بەهۆی هەڵکوتانەسەر و ئەشکەنجەی بەندکراوانی سیاسی زیندانی سیلیوری وڵاتی تورکیە لە لایەن ٦٠ کەس لە هێزەکانی پاراستنی ئەو زیندانە، ٦ بەندکراوی سیاسی ئەو زیندانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە لێدان و ئەشکەنجە بوونیان هەوڵی خۆکوژیان دا.
بەپێی ڕاگەیێندراوی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی تورکیە، ٦٠ کەس لە هێزەکانی پاراستنی ئەو زیندانە لە ڕێکەوتی ٦ی مانگی ئاوریل بە بیانووی سەرژمێری چوونەتە بەندی ٥ی ئەو زیندانە و پاش سووکایەتی و هەڕەشەی کوشتنی ئەو زیندانیانە تەنانەت لەدوای ئازادبوونیان، هێرشیان بردووەتە سەر چەندین زیندانی و بەشێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان داون. هەر لەو پێوەندەدا بەنیشانەی ناڕەزایەتی ٦ بەندکراو هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و لە ئاکامدا دوو بەندکراو گیانی لەدەستداوە. جێگای ئاماژەیە پێشتر هەر یەکە لە “ئەحمەد تورک و لەیلا زانا” دوو سیاسەتمەداری گەورەی کورد لە باکووری کوردستان ماوەی سزای بەندکرانەکەیان لەو زیندانەدا کۆتایی پێهێنابوو.