کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کەمتەرخەمی لە ئاست دابینکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار، تاوانێکی جینایەتکارانەی خاوەنکارە

construction project

لە ڕۆژەکانی ٢٤ و ٢٥ی ڕێبەندان، لانیکەم شەش کرێکار بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستدا و ١٥ کرێکاریش بریندار بوون. دوو کرێکاری کارگەی ڕستن و چنینی کەویری سمنان بە هۆی گازگرتوویی لە یەکەی پاڵاوتن، گیانیان لەدەست دا. هەروەها یەکێک لەو کارمەندانەی بەشی ئاگرکوژێنەوە کە بەمەبەستی ڕزگارکردنی کرێکارەکان چووبووە کارگاکە، بریندار بوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. لە هەمەدانیش، سیمبانێکی سەر بە ئیدارەی بەرق بەهۆی بەرقگرتوویی و کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە گیانی لەدەست دا. لە فازی ١٤ی عەسەلوویە، تەکنیکارێک بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ بەرقی شەش هەزار ڤۆڵتی، گیانی لەدەستدا.

ئاگرکەوتنەوە لە کارگەی پیشەسازی ئاسنیکوشا نەوینی پارسلە شارۆچکەی پیشەسازی مامونیەی ساوەش، بووە هۆی برینداربوونی هەشت کرێکار. لە پارێزگای سمنان، دوو کرێکاری کارگەی ئارمان سەنعەتی پویشی کیمیا گەرمسار، بەهۆی تەقینەوەی تانکەرێکی شیمیاییەوە گیانیان لەدەستدا و لانیکەم سێ کرێکاری دیکەش بریندار بوون. لە مەشهەد سێ کرێکاری بیناسازی کە سەرقاڵی ڕووخاندنی دیواری بینایەکی کۆن بوون، بە هۆی داڕمانی دیوارەکەوە کەوتنە ژێر داروپەردووە، کە دواتر هەر سێ کرێکارەکە لەلایەن کارمەندانی فریاکەوتنەوە لە ژێر داروپەردوو دەرهێنران و گواستراونەوە بۆ نەخۆشخانە.

بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن ناوەندە ئامارییەکانی ڕژیمەوە ڕاگەیاندراوە، ساڵانە بە تێکڕا ٢ هەزار کرێکار لە ئەنجامی ڕووداوەکانی شوێنی کار گیانیان لەدەست دەدەن و چەند هێندەی ئەم ژمارەیەش بریندار دەبن و چیتر توانایی کارکردنیان نامێنێت. ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە، ١٠٧٧ کرێکار بووە، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ١٤٠١، نزیکەی ١٦% زیادی کردووە. گرنگی ڕووداوەکانی کار لە ڕوانگەی زیانە کۆمەڵایەتییەکانەوە دوو هێندەیە. هەر کرێکارێک کە گیانی خۆی لەدەستدەدات، شیرازەی بنەماڵەیەک لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە. لە بنەماڵەیەکدا ئەگەر کرێکارێکی نافەرمی گیان لەدەستبدات، باقی ئەندامی ئەو بنەماڵەیە ناتوانن خانەنشینی وەربگرن و سەرچاوەی بژێوی بنەماڵەکە لەدەست دەچێت. لە زۆر حاڵەتدا، ئیدارەی کار و هەروەها دەزگای قەزایی ڕژیمی دژە کرێکاریی کۆماری ئیسلامی، چاوپۆشییان لە خاوەنکارەکان کردووە لە ئاست کەمتەرخەمی و دابین نەکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار بە ئامانجی دەربازبوون لە پێدانی قەرەبوو بە بنەماڵەی قوربانیانی شوێنی نائەمنی کار و لە بەرامبەردا کرێکارە بریندارەکانیان وەک تاوانبار لەقەڵەم داوە. خاوەنکاران بەهۆی چاوچنۆکی و قازانج پەرستی خۆیانەوە، نە دەیانەوێت گرنگی بە باشترکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار بدەن و نە نیگەرانی ئەوەشن کە کرێکاران بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی کاری نائەمنەوە گیانیان لەدەست بدەن. ئەوان تەنانەت نیگەرانی ئەوەش نین کە کرێکاران لە ترسی گیانی خۆیان، کارەکانیان بەجێبهێڵن. چونکە دەزانن هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن بە جێگەی ئەوان کرێکاری دیکە لە نێو لەشکری ملیۆنی کرێکارانی بێکاردا، دابمەزرێنن و هەر لەو شوێنە نائەمن و ناستانداردەی کاردا، هەرجۆرە کارێکی سەخت و تاقەت پروکێنیان بەسەردا بسەپێنن.

سەرمایەداران جگە لە کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان بیر لە هیچ شتێکی تر ناکەنەوە. ئەوان نایانەوێت هەزینەی دابینکردنی ئەمنییەت شوێنی کار بدەن. ئەگەر ترسی خەباتی کرێکاریی بەسەر سەریانەوە نەبێت، تەنانەت لەبیریان دەچێتەوە کە کرێکاریش مرۆڤە، نەک ئامرازێک بەدەستی ئەوانەوە بۆ بەدەستهێنانی قازانج. گیانلەدەستدانی کرێکار لە شوێنی کار و یان برینداربوونی، چ بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی سڵامەتی بێت یان بەهۆی ماندوێتی و سەعاتکاری زۆر و درێژماوە، چ بەهۆی سەختی کارەکەوە بێت یان بەهۆی نەبوونی ڕاهێنانی ئەمنی، کە پێویستە لە خولی جۆراوجۆردا بە کرێکاران بدرێت، هەمووی ئەمانە دەکەونە خانەی تاوانکارییەوە. بەهۆی هەر ڕووداوێکی کە سەرچاوەگرتوو لەم هۆکارانەوە بێت، پێویستە خاوەنکار بهێنرێتە سەر مێزی لێپرسینەوە و دادگایی بکرێت.برینداربوونی کرێکار تا ئەو کاتەی لە دادگایەکی عادڵانە و بە حزووری لێژنەیەکی سوێندخواردووی پێکهاتوو لە خودی کرێکاران پێچەوانەکەی نەسەلمێندرابێت، خاوەنکار بە تاوانباری سەرەکی دادەنرێت. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا کە ڕەنگە ئەم هۆکارانەش کاریگەر نەبووبێتن، کرێکاری بریندار و بنەماڵەکەی لەهەرحاڵدا دەبێت بە تەواویی بیمە بیانگرێتەوە.

تا ئەو کاتەی کە شەپۆلی شۆڕشی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداریی لەگۆڕ نەنابێت، کرێکاران خۆیان دەبێت لە فکری خۆیاندابن و بەپشت بەستن بە خەباتی یەکگرتووانەی خۆیان خاوەنکار و دەوڵەت ناچار بکەن ئاسایشی شوێنی کارەکانیان بۆ دابین بکەن. پێویستە گیان لەدەستدانی کرێکاران لە شوێنی نائەمنی کار، وەک کوشتنی بە ئەنقەست هەژمار بکرێت. ڕووداوەکانی شوێنی کار، چ بە هۆی ماندوێتی کرێکارانەوە بێت یان لە ئەنجامی نەبوونی ستانداردەکانی سڵامەتی، دەبێت بخرێنە ئەستۆی خاوەنکارەکان. دابینکردنی سڵامەتی شوێنی کاریش وەک هەر داواکارییەکی تر تەنها بە زەبری خەبات و هاوپشتی چینایەتی کرێکاران، بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتە پشتیوانەکانیاندا دەسەپێندرێت.