کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کەمئەندام، مرۆڤی خاوەن پێداویستیی تایبەت

لە هەر کۆمەڵێکدا بەشێک لە خەڵک بە هۆکاری جۆراۆجۆر و لەوانە بە ڕووداوی هاتووچۆ، شەڕ، نەخۆشی و یان بەشێوەی زگماکی بەشێک لە جەستە یان مێشکیان کارکردی ئاسایی خۆی بەتەواوی ئەنجام نادات. ئەم مرۆڤانە خاوەن پێداویستیی تایبەتن و  کۆمەڵ و سیستمی دەسەڵات پێویستە ئەم پێداویستییانەیان بۆ دابین و زەمانەت بکات.

لە هێندێک لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵک  و کەم ئەندامان، گەشەی تێکنۆلۆژی، جێکەوتنی بایەخ و کلتووری پێشکەوتوو، بووەتە هۆی ئەوەیکە دەرفەتی گونجاوی فێربوون و دەرمان بخرێتە ئیختیار کەمئەندامانەوە و کەسانی خاوەن پێداوپستیی تایبەت بتوانن لە ژیان و تواناکانی خۆیان بەهرەمەند بن.

لە کۆمەڵی دیکتاتۆرلێدراو و لە حاڵی گەشەدا، واتە لەو وڵاتانەی کە دەرفەت بۆ پشکوتنی تواناکان ناخوڵقێت و کلتوور، سوننەت و مەزهەب، نابەرابەرییەکان و هەڵاواردن پاساو و پیرۆز دەکرێن، زۆربەی خەڵک لەوانە مرۆڤە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ناتوانن توانای جەستەیی و فکریی خۆیان بەتەواوی بەکار بێنن.

چۆنیەتیی هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ کەمئەندامان، پێوەری هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتەکانی جیهانە. لە ئاڵمانی هیتلێری و لە نیزامە فاشیستیەکاندا ئەم بەشە لە خەڵک کە پێداویستیی تایبەتیان هەبوو لەگەڵ حاشالێکردن، سەرکوت و تەنانەت مەرگ بەرەوڕوو دەبوونەوە. مەزهەب بەخاتری ئەوەیکە دەلیلی لۆژیک و زانستیی بۆ ئەم بەشە لە خەڵک نییە، ئەم بەربەستانە و کەم توانایی جەستەیی و فیکری بە مەشیەت و خواستی ئیلاهی لەقەڵەم دەدات و لە هێندێک ڕەوایەتی توندڕەوانەدا بە پاداشتی کاری نەکراوەی ئەم ئینسانانەی دەزانێت.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا هەرگیز ئامارێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە ژمارەی کەمئەندامان بڵاونەکراوەتەوە. ئاماری ڕەسمی، ژمارەی کەمئەندامانی ژێر پۆششی سازمانی تەئمینی ئیجتماعییە کە حدوودی یەک دەهۆمی ئاماری واقعییە. ئامارەکانی ڕێکخراوە غەیرە دەوڵەتییەکان و ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی نیشانی دەدەن کە ١١ تا ١٢ لەسەدی جەمعییەتی ئێران لە کەمئەندامان پێکهاتوون و لەو نێوەدا ٤ تا ٥ ملیۆن کەس تووشی کەمئەندامیی سەخت و یان یەکجار سەخت هاتوون و هەموو ساڵێ پتر لە ٦٠ هەزار کەس بە ژمارەی کەمئەندامان زیاد دەبێت.

لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ و کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، لەژێرناوی “منیش بەقەد ئێوە ئینسانم” هاتووە کە: “زۆرێک لە کەمئەندامانی ئێرانی لە ماڵەکانی خۆیاندا بەند کراون و توانای ژیانی سەربەخۆ و بەشداریکردن لە کۆمەڵ هاوڕێ لەگەڵ باقیی هاووڵاتییانیان نییە”.

بێتوانایی و کەم توانایی لە هێندێک لە چالاکیی جەستەیی و زەینی بە مانای بێ توانیی و کەم توانایی کامڵ و یەکجاری نییە و لەوانەیە بەشێک یان چەند بەش لە جەستە و یان مێشکی مرۆڤێک کارکردی کامڵ و پێویستی نەبێت، بەڵام بەشەکانی دیکەی کارکرد و توانایی سەرتر لە ئاستی ئاسایی و نۆرماڵیان هەبێت.

کەمئەندامی دەتوانێت چەندین حاڵەتی جۆراوجۆر لەخۆبگرێت کە بەشێکیان بە ئاسانی بەدی ناکرێن. نابینایان، ئەو کەسانەی کە ئیفلیجی ماسوولکەیان هەیە و یان بەشێک لە جەستەیان لەوانە دەست، قاچ، چاو و گوێیان لەکار کەوتووە بە ئاسانی لە لایەن کەسانیترەوە شناسایی دەکرێن بەڵام سەبارەت بە نەخۆشییە دەمارییەکانی وەک خەمۆکی، سەرع، ئالزایمێر و فەرامۆشیی جیددی، نوقسانی زەینی و هتد، شناساییان دژوارترە.

