لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بنەماڵەی یەکێک لە شایەتحاڵانی دادگای خەڵکی خەزەڵوەری بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنییە کردووە و گوشاریان خستوەتە سەر بنەماڵەی ئەو شایەتحاڵە کە دەبێ بەپێچەوانەی قسەی کوڕەکەیان لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی لێدوان بدەن و شایەتی کوڕەکەیان بەدڕۆ بخەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، “حەبیب مەردۆخی” و “بێهجەت مەردۆخی” دایک و باوکی “ئارام مەردۆخی” هەتا ئێستا چەندین جارە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراون و لەوێدا گوشاریان خراوەتە سەر کە دەبێت لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداری بکەن و تیایدا بەڕەوا بوونی دادگای خەڵکی خەزەڵوەڕ ڕەت بکەنەوە و شایەتیی کوڕەکەیان بە درۆ بخەنەوە. جێگای ئاماژەیە، “ئارام مەردۆخی” چالاکی سیاسیی خەڵکی سنە، لە ئێستادا دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانە کە وەکوو شایەتحاڵی ١٢٥ لەبارەی چۆنیەتی سەرکۆتی خۆپیشاندەرانی سنەیی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٩٨ی هەتاوی شایەتی داوە.