یەکێک لە گرینگترین بەڵێنیەکانی ڕەئیسی لە دەورەی تەبلیغاتی هەڵبژاردنەکان، کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە، ساز کردنی ساڵانە یەک ملیون واحیدی مەسکوونیی هەرزان قیمەتە. لە حاڵێکدا کە کات تێپەڕ دەبێت و وەرزی سەرما و ڕکوودی چالاکیی بیناسازی بەڕێوەیە و چەند مانگیش لە هاتنەسەرکاری ڕەئیسی دەگوزەرێ، چکۆلەترین حەرەکەت لەم بوارەدا نابیندرێت. لەم جۆرە وادە و بەڵێنییە بێ پایە و سەر خرمانیانە یەکجار زۆر دراون. لە زمانی خومەینییەوە تا ئەحمەدی نەژاد و باقییەکەیان، ئەمجۆرە بەڵێنیانە زۆر بیستراون و پاش ماوەیەکی کورت وەک بڵقێک تەقیون.
“باشگای هەواڵنێرانی لاو”ی سەربە سەدا و سیمانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی ٢ی مانگی خەزەڵوەر بەرابەر لەگەڵ ٢٤ی ئۆکتۆبر نووسیویەتی کە ٤٠ لەسەدی بنەماڵە ئێرانییەکان لەژێر هێڵی هەژاریی مەسکەن دان. ئەم ناوەندە وێڕای ئاماژە بە پێناسەی جیهانیی “هەژاریی مەسکەن” ڕایگەیاندووە کە “ئەو بنەماڵانەی کە پتر لە ٣٠ لەسەدی داهاتی مانگانە یان ساڵانەی خۆیان دەکەنە خەرجی دابین کردنی مەسکەن، لەژێر هێڵی هەژاریی مەسکەن دان”. ئەم پێوەرە حاڵ و ڕۆژی ٧٠ لەسەدی دانیشووانی تاران دەگرێتەوە. پتر لە دوو سێهەمی خەڵکی تاران هەزینەی کرێ ماڵیان زیاتر لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهانە و بە پێی ئەم سایتە، بۆ ژن و شوویەک بەشێوەی مامناوەند “٦٦ ساڵ دەخایەنێت” تا خاونەنی مەسکەنی خۆیان بن. ئەویش ئەگەر حەقدەستەکان بە پێی چوونەسەرەوەی ئاستی تەوەرۆم زیاد بکرێن. ئەم ماوەیە لە باقیی شوێنەکانی دیکەی ئێران ٣٠ تا ٣٣ ساڵە.
لە ئێران ملیۆنان کەس دەستیان بە مەسکەنی گونجاو ڕاناگات. پەراوێزنشینی، گۆڕخەوی، سەربان خەوی، چارداخ نشینی، کارتۆن خەوی، خەوتن لە پیادەڕەو و پارکەکان و بێ ماڵوحاڵی بوونەتە چەمک و دەستەواژەی ڕۆژانە. ڕژیمێک کە بە پێی بەڵێنیەکانی خومەینی قەرار بوو مەسکەن، ئاو و بەرق بۆ خەڵک خۆڕایی بکات، هەموو بەرپرسە ورد و درشتە حکوومەتییەکان و ئاخوندەکانی کۆشکنشین و جەماوەری خەڵکیشی تەنانەت ناچار بە گۆڕخەوی لە قەبرستانەکاندا کردووە.
بازاڕی مەسکەن لە ئێران تووشی وەزعییەتێک بووە کە بێجگەلە دەسەڵاتداران و ڕانتخۆران، بێجگەلە سۆڵتانەکانی ئاسن، سیمان، دار، گەچ، ئاجۆر و کەرەستەی بیناسازی و بێجگەلە زەوی خۆران، کێوخۆران، جەنگەڵخۆران کە کاربەدەستانی ئەمنیەتی و نیزامی و دەزگای ڕووحانییەتن، کەمتر کەس و ناوەندێک دەتوانێ لەم قەیرانی مەسکەنە کەڵک وەربگرێت. ئێران وڵاتێکە کە خاوەن زەوی، سەرچاوەی سرووشتی و سەروەتی فراوانە و ئەو ئیمکانەی هەیە کە هەموو دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە سەرەتاییترین مافی خۆیان واتە لە مافی هەبوونی مەسکەن و سەرپەنای ئەمن و ستاندارد بەهرەمەند بن.
بەڵام لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە ئێران، قەیرانی مەسکەن چووەتە قۆناغێکی تازەوە. لەوبەری ئەم قەیرانەدا دوو هێزی کۆمەڵایەتیی دژبە یەک ڕاوەستاون. یەکیان گرووپێکی بچووکە کە لە قەیران و بەرز و نزمیەکانی بازاڕدا بە سوودی ئەفسانەیی دەگەن و ئەگەریش خوازیاری هێور کردنەوەی قەیرانیش بن، کۆنتڕۆڵی هەمیشەیی قەیران بە قازانجی خۆیان نازانن. ئەویتریان، زۆربەی جەماوری کۆمەڵگان کە بە داهاتوو بێهیوان و شایەدی لەناوچۆنی ژیانیانن. لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی سەرمایەدا کە لە پەنا دیکتاتۆریی مەزهەبیەوە، ئینسانەکان بە بێرەحمانەترین شێوە دەچەوسێنەوە و دزی، تاڵانکردن، گەندەڵیی ماڵی و ئیداری سنوورێک ناناسێت، دەبێ ملیۆنان ئینسان بێسەرپەنا و بێ ماڵوحاڵ بن. لە مەملەکەتێکدا کە خاوەنی دەریایەک لە سەروەت و نیعمەتە و هەموو سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە لەدەستی مشتێک زەرووسفەت و دز و قاتڵ دایە و سەروەتی ئاخوند و پارێزەر و وەزیر و فەرماندە نیزامییەکەی سەری لە ئاسمان داوە، دەبێ ملیۆنان ئینسان بێسەرپەنا و بێماڵوحاڵ بن. لە مەملەکەتێکدا کە تەنیا یەک نموونە لە دزییەکانی “شیرکەتی مەسکەنی مێهر” لە قەزوین، سەد ملیارد تمەنە، دەبێ زۆرێک لە بێماڵوحاڵانی مەزلوومی قەزوینی، شەو لە کەنار جادەکانی شار و لەناو گۆڕستانەکاندا ڕۆژ بکەنەوە.
پەراوێزنشینان و بێماڵوحاڵان، ئینسانن و پێویستیان بە سەرپەنایە. پەراوێزنشینی و ژیان بەسەربردن لەو ناوچانەی کە خزمەتگواریی ستانداردی شارییان نییە و لەوەش خراپتر بێماڵوحاڵی و ئاوارەیی و قەبرستان خەوی، شیاوی ئینسان نییە. پەراوێزنشینی تەنیا بەمانای ژین لە شوێنێکی کاتی و نائەمن نییە، بەڵکوو بە مانای بێبەری بوون لە هەمووجۆرە خزمەتگوزارییەکی شاری، بەمانای بێبەری بوون لە ئاو، بەرق، گاز، بێهداشت و دەرمان و سرویسی هاتووچۆ و گەلێک ئیمکاناتیترە.
ئەو ئامارانەی کە لە لایەن خودی دەسەڵاتی ئیسلامییەوە بڵاودەکرێنەوە بەڕوونی نیشانی دەدەن کە چلۆن ملیۆنان لاوی ئەم وڵاتە نە توانای کڕینی ماڵیان هەیە و نە تەنانەت دەشتوانن ماڵ بەکرێ بگرن و بۆیە ناچارن بەپێچەوانەی مەیل و خواستی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بژین و ئەزموونی ژیانی سەربەخۆیان لێ زەوت کراوە. چەندین ملیۆن بنەماڵە لە پەراوێزی شارەکان و بەبێ هەبوونی ئیمکاناتی وەک ئاوی خواردنەوەی سالم، بەرق، گاز و سیستمی گونجاوی ئاوەڕۆ، لە چارداخ و تەنانەت لەسەربانی ماڵەکان دەژین.
پەراوێزنشینی و بێبەری بوونی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە مەسکەنی گونجاو، چارەنووسی حەتمییان نییە. ژیان لەژێر سەقفێک و بەهرەمەند بوون لە گشت ئیمکاناتی ئیمەنی و ڕێفاهی و فەرهەنگی مافی ڕەوای هەموو ئینسانەکانە و دەوڵەتەکان ئەرکی سەر شانیانە کە وڵامدەرەوە بن. داسەپاندنی ئەم مافە ڕەوایە بەسەر دەوڵەتەکان، لە گرەوی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەباتی ڕێکخراویان دایە.