هێندێک جار بێتوانایی و نەخۆشییە زەینی و دەروونییەکان لەگەڵ حاشالێکردن، شاردنەوە، شەرمەندەیی ئەندامانی بنەماڵە و یان لە هێندێک حاڵەتدا لەگەڵ نامرۆڤانەترین شێوەی هەڵسووکەوت لە زیندانی کردنەوە بگرە تا پشت گوێ خستنی خواستەکان و بەڕەسمیەت نەناسینی مافی ئینسانیی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بەرەوڕوو دەبنەوە.

بۆ زۆر کەس ئاساییە کە سەردانی دکتور، پزیشکی چاو، پزیشکی  ددان و ناوەندە تەندرووستی و دەرمانییەکان بکەن، بەڵام چوون بۆ لای پزیشکی دەروونناس، پسپۆڕانی فێرکاری بۆ کەسانێک کە توانایی زەینیی سنووردارتریان هەیە  و خاوەن پێداویستیی تایبەتن، هێستاش تابو و نهێنیکاریی تاکەکەسی و بنەماڵەییە.

دەسەڵات، کۆمەڵ و بنەماڵە سێ بنەما و پایەی سەرەکی تاوتوێکردن و هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەو بەشە لە خەڵکن کە خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەیە. دەسەڵات بەرپرسی سەرەکیی دابین کردنی پێداویستییە تایبەتەکان بەو بەشە لە کۆمەڵە کە پێویسیان بە چاوەدێریی زیاتر و پسپۆڕانەتر هەیە و پێویستە دابین کردنی کار، فێزکاری، دەرمان، بیمەی  کامڵی ترانسپۆرت و مەسکەنی کەمئەندامان لە ئەولەوییەتی دابێت. کۆمەڵێک کە تێیدا مافی ئینسان بە ڕەسمی ناسرابێت و مافی سەرەتایی ئینسانەکانی تێیدا دابین و زەمانەت کرابێت، لەگەڵ کەمئەندامانیش هەر وەک باقیی هاووڵاتییان هەڵسووکەوت دەکرێت و لە بەرامبەر هەر هەڵاواردن و سووکایەتییەکدا کاردانەوەی جیددی و گونجاو لەخۆی نیشان دەدات. بنەماڵەش یەکێک لە بنەما گرینگەکانی بەڕەسمی ناسینی کەمئەندامان و یان پێشێلکردن و حاشالێکردن لە زەروورەتی ئەم  پێداویستییە تایبەتانەیە.

کەمئەندامان پێویستە بتوانن ڕێکخراوی تایبەت بەخۆیانیان هەبێت، میدیا و ناوەندی تایبەت بە خۆیان پێکبێنن، مافی ناڕەزایەتی و میدیایی کردنەوەی خواستەکانیان هەبێت و خوازیاری مافی بەرابەر لەگەڵ باقیی هاووڵاتییانی کۆمەڵ بن.

کوردستان یەکێک لەو شوێنانەی ئێرانە کە تێیدا کەمئەندامان تەنانەت لە لانیکەمەکانی ناو کۆمەڵی ئێرانیش بێبەرین. هەژاری و بێکاری، نەبوونی خزمەتگوزاریی دەوڵەتی بۆ کەمئەندامان، چل ساڵ داگیرکاریی نیزامی و تەقینەوەی مین و تەقەکردن بەرەو کۆڵبەران و هیتر، بەشێک لە خەڵکی تووشی کێشەی دەروونی و جەستەیی کردووە. ڕژیمی ئیسلامی نە لە کوردستان و نە لە سەرتاسەری ئێران حازر بە قەبووڵکردنی بەرپرسایەتیی کەمئەندامانی کۆمەڵ نییە. بە کەسرێکی چکۆلە لەو هەزینە بەرینانەی کە دەکرێتە خەرجی میلیتاریزم، سەرکوتی جەماوەر، تیرۆریسم و دەخاڵەتی کۆنەپەرستانە لە دەرەوەی سنوورەکان، دەکرێ ژیانێکی ئینسانی بۆ کەمئەندامان دابین بکرێت، بابەتێک کە پێویستە لە ئەولەوییتەکانی دەوڵەتی پاش ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕەوتی لێک هەڵوەشانی حکومەت و سەرلێشێواوی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی 

-

کۆماری ئیسلامی بە ئاڕاستەیەکی بێ گەڕانەوەدا

-

  بەیانیەی حیزبی کومونیستی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە ١٦ سەرماوەز رۆژی دانشجو

-

ماتەمی کۆماری ئیسلامی و شادمانی خەڵک لە پەڕاوێزی دەرچوونی تیمی کۆماری ئیسلامی لە کێبەرکێکانی جامی جیهانی

-

   سەرکەوتنی شۆڕش لە گرەوی هەتنە مەیدانی کرێکاران، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی دایە

-

    ئیبتیکاری عەمەل لەسەر شەقام و لە سۆشیال مێدیا بەدەست خەڵکەوەیە 

-