ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٧ی خه‌رمانان، هێزی ده‌ریای ئیتالیا ڕایگه‌یاند: په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌له‌مێكی پنابه‌ران له نزیك لێواراوه‌كانی وڵاتی ماڵت پچڕاوه و ته‌نیا ئه‌وه‌نده ده‌زانن كه سێ منداڵ به‌هۆی برسیه‌تی و تینوویه‌تی گیانیان له‌ده‌ست داوه.
به‌وته‌ی هێزه‌كانی ده‌ریاوانی ئیتالیا، ئه‌و به‌له‌مه ٦٠ سه‌رنشینی هه‌بووه كه زۆربه‌یان خه‌ڵكی سووریه و لوبنانن و ماوه‌ی ١٠ ڕۆژه له ده‌ریای مه‌دیته‌رانه سه‌رگه‌ردانن و دوایین زانیاری له‌سه‌ریان ئه‌وه‌یه كه سێ منداڵ به‌هۆی برسیه‌تی و تینوویه‌تی گیانیان له‌ده‌ستداوه و دواجار په‌یوه‌ندیه‌كه پچڕاوه و هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر چاره‌نووسیان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه. به‌پێی ڕاپۆته‌كان، ئه‌و به‌له‌مه ١٠ ڕۆژ له‌وه پێشه له لێواراوه‌كانی لیبیه‌وه به‌ره‌و ئیتالیا به‌ڕێكه‌وتبوو و له دوایین په‌یوه‌ندیدا سه‌رنشینه‌كانی به‌له‌مه‌كه ڕایانگه‌یاندبوو كه یه‌خته‌كه‌یان له‌كار كه‌وتووه و له‌حاڵی نه‌قمبووندان.