ڕۆژی هەینی ١٧ی مانگی بەفرانبار، “سوهەیلا حیجاب”، پارێزەر و بەندکراوی سیاسی خەڵکی کرماشان لە ناوەندی چاکساسی و پەروەردەی شاری سنەوە بۆ کرماشان گوازراوەتەوە و پاش یەک حەفتە ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی ئێستا براوەتە ناوەندی چاکساسی و پەروەردەی کرماشان و لەوێ ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە زیندانی “قەرچەکی” وەرامینەوە بۆ ناوەندی چاکساسی و پەروەردەی شاری سنە گوازرابوویەوە. جێگای ئاماژەیە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ١٣٩٩ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر “مەقیسە” بە چەندین تۆمەتی ساختەوە هەر وەک ”بڵاوکردنەوەی پڕووپاگەندە لە دژی نیزام“، ”ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نایاسایی“، ”تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“، ”دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران“ سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.