کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کێشەی نێو بنەماڵەیی ڕژیم نابێته‌ پشتیوانەیەک بۆ دابین بوونی داواکاریەکانی خەڵک

بەشوێن بەرەو روو بوونەوەی بە ئاشکرای رۆحانی و خامنەیی لە پەیامە نەورۆزیەکانیاندا، دەزگا تەبلیغاتیەکانی سەر بە سپا و وەلایەتی فەقیە، هێرشێکی توندیان لەدژی دەوڵەتی رۆحانی دەست پێکردوە. ئەوان دەڵێن دەوڵەت داواکاریەکانی ڕێبەری پشتگوێ دەخات و چارەسەر بوونی گرفتەکانی وڵات لە گرەوی دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ رۆژئاوادا دەبینێ.پاسدار مەسعود جەزایری وتەبێژی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکان دەڵێ:” تەحریمەکان بابه‌تێكی لاده‌رانه‌ و بە دوور لە ڕاستیە و بۆ کاریگەری دانان لەسەر بیروڕای گشتی و ترساندی خه‌ڵك به‌كار ده‌برێت.” ئەو لەدرێژەدا ئەڵێ:” غافڵ بوون لە دوژمنانی ئاشکرای میڵلەت بە تایبەت ئامریکا، وادەکات نەوەی داهاتو قه‌زاوه‌تێكی دژوارمان له‌سه‌ر بكات.” ئەو لەدرێژەدا روونی دەکاتەوە: لە چاوەروانمان له‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌یه‌ بە وەعدە و بەڵێنەی بێ پشتیوانە و فریوکارانەکانی بەرەی دوژمنانی سوێند خواردوی ئیسلام و شۆڕش بێ ئیعتنا بن. لەم پێوەندەدا گرووپی “ئەنسار اللە” بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک داوای لە دەوڵەت کرد بە ” لێكدانه‌وه‌ی نادروست، لەوە زیار لە هەوڵی پەڕاوێز خستن و ئاوێتە کردنی ئابووری مقاومەتی و ئابووری لیبڕاڵی سەرمایەداری جیهانیدا نەبێت.” ئەم گوروپە لە ڕاگەیاندنەکەیدا کە بەم بۆنەیەوە بڵاوی کردوەتەوە، هۆشداری ئەداتە دەوڵەتی رۆحانی لادان له‌ به‌ڕێوه‌به‌ردنی تەرحی ئابووری مقاوەمەتی قەبوڵ ناکات.677

قسەکانی جەزایری لە ڕاستیدا یەکەم کاردانەوەی سپا به‌رانبه‌ر به‌ وته‌كانی رۆحانی دوای هەڵبژاردنی ئەم دواییەی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و خوبرەگانی ڕێبەریە. ئەم قسانە لە حاڵیکدایە کە دەوڵەتی رۆحانی بە ڕواڵەت پێگەیەکی قایم تری لەم دوو مەجلیسەدا بەدەست هێناوە. بەڵام له‌راستی دا، ئه‌مڕۆ ئیتر هاوسەنگی هێزی نێوان باڵەکان لە کۆماری ئیسلامیدا نەک لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدان و زۆرینەی پاڕلمانیەوە بەڵکو لە دەرەوەی ئەم ناوەندانەدا دیاری دەکرێت. ئەوە سپای پاسدارانە کە بە پشت بەستن بە هێزی نیزامی، تەشکیلاتێکی پان و بەرین و ڕیکخراو، دەست بەسەرا گرتنی ئەهرومە سەرەکیەکانی ئابووری ئێران، لە دیاریکردنی سیاسەتە گشتی یه‌كانی ڕژیمدا قسەی کۆتایی دەکات. ئەگەر قەبوڵ کردنی مەرجەکانی ئامریکا لە وتوێژەکانی سەبارەت بە پرۆژەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی لە لایەن سپاوە تەئید نەکرابایە، هه‌رگیز وەها تەوافوقێک بەدەست نەدەهات. ئامانجی هۆشداریەکانی ئەمرۆی سپا بە دەوڵەتی رۆحانیش ئەوەیە کە پێی بڵێن، مەبادا پێی وابێت کە ئەگەر ئیجازەی دراوە هەنگاوی یەکەم هەڵێنێتەوە، دەتوانێ هەنگاوەکانی دواتر سەربەخۆ لە سپا هه‌ڵبگرێت.
