کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گلەیی و گازنده‌ی حەسەن رۆحانی لە خاو چوونه‌پێشی ڕه‌وتی ئیجرای بەرجام

ڕۆژی پێنجشەممە یەکی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ ی هەتاویی حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە حەفتاویەکەمین کۆبوونەوەی كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا سوخەنڕانی کرد. ڕۆحانی لە بەشێک لە سوخەنڕانییەکەیدا لەو کۆبونەوەیە، واشینگتۆنی بە ده‌ستی ده‌ستی و كه‌مكاریی لە ئیجرای ڕێككه‌وتنی هەستەیی تاوانبار کردو ئەوەی بە هەڵەیەکی ستراتێژیك ناوزه‌د كرد. وتیشی كه‌:” ئامریکا دەبێ بۆ قەرەبووکردنەوەی، هەنگاو بنێت.” ئەو لە درێژەدا سەبارەت بە ئیجرانەکرانی بەرجامیش هۆشداریی دا و وتی:” ویلایەتە یەکگرتووەکان دەزانێ كه‌ بەرجام به‌ڵگه‌یه‌كی قبووڵكراوی چەند لایەنەیە و سست و خاوبوون لە بەکردەوە دەرهاتنیشی، لادان و سه‌رپێچی كردنه‌ لە یاسا نێونەتەوەییه‌كان و هەر چەشنە بێ په‌یمانییه‌ك لەبارەیەوە، دەبێتە هۆی بێ ئیعتیباربوونی ئامریکا.”
لە قسەوباسه‌كه‌ی حەسەن ڕوحانیدا دەکرێ بە جوانیی هەست بەوە بکرێت کە، کۆشکی سپی لە ئیجرای” بەرنامەی جامیعی کرداری هاوبەش” یان هەمان بەرجامدا، بە پارێزەوە دەجووڵێتەوە. گلەیی و گازنده‌كانی حەسەن رۆحانیش لە ئامریکا، چەند و چۆنی مامه‌ڵه‌ و هەڵسوکەوتی واشینگتۆن لەگەڵ تاران لە کاتی دەستەبەربوونی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی وییەن بەملاوەی، ئاشکرا کرد. گله‌ییه‌كانی رۆحانی لە هەمانحاڵدا دەریشیخست کە سه‌ره‌ڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕێككه‌وتنی هەستەییدا، هێشتا چاوەڕوانییە نەنووسراوەکانی جێ سه‌رنجی ڕۆژئاوا، و لەسەرووشیانەوە ئامریکا لە هەیئەت حاکمەی ئێران، بەکردەوە دەرنەهاتوون. کۆماری ئیسلامیی نەیتوانیوە نە لە گۆڕەپانی نێوخۆیی و نە لە ڕەچاوکردنی سیاسەتی ناوچەیی و موناسباتی نێونەتەوەییدا لەگەڵ بەرژەوەندییە درێژماوەکانی ڕۆژئاوادا خۆی هاوئاهەنگ بكات. ئامریکا چاوەڕوانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕژیمی ئیسلامیی ئێران سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ بەرژەوەندیی درێژماوەی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوئاهەنگ بکات و دەست تێوەردانەکانی لە کاروباری عێراق، لوبنان، بەحره‌ین، یەمەن و سورییە، لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئیستراتێژی ئامریکادا بەرێتە پێشێ.813-1

هەرچەند لە زۆر ده‌مێك پێیشتره‌وه‌ دیاربوو کە ڕەوتی ئیجڕایی بوونه‌وه‌ی بەرجام بە خاویی دەچێتە پێشێ، بەڵام كارگێڕانی ئامادە نه‌بوون كه‌ ددانی پێدا بنێن. قسەکانی ڕووحانیی لە کۆبوونەوەی كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەموانی سەلماند کە، دەوڵەتی یازدەیەم و بە گشتیی تێكڕای ئیسلاحخوازان و ئێعتدالگەرا حکومەتییەکان لە ڕەوتی ئیجرای بەرجام ڕازیی نین. دەوڵەتی ڕووحانی هێشتا مه‌ودایه‌كی زۆری لەگەڵ هێنانه‌دی خه‌ونه‌كانی بۆ ئاسایی کردنەوەی موناسبات لەگەڵ ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا و ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی بیانیی و تێکنۆلۆژیی پێشکەتوو بۆ ئێران هەیە.

ڕووحانی و دەوڵەتەکەی هیوایەکی زۆریان بە سەرکەوتنی پڕۆژەی بەرجام، و به‌دواشیدا دەستپێکرانی بەرجامی دوو و سێ بەست، بەڵام ڕوتی ڕووداوه‌كان پێمان ده‌ڵێن کە بەرەوپێشچوونی ئەم پڕۆژانە وه‌ك دیاره،‌ هێنده‌ش هاسان نین. دژایەتییه‌كانی باڵی خامه‌نەیی و ئوسولگەرا توندڕەوەکان و سپای پاسداران لەگەڵ ئاسایی بوونه‌وه‌ی ئێجگاریی پێوەندیی لەگەڵ ئامریکا، بۆتە له‌مپه‌ری سەر ڕێی هەوڵەکانی دەوڵەتی ناسراو به‌ ” تەدبیر و ئومید”. لە ڕوانگەی ئەم باڵەوە، ئاسایی کردنه‌وه‌ی پێوەندیی لەگەڵ ڕۆژئاوا دەبێ بەشێوەیەک بێت کە زیان به‌ ناسنامەی ئیدئۆلۆژیکی و سیاسیی نیزامی کۆماری ئیسلامیی نەدات و نه‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كه‌ی.

