کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

e000

ڕۆژ نییە پەروەندەیەکی نوێی گەندەڵی دارایی لە دام و دەزگای جێبەجێکردن و قەزایی ڕژیمدا ئاشکرا نەبێت. هەواڵی گەندەڵی دارایی و دزی گەورە لە دام و دەزگا ئیدارییەکانی ڕژیمدا ئەوەندە زۆر و بەردەوامە کە هەمووان بە بیستنی ڕاهاتوون و خەڵک تەنیا لە کۆڕ و کۆمەڵی خۆیاندا باسی دەکەن. هەندێک جار ئامارەکان ئەوەندە زۆرن و فەزیحەکان هێندە ئاشکران کە میدیاکانی ڕژیم ناچار دەبن بڵاویان بکەنەوە. هەر لەو پێوەندییەدا ماوەیەک لەمەوبەر بابەتێکی نوێی دزینی ٣.٤ ملیارد دۆلاریی کۆمپانیای چای دێبش لە میدیا گشتییەکاندا بڵاو بووەتەوە. بەپێی ئەم زانیاریانە، دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە دەستیان لەم دزییە نائاسایی و سەرسوڕهێنەرەدا هەیە، بە شێوەیەکی تەواو نهێنی، لە دادگایەک دوور لە ڕای گشتیی، بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. ئەو زانیاریانەی کە لەم بەناو دادگاییەوە دەست کەوتوون دەریدەخەن کە باڵاترین بەرپرسانی حکوومەت لەو گەندەڵییەدا بەشدارن. تا ئێستا لانیکەم ناوی ٨ بەرپرسی باڵای حکوومەت لەسەر ئاستی وەزیر و جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەیان پێکراوە. دەوترێت بڕیارە ئەم ژمارەیە بکرێنە قوربانی بۆ ئەوەی پلە باڵا ئیداری و سەربازییەکان تێوە نەگلێن.

دووبارەبوونەوەی ڕۆژانەی تاڵان و بڕۆی ئاشکرا و شاراوە لەلایەن کاربەدەستانی حکومەتەوە لە حاڵێکدا بەردەوامە و تادێت خێراتر دەبێت کە هەموو ڕۆژێک چەند کەسێک کە زۆربەیان بەرهەمی هەژارین، بە تاوانی دزی بچووک دەستگیر دەکەن، بەپێی یاسای ئیسلامی و فەتوای جەلاد، بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە دەستیان دەپەڕێنن. تەنیا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەم دەسەڵاتە جینایەتکارە دەیان کەسی لە زیندانەکانی مەشهەد، تاران، یەزد، هەمەدان، کرماشان و شارەکانی دیکە بردووەتە ژێر تیغی جەلادەکان و بە ئانقەست لە بەر چاوی زیندانیانی تر، پەنجەکانی دەستیان پەڕاندوون. لە کاتێکدا هیچ مرۆڤێک کە کەمترین هەستی مرۆڤایەتی هەبێت، ناتوانێت پەڕاندنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ تەحەمول بکات، بەڵام ئەگەر بڕیار بێت هەمان یاسای جینایەتکارانە سەبارەت بە دز و گەندەڵەکانی سەر بە حکومەتیش جێبەجێ بکرێت؛ کام ئاخووند و پەرلەمانتار و وەزیر و دادوەر و پارێزگار و فەرماندەی نیزامی ئەم وڵاتە، تەنانەت یەک پەنجەیان بۆ دەماوە؟ ڕەهەگەندەڵی گەندەڵی بە هەموو فۆرم و جۆرەکانیەوە لەسەر ئاستی ئیدارە و دامودەزگا حکومییەکان ئەوەندە بەربڵاوە کە تەنانەت سادەترین ئەرکە ئاساییەکانی خەڵک لە دەرەوەی ئەو پەیوەندییە ڕزیوانە بەرەوپێش ناچێت. گەندەڵی کارگێڕی و دارایی لەم وڵاتەدا نەک هەر بەشە ئابوری و جێبەجێکارییەکانی حکوومەتی گرتۆتەوە، بەڵکوو هەموو ناوەند و دامەزراوە تایبەت و ناحکومییەکانیشی داگرتووە. گەندەڵی لە ناوندە خسووسییه‌كان، لەوێوە تەشەنەی کرد کە دوای پڕۆسەی بە تایبەت کردنەکان، موڵک و داراییەکانی دەوڵەت ڕادەستی فەرماندەکانی سپا، ئاخووند زادە تازە پێگەیشتووە چاوچنۆک و نووری دیدەکانی دیکەی هاوشێوەی ئەوان کرا.

گەندەڵی دارایی، کە دەبێ گەندەڵی ئیداری، ئەخلاقی و سیاسیشی پێوە زیاد بکەرێت، بۆ کەسێکی کە لە ئێران دەژی، ئەوەندە ئاشکرایە کە بۆ سەلماندنی پێویست بە خستنەڕووی داتا و ئامار ناکات، لە ڕاستیدا گەندەڵی سەرتاپای ئەم دەسەڵاتەی داگرتووە. ئەڵبەتە ئەم دیاردەیە بە هیچ شێوەیەک دوور لە چاوەڕوانی نییە. لە ڕاستیدا هەر ڕێکخراو و تەشکیلات و سیستەمێک، لە کۆتاییدا شکڵی ڕێبەرایەتییەکەی بەخۆیەوە دەگرێت، کاتێک دام و دەزگایەک لە سەرەوە گەندەڵ بێت، ژێردەستەکانی خۆی و تەواوی سیستەمی ژێر ئیدارە و کۆنترۆڵی خۆی لە خوارەوە، بەگوێرەی مۆدێلی ڕێبەریی خۆی، لە قاڵب دەدات. گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامیش لە سەرەوە دەستی پێکردووە و ئاستەکانی خوارەوەی گرتۆتەوە. ڕەهەندەکانی گەندەڵی ئیداری و دارایی لە ئێران بە ڕادەیەک پەرەی سەندووە کە ئەم وڵاتەی لە ڕیزی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندا داناوە. بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێونەتەوەیی، کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە هەشت گەندەڵترین ڕژیمەکانی جیهانە و بەم پێیەش تەنیا لەگەڵ ڕژیمە دەسەڵاتدارەکانی وڵاتانی وەک سۆمالی، سودان، ئەفغانستان و عێراق بەراورد دەکرێت.

 ئەو کرێکارەی کە هێشتا حەقدەستی شەش مانگ و ساڵێک لەمەوبەری وەرنەگرتووە، مامۆستایەکی لەسەرکار و خانەنشینی کە هێشتا داواکارییەکانی وەرنەگرتووە، گەنجێکی بێکاری کە هێشتا کارێکی دەست نەکەوتووە، ژنێکی خانەداری کە زۆر زیاتر لە کرێکارێک، قورسایی کاری ناوماڵ کەوتووەتە سەر شانی، هەموو ئەوانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، سەرجەم ئەوانەی بە بیانووی کورتهێنانی بودجە و قەیران و گەمارۆی ئابووری و هتد، لە کەمترین خزمەتگوزاری گشتی بێبەشن؛ دەبێ لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی و لە خەبات و مانگرتنەکانیاندا، لەبەرامبەر ئەم ڕژیمە و دەست و پێوەندەکانی دا ڕابوەستن و بڵێن کە ئەو پووڵانەی دزیوتانە بیگەڕێننەوە، پێیان بڵێن کە ئەو موڵک و ماڵ و سامانەی بەتاڵانتان بردووە، بەرهەمی ڕەنج و کاری ئێمەیە و دەبێ بۆمان بگەڕێننەوە و حەقدەست و داواکارییە وەدواکەوتووەکانمان پێبدەن. پێویستە پێیان بوترێت کە تەنیا بە بەشێک لەو پووڵ و سامانەی کە ئێوەی بەرپرسانی دەوڵەت و سپاهیانی ئیسلام دزیوتانە، حەقدەستی بە بارمتەگیراوی ئێمە کرێکاران و داواکاری مامۆستایان و خانەنشینانی پێ دابین دەکرێت. دەبێ پێیان ڕابگەیەنرێت کە بە خەبات و تێکۆشان و پشتبەستن بە یەکڕیزی و هاوپشتیمان، درەنگ یان زوو موڵک و ماڵە بەتاڵان براوەکانمان وەردەگرینەوە و هەمووتان لە سەرەوە بۆ خوارەوە، لە دادگایەکی ئاشکرادا محاکمه دەکەین.