کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
ئێرانهه‌واڵه‌کان

گیان لە دەستدان و برینداری بوونی کرێکاران لە ئێران

گیان لە دەستدان و برینداری بوونی کرێکاران لە ئێران 4

لە ماوەی چەن ڕۆژی ڕابڕدوو بە هۆی ڕووداوی کارەوە سێ کەس لە کرمان، ئیلام و تاران گیانیان لە دەستدا و چەندین کەسیش بریندار بوون.

لە پارێزگای کرمان، ڕۆژی پێنجشەممە کرێکارێکی مەعدەنی مسی سەرچێشمە، کە بۆ کوژاندنەوەی دوو کۆمپرێسۆر چووبوە ژوورەکەوە، بە هۆی گازگرتوویی گیانی لەدەستدا. پێشتریش لە ١٩ی خەرمانان شۆفیری گرێدەرێک لەم مەعدەنە بەهۆی ڕووداوی کار گیانی لەدەستدا بوو و لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، کرێکارێکی هەمان مەعدەن بە هۆی بەرکەوتنی تایەی لیفتراک  بریندار بوو، بە پێی ڕاگەیاندنی ئاژانسی هەواڵی کرێکاری ئێران، دوای ئەوەی لە ماوەی دوو مانگدا لەم مەعدەنە پێنج ڕووداوی کار ڕوویداوە، دادستانی فەرمانی بە داخستنی ئەو کارگە کردوە، بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە و تا ئەو کاتەی کێشەکانی چارەسەر دەکرێن. بە وتەی ڕاگەیاندنەکان، کرێکارێکی ئاڕماتۆڕبەند لە ئیلام لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەکەوە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا، هەروا لە تاران، کرێکارێکی ئەفغانی تەمەن ٤٠ ساڵ، لە کاتی هەڵکەندنی بیرێکدا بە هۆی گازگرتوویی گیانی لەدەست دا و هاوکارێکی ئەم کرێکارە ئەفغانییە کە بۆ یارمەتیدان چوبوە ناو بیرەکە،  ژەهراوی بوو و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. وتەبێژی ڕێکخراوی فریاکەوتنی پارێزگای تاران ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی ئاسنی شادئاباد تا ئێستا ٧ کەس بریندار بوون، لەو ژمارەیەش کەسێک بە سووتانی سووکەوە بۆ نەخۆشخانەی یافت‌ئاباد گواستراوەتەوە.