بە هەموو بارێکدا لە داهاتوودا کێشەی هەركام لە باڵەکانی ڕژیم لە قۆناغی دوای بەرجامدا و کارشکێنی و سه‌رپێچییه‌كانی خامه‌نەیی و دارودەستەکەی لەگه‌ڵ پڕۆژەکانی ڕووحانی، لە ڕابردوو زیاتر ئاشکراتر دەبن. گومانیش له‌وه‌دا نییە کە دوای ڕێككه‌وتنی هەستەیی، سووك كردنه‌وه‌ی قورسایی تەحریمە ئابوورییەکان، باشتربوونی پێوەندیی ڕژیم لەگەڵ رۆژئاوا له‌چاو ڕابردوو، ئیمزا کرانی چەند قەراردادی ئابووریی لەگەڵ شیركه‌ت و کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان، بواری بۆ بڵاو کردنەوەی تۆوی تەوەهوم و خۆشباوه‌ڕیی له‌لایه‌ن ئیسلاح خوازان و ئیعتیدالگەرایانی حکومەتیی و هه‌روه‌ها ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژوایی لایەنگریان خۆش کرد. به‌ هه‌مووی ئه‌وانه‌شه‌وه‌ زوری نه‌برد کە مەحدودییەتەکان و بێتوانایی ڕووحانی بۆ بەکردەوە دەرهێنانی وەعدە و بەڵێنەکانی به‌ر له‌ هه‌ڵبژێردرانی بۆ هەمووان ڕوو و ئاشكرا بۆوە. دەوڵەتی ڕووحانی نەیتوانیوه‌ له ‌بواری گوڕانكاری له‌ بارودۆخی ئابووریی ئێستای ئێران، یان باشتروایه‌ بڵێین ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی، ڕه‌خساندنی هەلی کار و كۆنتڕۆڵ كردنی قه‌یرانی بێکاریی و کەمکردنەوەی هەژاریی و فەلاکەتی ئابووریدا سەرکەوتنێک بەدەست بێنێ. بەمجۆرە جێگه‌ی هیچ شك وگومانێک بۆ کرێکاران و جەماوەری هەژاری کۆمەڵگه‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ هیوایه‌كی كه‌میشیان به‌ گۆڕانكاریی یاخود ئاڵوگۆڕه‌كانی داهاتوو هه‌بێت.

كۆی ئەم ڕاستییانە ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه‌ درێژە و پەرەسەندنی خەباتی کرێکاریی و كه‌وتنه‌ڕێی ناڕەزایەتیی جەماوەریی بوونه‌ته‌ بابەتێکی چاره‌ هەڵنەگر. دەوڵەتی ڕووحانی له‌ڕێگه‌ی خێراترکردنی ڕه‌وتی ئیجرای بەرجام و پەیڕەوی کردن لە ئۆلگو و مۆدێلی نێئۆلیبڕاڵی و پەرەدان بە خسوسی سازییەکان، ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکیی، بەرهەمهێنان بۆ هەناردە کردن و ڕقابەت لە بازاڕە نێونەتەوەییه‌كان کە له‌ بنه‌ماوه‌ له‌سه‌ر حسابی هێزی کاری هەرزانی چینی کرێکار داڕێژراون، ناتوانن بوار بۆ گەشە و ڕه‌ونه‌قی ئابووریی خۆش بكه‌ن. وڵامی دەوڵەتی ڕووحانی و بوورژوازیی ئێران بۆ ئەم قەیرانە، توندکردنەوەی زنجیری چەوساندنەوەی کرێکاران، په‌ره‌پێدان به‌ هەژاری و درێژەدانە بە سەرکوت.

وڵامی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەم بارودۆخە پەرەدانە بە ناڕەزایەتیی کرێکاریی و جەماوەریی. هەڵخڕاندنی ناڕەزایەتیی کرێکاریی و پەرەدان بە بزووتنەوەی موتالباتیی کرێکاران لەدەوری داواکاریی هەنووکەیی، به‌شداریی چالاکانە لە خەباتی ئێستا و هەوڵدان بۆ لێك گرێدانی خەباتی پڕژوبڵاویان، یەکێک لە گرنگترین ئەولەوییەتەکانی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکارییە. لە سۆنگه‌ی پەرەدان بەم خەباتە و هەوڵدان بۆ لێك گرێدان و سەرتاسەریکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و یەکێتیی و هاوپشتیی لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و توێژی ژێر ستەمی کۆمەڵگه‌وه‌یە کە دەکرێ، کاریگەری لەسەر فەزای سیاسی کۆمەڵگا دانبرێت، پاشەکشە به‌ ئیختیناقی زاڵ بەسەر کۆمەڵگه‌ بکرێت، بوار بۆ تەشەکولیابی و به‌ڕێكخراوبوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازارچه‌شتوو هه‌موار بکرێت. خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی و بەرپا کردنی کۆمەڵگه‌یەکی پڕ لە ڕیفاە و بەدوور لە ستەم و زۆرداریی، بەم مەسیرەدا دەڕوات.

بابەتی پەیوەندیدار

نابێت ئیزن بدرێت ڕژیم، قەیرانە ئابوورییەکەی بە دزینی نان لەسەر سفرەی خەڵک چارەسەر بکات.

komalah

یەک لەسەر چواری دانیشتووانی ئێران، دۆسییەی قەزاییان هەيە.

komalah

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah