له ماوه‌ی ٤٨ كاتژمێری ڕابردوودا، به‌هۆی هێرشه ئاسمانی و زه‌مینیه‌كانی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌زه، به‌لانیكه‌م ٧٠٠ فه‌له‌ستینی گیانیان له‌ده‌ست داوه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ئه‌رته‌شی ئیسڕائیل ته‌واوی ناوچه‌كانی كه‌رتی غه‌زه‌ی كردۆته ئامانج و هۆشداری داوه‌ته دانیشتووانی خان یوونس تاكوو ناوچه‌كه چۆڵ بكه‌ن. به‌پێی ڕاپۆرتی ڕۆیته‌رز، پاش ته‌واوبوونی ئاگربه‌ست، ئیسڕائیل توندترین هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌زه ده‌ستپێكردووه و ڕۆژی ڕابردوو هاوكات ناوچه‌كانی خان یوونس، جێبالیا، شۆجاعیه و ده‌یرۆلبه‌لحی به چڕی بۆردوومان كردووه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه بنكه‌كانی حیزبۆڵڵای لوبنانیش به سه‌ختی كراوه‌ته ئامانج و چه‌ندین ئه‌ندامی ئه‌و گرووپه كوژراو و بریندار بوون. فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكاش له عێراق گرووپی مقاوه‌مه‌ی ئیسلامیان به‌هۆی هێرشه مووشه‌كی و په‌هبادییه‌كانیان بۆ سه‌ر سه‌ربازانی ئه‌مریكایی كرده ئامانج و له ئاكامی ئه‌و هێرشه‌دا، پێنج میلیشیای سه‌ر به كۆماری ئیسلامی كوژران.