بەرپرسی پۆلیسی ڕێگاوبانی ئوستانی ئازەربایەجانی غەربی ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ٢٥ی مانگی ڕەشەممەی ساڵی پار هەتا ڕۆژی دووشەممە ١٥ی مانگی خاکەڵێوەی ئەمساڵ ٧٠٧ ڕووداوی هاتووچۆ لە جادەکانی ئەو ئوستانە تۆمار کراوە کە بەگشتی ٣٩١ هاووڵاتیی بریندار بوونە و ٢٤ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەو بەرپرسە لە درێژەی قسەکانی دا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگەدا کە بە ڕۆژی سرووشت ناسراوە سەرەڕای هاتووچۆی زۆری ئۆتۆمبێل لە جادەکانی ئەو ئوستانەدا بە تەنیا دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمار کراوە. جێگای ئاماژەیە زۆرترین ڕووداوی هاتووچۆ لە ڕێگاکانی ورمێ بۆ مەهاباد، میاندوئاو بۆ شاهین دژ و ڕێگای زیوە بۆ بەند تۆمار کراوە.