ڕێكخراوی پزیشكی دادی كۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٧ی خه‌زه‌ڵوه‌ر له ڕاپۆرتێكدا ڕایگه‌یاند: له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تایی ئه‌مساڵدا به لانیكه‌م هه‌زار و ٧٧ كرێكار به‌هۆی ڕووداوی كاره‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئه‌و ئاماره له حاڵێكدا بڵاو ده‌بێته‌وه كه كۆماری ئیسلامی كۆڵبه‌ری وه‌كوو پیشه‌ی نافه‌رمی و كرێكاری ناناسێت، پێشتر كۆڵبه‌رنیووز له ڕاپۆرتێكدا ڕایگه‌یاندبوو كه له ماوه‌ی مانگی گوڵانی ١٤٠١ تا مانگی گوڵانی ١٤٠٢، ١٩١ كۆڵبه‌ر له كاتی كاركردن دا كوژراو و بریندار بوون. له ماوه‌ی یه‌ك حه‌فته‌ی ڕابردووا به‌لانیكه‌م ٤٨ كۆڵبه‌ر به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆ، ته‌قینه‌وه‌ی مین یان ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم كوژراو و بریندار بوون. به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته، له نێو ئه‌و ١٠٧٧ كرێكاره گیانبه‌ختكردووه، هه‌زار و ٦٦ كه‌سیان پیاو و ١١ كه‌سیان ژن بوون. هه‌وره‌ها پارێزگای تاران به تۆماركردنی ٢١٧ بابه‌ت، ئیسفه‌هان به ٨١ بابه‌ت و مازه‌نده‌ران به تۆماركردنی ٧٠ بابه‌ت له ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌م بۆ سێهه‌م دان و ئه‌و ئاماره به نیسبه‌ت ساڵی ڕابردوو ١٥٪ زیادی كردووه.