باروودۆخی دڵتەزێنی تەندرووستی و دەرمان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی لە کەس شاراوە نییە. بەڵام لەو نێوەدا کەمبوونی پەرستار و پزیشک و کادری دەرمانی زیاتر لە کەموکوڕییەکانیتر، گیانی نەخۆشەکانی خستووەتە مەترسییەوە. بە پێی ڕاپۆرتی ئیلنا “ئەگەرچی وەزارەتی تەندرووستی ساڵی ڕابردوو و پاش پەتەتای کۆرۆنا، بە پەیگیریی ڕێکخراوی نیزامی پەرستاری، جەوازی دامەزراندنی نزیکەی ٥٢ هەزار پەرستاری دەرکرد، بەڵام بە پێی ئامارەکان هەتا ئێستا نزیک بە ١٣ هەزار پەرستار بەشێوەی قەتعی دامەزراون”. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی کاروباری پزیشکی و دەرمانی گەلێک جار ڕایانگەیاندووە کە لانیکەم پێویستیان بە ١٠٠ هەزار پەرستاری نوێیە تا لەم بوارەدا لە لانیکەمە جیهانییەکان نزیک ببنەوە.
دانەمەزراندنی پەرستاران لە باروودۆخێکدایە کە گوشاری کار لەسەر پەرستاران گەیشتووەتە ئاستێکی تاقەت پڕووکێن. بۆ نموونە دوو پەرستار لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە تاران خۆیان کوشت. لە مانگی خەرمانانیشدا سەرۆکی ئەنجومەنی دەروونناسیی پەروەردەیی ڕایگەیاند کە ٥٦ لەسەدی پەرستارانی مەلایری بیر لە خۆکوژی دەکەنەوە. هەروەها زستانی ساڵی ڕابردوو، دوو پەرستاری نەخۆشخانەکانی تاران و ڕەشت بە بێ هیچ جۆرە پیشینەیەکی نەخۆشی، بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لە کاتی کاردا گیانیان لەدەست دا.
خەڵکی ئێران بەتایبەت جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، خەڵکی ناوچە دووردەستەکان و دانیشتووانی شارە چکۆلەکان و گوندەکان، کەسانێک کە نەخۆشیی تایبەت و مەترسیداریان هەیە، بۆ دەستڕاگەیشتیان بە دەرمان و دکتور، بە نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی پێویست، لەگەڵ کێشەی گەورە بەرەوڕوون. گرانی و کەمبوونی دەرمان، ئەو دەرمانانەی مۆڵەتیان بەسەر چووە و بەرچەسبی نوێیان لێدەدەن، هەزینەی باڵای ویزیتی دکتور و نەخۆشخانە و نەشتەرگەری، چەند نموونەیەک لەم کێشانەن.
نەخۆشانی تایبەت و کەسانێک کە پێویستیان بە چاوەدێریی تایبەت هەیە باروودۆخیان یەکجار خراپترە، بۆ نموونە یونس عەرەب، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی تالاسمیی ئێران ڕایگەیاندووە کە نەبوونی دەوا و دەرمانی گونجاو بۆ ئەم نەخۆشانە بووەتە هۆی ئەوەیکە مامناوەندی تەمەنی نەخۆشەکان بگاتە ٣٠ ساڵ. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە لە وڵاتی دیکە مامناوەندی تەمەنی نەخۆشانی تالاسمی وەک باقیی کەسانی دیکەی ناو کۆمەڵگایە. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا کێشەی کەمبوونی “ئەنسۆلین” بۆ چەندومین جار هاتە ئاراوە و دابین کردنی دەرمانی نەخۆشانی “ئێم ئێس”یش گەیتشتووەتە وەزعییەتی هۆشدار.
بێکاری و گرانی و ستەمی ئایینی و سەرکوت و گوشاری ڕۆژانە بەشێکی بەرچاو لە جەماوەری تووشی نیگەرانی و تووڕەیی و ململانێی زمانی و جەستەیی و هتد کردووە. ڕێک لە وەها باروودۆخێکدا ژمارەی دەروونناسان لەچاو زۆرێک لە وڵاتانی دیکە کەمترە و بۆ هەر ١٨ هەزار و ٥٠٠ بنەماڵە لە ئێران تەنیا یەک دەروونناس و ڕاوێژکاری بنەماڵە بوونی هەیە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە مامناوەندە جیهانییەکەی، یەک دەروونناس بۆ هەر دوو هەزار و ٥٠٠ بنەماڵەیە.
