دوو لاو به‌ناوه‌كانی “پوویا قه‌یسه‌وه‌ندی” ته‌مه‌ن ٢٦ ساڵ و خه‌ڵكی كامیاران و “عه‌باس مه‌نسووری” ته‌مه‌ن ١٩ ساڵ خه‌ڵكی شووش پاش ده‌ستبه‌سه‌ركرانیان له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌كانی ڕژیمه‌وه كوژران و ته‌رمه‌كه‌یان ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌كانیان كراوه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی شاری كامیاران، “پوویا” له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش ئازادبوونی باری ده‌روونی تێكچووه و ڕۆژێك پاش ئازادی له ڕێگه‌ی خۆكوژیه‌وه كۆتایی به‌ژیانی هێناوه، به‌وته‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ڕژیم ته‌واوی كه‌لووپه‌له شه‌خسیه‌كانی ناوبراویان زه‌وت كردووه و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ كردوون كه نابێت هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی ڕۆڵه‌كه‌تان له هیچ میدیایه‌ك باس بكرێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه مێرمنداڵێكی خه‌ڵكی شووش به‌ناوی “عه‌باس مه‌نسووری” كه له ڕه‌وتی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌و شاره له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانی ڕژیمه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو، ڕۆژی دووشه‌ممه پاش ئازادبوون به شێوه‌ی گۆماناوی گیانی له‌ده‌ستدا و ئێستا بنه‌ماڵه‌كه‌ی له ژێر گوشاری ناوه‌نده ئه‌منییه‌كانن بۆ ئه‌وه‌ی هۆكاری مردنی ڕۆڵه‌كه‌یان خۆكوژی ڕابگه‌ینن.