کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کێشەی نێوبنه‌ماڵه‌یی ڕژیم ناتوانێ پاڵپشتێک بێت بۆ دابین بوونی داخوازییەکانی خەڵک

ڕۆژی ١٥ی مانگی خەزەڵوەر ڕوحانی لە پیشانگای چاپه‌مه‌نیی تاران و به‌ناو بۆ دیفاع لە ئازادیی ڕاگەیاندن وتبووی كه‌” قەڵەمی شکاو و زاری داخراو شتێکی لەدەست نایەت. نابێ بە بیانووی پڕوپوچ، قەڵەمەکان بشکێنین و زارەکان دابخەین”. سادق لاریجانیش کە هه‌ستیكرد ئەم قسانە ڕووی له‌وه‌، له‌ كاردانه‌وه‌یه‌كیدا وتوویەتی كه‌” لای ڕێبەر گلەیی ئه‌وه‌ دەکەی کە بۆچی دەزگای قەزایی لەگەڵ فڵانه‌ ڕۆژنامە بەخوردی نەکردووە. بەڵام کاتێک ده‌چیته ‌ناو كۆڕوكۆمه‌ڵی ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی چاپه‌مه‌نییه‌كان و ڕاگەیاندنكاره‌كان، له‌وێ بەردەوام باسی ئەخلاقی ئیسلامیی دەکەی، بانگەوازی ئازادیی دەده‌ی و دەڵێی کە قەڵەمەکان مەشکێنن و زارەکان دامەخەن”.بێگومان قەزاوەتی هەردووكی ئه‌م مۆرانه‌ی ڕژیمی ئیسلامیی له‌سه‌ر یەکتر ڕاستە. نە گومانێك لەم ڕیاکارییه‌‌ی ڕوحانیدا هەیە و نە لە جەنایەت پیشەگییه‌كه‌ی سادق لاریجانیش. هەردووکیان بەکردەوە تەواوکەری یەکترن. دوو باڵی سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، هەردووکیشیان مانەوەی ڕژیمی ئیسلامییان هه‌تا ئێستا ئیمکان پەزیر کردوە.بەڵام ئەگەر کارنامەی تایبەت بە سادق لاریجانی، پڕە لە جەنایه‌ت لەدژی خەڵک، باڵی ڕوحانیش، لەم دەورەی ٣ ساڵ و نیوەی دواییدا لە بواری پێشێلکردنی ئازادییە دێمۆکراتیکەکان و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکدا، خاوەنی پەروەندەیەکی قەبەیە. ڕوحانی کە ئێستاكه‌ دەڵێ :” قەڵەمەکان مەشکێنن و زارەکان دامەخەن”، هەر ئەو کەسەیە کە لە دیدارێكیدا لەگەڵ هەواڵنێرانی خاریجیدا زۆرجار وتوویەتی:” لە ئێراندا کەس لەبەر چالاکیی ڕاگەیاندن ناگیرێت”. هەر ئەو کەسەیە کە لە دەورەی هەڵبژاردنی ڕابردوودا واده‌ی کردنەوەی فەزای سیاسیی و ڕه‌چاوکردنی یاسا و ڕێسای مافەکانی مرۆڤی بە خەڵک دەدا. بەڵام لە دەورەی ٣ ساڵ و نیوی حکومەتەکەیدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری ده‌ستبه‌سه‌ركرانی ڕۆژنامەنووسان و ئێعدامکردنی زیندانییانی ئاسایی و سیاسیدا پلەی یەکەمی لە جیهاندا بەدەست هێنا. ئێستا لە قسەکانی لاریجانیدا زیاتر ڕوون دەبێتە کە ڕوحانی لە كۆڕوكۆمه‌ڵی خسوسیشدا لەمبارەوە نەك هه‌ر شکایەتێكی نەبووە، بەڵکوو لە لای خامه‌نەیی لە سستی دەزگای قەزایی لەمبارەوە گلەییشی کردووە.لەمڕۆدا کە میانەڕەوەکانی ناو ڕژیم بەشبەحاڵی خۆیان خەریکی بوارخۆشکردنن بۆ هێنانی خەڵک بۆ پای سندووقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی داهاتوودا، لە کۆڕوکۆبوونەوە گشتییەکاندا هەمان فریوکاریی دەورەی پێشوی هەڵبژاردنی، تێکرار دەکەنەوە و ڕیاکارانە بۆ پێشێل بوونی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ڕاگەیاندن، فرمێسکی تیمساحیانه‌ هەڵدەڕێژن. بەڵام بێ وەعدبوون و فریوکارییەکانی دەوڵەتی ڕوحانی تەنها بە ڕیاکاریی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ڕاده‌ربڕینه‌وه‌ بەرتەسک نابێتەوە. ڕوحانی لە هەموو بوارە ئابووریی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا درۆی لەگەڵ خەڵک کردووە. ئەو نه‌ك هه‌ر پابەندی به‌ڵێنه‌كانیشی نەبووە و شکستی خۆی لەم بوارانەدا قەبوڵ ناکات، بەڵکوو بەوپەڕی بێشه‌رمییه‌وه‌ لە سەفەرە ئوستانییەکانیشدا ” دەستکەوتەکانی دەوڵەتەکی” بۆ خەڵک دەژمێرێ.846