لە باروودۆخێکدا کە بەهۆی پەرەسەندنی هەژاری لەناو توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵ، چوونەسەرەوەی بەدخۆراکی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان و ئاستی مەرگی پێشوەخت، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. کەموکوڕیی پزیشکی و دەرمانی و چوونەسەرەوەی قیمەتی دەرمان، خێرایی ئەم پرۆسەیەی زیاتر و زیاتر کردووە. هەزینەی لەسەرێی خزمەتگوزاریی پزیشکی، گرانیی لەڕادەبەدەری دەرمان، لەپەنا گرانیی سەرسووڕهێنەری باقیی پێداویستییەکانی ژیان، تەندرووستی و سڵامەتی گشتیی کۆمەڵی گەیاندووەتە خوارترین ئاستی خۆی و بەستێنی چوونەسەرەوەی تەڵەفاتی ئینسانی و کەمبوونەوەی تەمەنی خۆڵقاندووە. بە پێی ڕاپۆرتە ڕەسمییەکانی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی، ئاستی سڵامەت و تەندرووستی لە ئێران لە باروودۆخێکی یەکجار نالەبار دایە و بەپێی بەراوردی ئەم ڕێکخراوە، پلەی سڵامەتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەناو ١٩٢ وڵاتدا، ١٢٣یە.
دابین كرانی تهندرووستی و دهرمانی بێ بهرامبهر، مافی بێ ئهملا و ئهولای ههموو هاووڵاتیهكه. هیچ كهس نابێت بهخاتری دهستڕانهگهیشتنی به خزمهتگوزاریی پزیشكی و دهرمانی، ژان و ئازار بچێژێت. دابین كردنی تهندرووستی و دهرمانی بێبهرامبهر بۆ گشت تاكهكانی ناو كۆمهڵ، بەردەوام یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانی کرێکارانی ئێران بووە. نابێ هیچ مرۆڤێك، له خزمهتگوزاریی پزیشكی و دهرمانی بێبهری بكرێت و بههۆیهوه ئازار بچێژێت و بمرێت. مرۆڤی ئهم سهرهدهمه شیاوی ئهوهیه كه له گشت سیستمی خزمهتگوزاریی تهندرووستی و دهرمانیی بێبهرامبهر، بههرهمهند بێت.
کرێکارانی زۆرێک لە وڵاتان لە ئاکامی ساڵەها خەباتدا توانییان تا ڕادەیەک خزمەتگوازریی تەندرووستی و دەرمانی بەسەر بورژوازیی وڵاتەکەیاندا بسەپێنن و دەوڵەتەکانیان ئەرکداری دابین کردنی تەندرووستی و دەرمانی هاووڵاتییان کردووە. ئەگەر کرێکارانی بەشێکی بەرین لە جیهان توانیویانە بە خەباتی خۆیان بورژوازیی دەسەڵاتدار ناچار بکەن تا خۆی لە بەرامبەر دابین کردنی تەندرووستی و سڵامەتی کۆمەڵ بە بەرپرس بزانێت، کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانیش دەتوانن بە پشت بەستن بە یەکگرتوویی و خەباتی ڕێکخراوی خۆیان، خواستی تەندرووستی و دەرمانی بێبەرامبەر بەسەر ئەم ڕژیمەدا بسەپێنن تا بەشێک لە حەقدەستە نەدراوەکانی کرێکاران و سەروەتی تاڵانکراوی خەڵک لە ڕێگەی خزمەتگوزاریی دەرمانی و تەندرووستیی بداتەوە.
کۆماری ئیسلامی کە گیانی ئینسانەکان بەلایەوە هیچ بایەخێکی نییە و لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتی زاڵمانەی، ئینسانەکان لە سەرەتاییترین پێداویستیی ژیان لەوانە دابین کردنی تەندرووستی و سڵامەتی بێبەری دەکات، هیچ بۆی گرینگ نییە کە ویرووسی کۆرۆنا بەردەوام خەڵکی ئەم وڵاتە قەتڵوعام دەکات.
نیزامێک کە لە ڕێگەی دەزگای نیزامی و ئەمییەکەیەوە هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵی داگیر کردووە و بەشێکی بەرین لە بەرهەمی ڕەنج و کاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم وڵاتە دەخاتە گیرفانی ژمارەیەک نیزامیی سەرمایەدار و جەنایەتکار و ئەوباشی سەرکوتگەر و بەشێکی دیکەشی دەکاتە خەرجی تەیارکردنی دەزگای سەرکوت و ناوەندەکانی پەرەپێدانی جەهل و خورافە، چۆن دەتوانێ پێبەندی دابین کردنی سڵامەت و تەندرووستیی جەماوەر بێت.
هیچ کەس نابێت بەخاتری نەبوونی دەرمان و خزمەتگوازریی پزیشکی ژان و ئازار بچێژێت. دابین کردنی سڵامەت و تەندرووستی و خزمەتگوازریی دەرمانی، مافی ڕەوای هەموو هاووڵاتییانی ئەم وڵاتەیە. پێویستە لەپێناو دابین کردنی ئەم مافە ڕەوایە دەست بدەینە خەبات و تێکۆشان. بێگومان بە خەباتی ڕێکخراو دەکرێ ئەم مافە و زۆرێک لە مافە ڕەواکانیتر وەدی بێنین.