بەڵام تەرح و نەخشەکانی هەردوو لایەنی ئەم کێشەیە لە پێوەند لەگەڵ ڕزگار کردنی ئابووری ئێران لە قەیران بێ مایە و پوچن. لە لایەکەوە قەدەر قودرەتی سپای پاسداران بی سنور نییە. ئەگەر کارایی شمشێری سپا بەسەر سەری کەسانی وەک رۆحانی و کابینەکەیەوە بێ سنورە و هەر بەڵایەک بیەوێ بەسەریاندا دێنێ، سەبارەت بە مەترسیەک کە لە لایەن خەباتی کرێکاران و خەڵکی هەژار و بێبەشی ئەم کۆمەڵگایەوە لەسەر ڕژیم بوونی هەیە، کارەکە بەم هاسانیە نییە. ڕێبەری سپای پاسداران بە تەجروبە بۆی دەرکەوتوە کە زۆر و سەرکوت بە تەنیایی بۆ کۆنترۆڵ کردنی خەباتی خەڵک کافی نییە. ئەوان دەزانن کە بە دروشمی ” ئابووری مقاومەتی” ناتوانن خەڵک لە بەدواداچونی ویست و داواکاریەکانیان، واتە لە چوون بەدوای ئەو شتانەی کە مان و ژیانیانی لەسەر بەندە، سارد بکەنەوە. لەم ڕوەوە نە لە بەرانبەر مەجلیس و سندوقەکانی دەنگداندا بەڵکو لە بەرانبەر ئەو ڕاستیە سەرسەختە ئابووریەی کە بوونیانی پێوە گرێدرواوە، ناچارن مانۆڕ بدەن و لە بوونی میانە ڕەو و ئیسلاح خوازە حکومەتیەکان و لایەنگرانی رۆژئاوا و هێتریش بۆ درێژەدان بە حاکمیەتەکەیان کەڵک وەربگرن. ئەمە خاڵی هاوبەشی هەردو باڵەکەیە و سپا هەوڵ ئەدات مودیریەتی بکات.
لە لایەکی دیکەوە ده‌رگای باغێکی سەوز کە رۆحانی بە سیاسەتەکانی بەرجامی یەک و بەرجامەکانی دواتر نیشانی خەڵکی ئەدات، بێجگە لە تراویلکە هیچی تر نییە. سەرمایە گوزارانی دەرەکی و دەوڵەتەکانیان تا کاتێک دڵنیا نەبن کە سەرمایەکانیان لە ئێران گیرۆدەی داوی سپای پاسداران نابێت، تا کاتێک دڵنیا نەبن لە تواناییەکانی ڕژیم بۆ کۆنترۆڵ کردنی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک، تا کاتێک لە گۆڕانی قانون و زەوابتی دەست و پاگیری ئیسلامی دڵنیا نەبنەوە، تا کاتێک باشتر بوونی ژێرخانی ئابووری ئێران نەبینن، ڕیسک ناکەن و فریوی وەعدەکانی رۆحانی ناخۆن. دەوڵەتانی رۆژئاواییش تا کاتێک دڵنیا نەبن کە بەهرەی ئابووری سەرمایە گوزاریەکان نابێتە هۆی بەهێز تر بوونی دەخاڵەتەکانی سپا لە ناوچە قەیراناویەکانی مەنتقەدا، سەرمایەداران بۆ سەرمایە گوزاری لە ئێران هان نادەن. جگه‌ له‌ مانه‌ تا ئه‌و جیگایه‌ی كه‌ بۆ به‌رژه‌وندی چینی كرێكار و زۆربه‌ی خه‌ڵكی بێبه‌ش هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌گه‌ریش وای دابنێین كه‌ هه‌موو گیرو گرفته‌كانی سه‌ر رێگه‌ی سه‌رمایه‌ گوزاری ده‌ره‌كی لاده‌چن، به‌شی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ له‌م سفره‌ ره‌نگینه‌ی كه‌ بۆ سه‌رمایه‌ گوزاران راخراوه‌ شتێكی زیاتر تێدا نییه‌ كه‌ بۆ خه‌ڵكی وڵاتانی جیهانی سێهه‌م، بۆیه‌تی، ئه‌و وڵاتانی بۆ نمونه‌ وه‌كوو میسر و بنگلادیش كه‌ ئه‌و گیروگرفتانه‌شیان لێ یه‌. لەم ڕوەوە لە سیمای ئیستراتیژی رۆحانی و کابینەکەشیدا ڕێگا چارەیەک بەدی ناکرێت.
ئەزمونی ٣٧ ساڵەی حاکـمیەتی ڕژیمی ئیسلامی بە خەڵکی نیشان داوە کە باڵە جۆراو جۆرەکان ئامانجیان نە تەنیا شەڕی دەسەڵات لە حەوزەی بەرژەوەندی شەخسیدا، بەڵکو گرینگتر لەوە ڕزگار کردنی ڕژیمی ئیسلامیە لەو قەیرانە قوڵانەی کە داوینگیریەتی. هەرکامە و ڕێگا چارەی خۆی بە کارساز تر دەزانێ و هەر دوو لایەن لە بەکار هێنانی ئامرازێک کە بۆ سەرکوتی خەباتی خەڵک لەبەر دەستیاندایە سڵ ناکەنەوە. ئەگەر یەکێک بە شمشێر سەر دەبڕێت، ئەویتر بە لۆکە. ئەگەرچی شەڕەکانی نێو بنەماڵەیی ئەوان ناتوانن ببنە پشتیوانەیەک بۆ دابین بوونی ویست و داواکریەکانی خەڵک، بەڵام خاڵی لاوازی دوژمنانی خەڵک و شپرزەیی ڕیزەکانیان لە هەردوو باڵدا نیشان ئەدەن.