ڕوحانی و کەسانی ناو کابینەکەی بە ڕووهەڵماڵاوییه‌كه‌ی تەواوەوە، ئاماری فەرمایشی و ساخته‌ تەحویلی خەڵک دەدەن. ئەوان باس لە یەک ڕەقەمی بوونی ئاوسان دەکەن، بەبێ ئەوەیکە ئەم ئیددیعا ئامارییە کەمترین کاریگەریی لەسه‌ر ژیانی ئابووریی ڕۆژانەی کرێکاران و خەڵکی هەژاردا هەبێت. ئەوان دەڵێن کە گەشەی ئابووریی ئێرانییان لە مەنفییەوە گەیاندۆتە موسبه‌ت ٥ لەسەد ، ئیددیعایەک کە نەك هه‌ر ڕەقیبەکانیان لە باڵی بەرانبەر ڕەتیدەکەنەوە، بەڵکوو هیچ سەرچاوەیەکی ئابووریی جیهانی سەرمایەداریش بەجیددیی وەرنەگرت. نه‌تیجه‌ و ئه‌نجامی واده‌ی ڕه‌خساندنی هه‌لی زیاتری كاریش بۆ ژنان، بووه‌ هۆی دەرکرانی زیاتری ژنان لە شوێنەکانی کار و بەرتەسک کرانەوەی ڕشتەکانی خوێندن بۆیان لە زانکۆکاندا. ئیددیعای کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکارییان دەکرد، ئێستا ٥ میلیۆن لەو کەسانەیکە تەنانەت مەدرەکی زانکۆشیان هەیە، بێکارن. لە سەفەر بۆ کوردستان بۆ کۆکردنەوەی دەنگی بەشێک لە خەڵک، بەڵێنی ئه‌وه‌ی دا کە ڕه‌وشی مافی نەتەوەی کورد باشتر دەکات، بەڵام تەنانەت چەند ئوستانداری کوردزمانیش کە هیچ نه‌بێ ناسیۆناڵیستە کوردەکان پێی دڵخۆش بوون، پێیانی ڕەوا نەبینین و لە وڵامی گلەییە لیبڕاڵییەکانیاندا، عەلی یونسی ڕاوێژکاری تایبەتی ڕوحانی بۆ كاروباری به‌قه‌ولی خۆیان بواری ئەقوام و کەمایه‌تییه‌كانیش، ئاوی پاکیی بە دەستیاندا کرد و بە زمانێکی سووكایه‌تییانه‌وه‌ پێی وتن كه‌” بەداخەوە کاسانی شیاویان لەم بوارەدا لەنێو کوردەکاندا نەدۆزیوەتەوە”. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەگەر باڵی ئۆسولگەرا شمشیری لەدژی خەڵکی ئێران لە کالان دەرکێشاوە، باڵی میانەڕەویش ڕێگه‌خۆشکەری سەرکوت کردنیانن. ڕۆڵی ئەوان ئەوەیە کە بۆ ڕژیمی سەرتاپا گه‌نده‌ڵ و ناڕه‌وای کۆماری ئیسلامیی، له‌ڕێگه‌ی ڕاكێشانی خەڵک بۆ پای سندووقەکانی دەنگدانه‌وه‌، به‌ئیستلاح له‌لای بیروڕای جیهان، مه‌شرووعییه‌ت و ڕه‌وابوونی نومایش بدەن.

بەڵام زماندرێژیی سادق لاریجانی لە بەرامبه‌ر حەسەنی ڕوحانیی و دووڕووییەکانی خۆی و ئەندامانی کابینەکەی لەبەرانبەر خەڵکدا، سه‌ره‌ڕای لایەنی فریوکارانەكه‌ی، لە هەمانحاڵدا ڕەنگدانەوەی دووفاقیەکیشە کە ڕژیمی ئیسلامیی لەباری سیاسیی و ئابوورییەوە لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتوە. شکستی دەوڵەتی ڕوحانی بە واتای ئەوە نییە کە دەرفەتێک بۆ ڕەقیبەکانی لە دەزگای حاکمدا ڕەخسابێت. هیچکام لە باڵەکانی ڕژیم وڵامێکیان بۆ کێشەوگرفتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە نییە. هەردوو باڵەکە نیگەرانی هەڵچوونی نه‌فره‌ت و بێزاریی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشن. نە کرداری سەرکوتگەرانەی ڕژیم دەتوانێ بۆ هەتاهەتایە خەڵک چاوترسێن و ناچار بە تەسلیم بوون بکات و نە ئامرازەکانی فریودانی خەڵکیش کاراییەکی ئەوتۆیان هەیە. لەبەرانبەر وەها دۆخێکدا هەردوو باڵەکە زۆر شپرزە و ناهاوئاهەنگ دەجوڵێنەوە. هه‌ندێکجار هەڕەشە لە خەڵکی ناڕازیی دەکەن، جاریوایە واده‌ و بەڵێنی بێ ناوەرۆک دەدەن. هێندێک جار ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان دەشارنەوە و جاریواشه‌ بەسەر یەکتردا دەگوڕێنن. به‌ڵام تەجره‌بە پیشانی خەڵکی ئێرانی داوە کە باڵە جۆراوجۆرەکانی ڕژیم ئامانجیان نەك هه‌ر شەڕ لە حەوزەی بەرژەوەندییەکاندا، بەڵکوو گرنگتر لەوەش، ڕزگارکردنی ڕژیمی ئیسلامییە لە قەیرانێکی قووڵ کە بەرۆکی گرتووە. شەڕ و کێشەی نێوبنەماڵەیی ڕژیم، ناتوانێ پاڵپشتێک بێت بۆ دابین بوونی داخوازییەکانی خەڵک.

بابەتی پەیوەندیدار

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah