ههواڵنێریی مافی مرۆڤی ههنگاو ڕایگهیاندووه كه بەندکراوێکی دیکە لە زیندانی ناوەندی ورمێ بە هۆی پێڕانەگیشتنی پزیشکییەوە گیانی لە دەستداوه و بە ئەژمار کردنی ئەم حاڵەتەش لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، ٥ بەندکراوی لهم زیندانه گیانیان لە دەستداوە.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، “عەلی پایا” ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەرمانان بە هۆی پێڕانەگیشتنی پزیشکی لەلایەن بەرپرسانی زیندانهوه گیانی لە دەستداوە. شایانی باسه، “عەلی پایا” سێ ساڵ لهمهوبهر بە تۆمەتی “تاوانهكانی پێوهندیدار به مهوادی مۆخهدێرهوه” دەستبەسەر و حوکمی ٦ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپابوو. ناوبراو کۆتایی مانگی پووشپەڕ بە هۆی جەڵتەی دڵەوە لە بەندی ١٥وه گوازرابوویهوه بۆ بێهداری زیندان. جێگهی ئاماژهیه، هەمان ڕۆژ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی “داریووش کەنگەرلوو” بە هۆی پێڕانەگیشتنی پزیشکییەوە گیانی لە دەست دابوو.