای دێبشدا کە دەکاتە ١٤٠ هەزار ملیارد تمەن، تێدەپەڕێت. هەندێک لە شارەزایان ئەم دزییەیان بە گەورەترین گەندەڵی لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا ناو بردووە کە یەکێک لە فەرماندەکانی سپا ڕۆڵی سەرەکی تێدا بینیوە و ڕاگەیاندنەکانی سەر بەو هێزە داوایان کردووە کە لەو بابەتەوە بێدەنگ بن و هیچ نەوترێت. بەڵام ئەوان لەبیریان چۆتەوە کە گەورەترین گەندەڵی لە سەردەمی ئەحمەدی نژاددا ڕوویدا. لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ناوبراودا ١٧٧ ملیارد دۆلار بە تاڵان برا. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە پێکهاتەی حکوومەتی ئیسلامی بە بوونی ئیمپراتۆریەتێکی ئابووریی زەبەلاحی ژێر دەسەڵاتی سپای پاسداران، کە نزیکەی، ٧٠٪ی تەواوی ئابووری ئێرانی لە دەستدایە، سەرچاوەی سەرەکی گەندەڵییە. بەڵام پرسی گەندەڵی لەم حکومەتە شپرزەیەدا، هاوکات ئامرازێکی سیاسیشە. لە ڕاستیدا لە کۆماری ئیسلامیدا، گەندەڵی، جۆرێکە لەگەندەڵی ستراتێژیکە لوتکەی دەسەڵات بە ئانقەست وەک ئامرازێک بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی بەکاری دەهێنێت. کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕۆحی ئاڕمانگەرایی و مەسەلەی بیروباوەڕی ئایینی لە نەوەی نوێی ناو هێزەکانی ڕژیمدا و لاوازبوونی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی، هیچ ڕێگایەکی بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات لەناو هێزەکانیدا نەهێشتۆتەوە جگە لەوەی کە زەمینەی گەندەڵی دارایی و دەوڵەمەندکردن لەنێواندا و بە تایبەت لەناو کەسانی سەرەوەی دەسەڵات، لە ئاستێکی بەربڵاودا، فەراهەم بکات. خاوەنکارەکانیش بەتایبەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ عێراق و سەرۆککۆماریی ڕەفسەنجانی، باسیان لەوە دەکرد کە گەندەڵی شتێکی خراپ نییە و ڕەوڕەوەی گەشەپێدان خێراتر دەکات. ئەوان بەم ئارگیومێنتە، کە بۆ کابینەکەی ڕەفسەنجانی جێگەی پەسەند بوو، هەموو ئامرازێکیان بەکارهێنا بەمەبەستی دەرکردنی کرێکارانی ناڕازی و هەرزانکردنی هێزی کار.

چەندین سەدەیە کە لە سیستەمی کۆلۆنیالیزم و سەرمایەداریدا، میتۆدی گەندەڵکردنی بەرپرسانی سیاسی و ئابووریی، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کەڵکی لێ وەرگیراوە. بۆ نموونە دەوڵەتی داگیرکەری ئینگلیس لە نێو پادشاکانی قاجاردا، دوو پادشای پەهلەوی و کاربەدەستەکانیان، بەڕادەیەکی زۆر لە گەندەڵکردنی بەرپرسانی دەوڵەتیی، کەڵکی وەرگرتووە. ئەم دەوڵەتە لەناو ئاخووندە ورد و دەشتەکاندا لە ڕێگای پێدانی پارە و پووڵێکی زۆر و پاڵپشتی سیاسییەوە، بەردەوام جێگە و پێگەیەکی بەهێزی بۆخۆی دروست کردبوو. ئەوان لەم گەندەڵییە بەمەبەستی کۆنترۆڵی هەرچی زیاتر بەسەر وڵات و هێزی کار و سەرچاوە داهاتەکانیدا کەڵکیان وەرگرت و هەر کەسێکی ناڕازییان لە پۆستەکەی دووردەخستەوە. مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە کاتێک باڵیۆزی بریتانیا نەیتوانیقائیم مەقام فەراهانیناسراو بە ئەمیر کەبیر ڕاوێژکاری محەممەد ڕەزاشای قاجار بکڕێت، پووڵێکی زۆری دا بە ئیمام جومعەی تاران و ئەویش لە وتاری نوێژی هەینیدا قائیم مەقامی بە بێ دین تۆمەتبارکرد و بیانووی بە شا دا، تا فەرمانی خنکاندنی دەربکات.

شتێکی سروشتییە و ئینسان لەوە تێدەگات کە ئالوودەبوون بە گەندەڵی ئابووریی، دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکان لە ترسی ناوزڕان و ڕسوا بوون، بە تەواوی دەبنە گوێ لەمستی حکوومەتەکان و خواستەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن. ئەم تایبەتمەندییە هۆکارێکی دیکەیە بۆ زیادبوون و پەرەسەندنی گەندەڵی لەناو دام و دەزگای دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی خۆی زیاتر بکات و کاربەدەستە ورد و درشتەکان لە هەموو ئاستەکاندا چاولەبەری خۆی بکات و هەرکاتێک هێڵە سوورەکانیان بەزاند، بە ئاسانی پێشیان پێ بگرێت. زۆربەی هەرەزۆری هێزەکانی بەسیج لە ساڵانی ڕابردوودا، تەنیا بەمەبستی بەهرەمەندبوون لە ئیمتیاز و دەرفەتە ئابوورییەکان بەم ڕێکخراوەوە پەیوەست بوون. واقیعییەت ئەوەیە کە نیزامی سەرمایەداری بەبێ بوونی ڕادەیەک لە گەندەڵی، ناتوانێت درێژە بە ژیانی خۆی بدات، بەڵام گەندەڵی لە ڕادەبەدەریش دەتوانێت تووشی ئاستەنگ و ئاڵەنگاری بکات. لەمڕووەوە خەبات لەپێناو کۆنترۆڵکردنی گەندەڵیی بەربڵاو، دێتە دەستووری کاری حکوومەتە سەرمایەدارییە پێشکەوتووەکان و دامەزراوەکانی، لەوانە ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی. گەندەڵی لە هەندێک وڵات زۆر و لە هەندێکی تریش کەمترە. زۆرترین زیان و گوشارەکانی گەندەڵی، ڕوو لە کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، منداڵان و چین و توێژی بێبەش لە دەسەڵات و سەروەت و سامان دەکات. حکوومەتی ئیسلامی سەرمایە، سەرچاوەی سەرەکی گەندەڵیی بەربڵاو لە ئێرانە. هەربۆیە زاڵبوون بەسەر ئەم بەڵایەدا، تەنیا لە ڕێگەی ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە و دامەزراندنی حکوومەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە، مومکین دەبێت.