کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کێشەی باڵەکان لەسەر ئابووری دەوڵەتی و بازاڕی ئازاد، هیچ پێوەندیەکی بە بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە نییە.

ماوەیەکە کاربەدەستانی دەوڵەتی رۆحانی زمانیان کردوەتەوە و باس لە گرفتی ئابووری و کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێران دەکەن. ئەوان بەبێ ئەوەی کە ڕاستەوخۆ ناوی سپای پاسداران بێنن، باسی پێویستی کەم بوونەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتی بەسەر ئابووریدا دەکەن. لەم پێوەندەدا هێندێک جار کۆمەڵێک ڕاستی سەبارەت بە بارودۆخی ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی هەژار و بێبەشیان بە زاردا دێت. ئەوان کە دەستیان دەگاتە سەرچاوەی پێویست بۆ هەڵسەنگاندنی وردی ئاست و قوڵایی ئەم ئابووریەی ئێستا لە ئارادایە، ترس و وەحشەت لە ئاخێزی سبەی رۆژی خەڵک، خەوی لە چاویان زڕاندوە. ئەوان بە ئاماژە کردن بە کۆشەگەلێک لە بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووری ئێستا، هەم دەیانەوێ دەریچەیەکی ئیتمینان بکەنەوە و بەر بە تەقینەوەی قین و توڕەیی خەڵک بگرن و هەم بە دەربڕینی ئەم ڕاستیانە ئەو باڵە ڕەقیبانەی کە کۆنترۆڵی ئابووری کەڵانی ئێرانیان بە دەستەوە گرتوە، بخەنە ژێر گوشارەوە. ناوەرۆکی قسەکانی دوێنێی عەلی ڕەبیعی وەزیری کاری دەوڵەتی رۆحانی لە کۆبونەوەی ئاشکرای مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، لەم چوار چێوەیەدا هەست پێدەکرێت.

ڕەبیعی لە قسەکانیدا سەبارەت بە بێتوانایی ئابووری دەوڵەتی لە چارەسەر کردنی گرفتی بێکاری و هەروەها کەسری زۆری سندوقەکانی تەئمینی ئیجتماعی هۆشداری دا. ئەو جەختی کردەوە کە دەوڵەتەکەی ئیتر سەرچاوەی پێویستی بۆ سەرمایەگوزاری بە دەستەوە نییە و بە ئاماژەی ناڕاستەوخۆ بەو پرۆژانەی کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە ئیجرا کراون وتی ” بە دروستکرانی هەزاران سەد و تەرحی جۆراو جۆری ساخت و ساز قەیرانە جۆراو جۆرەکانی کۆمەڵگا لەوانە قەیرانی ئاو و ئیشتیغال چارەسەر نەبوون و نابن.” وەزیری کار روونی کردەوە کە پەرەدان بە ژێرخانەکان نەبۆتە هۆی زیاد بوونی سەروەت و کەم بوونەوەی هەژاری و گەشە کردنی ئاموزش و نەیتوانیوە هەژاری چارەسەر بکات. بە وتەی عەلی ڕەبیعی لە هێندێک لە ناوچەکانی وڵات سەبارەت بە فارغوالتەحسیلان و ئیشتغاڵیش تەنانەت لە ٤ لە سەد واوەتر ناچێت. ڕەبیعی هێزی کاری ئێرانی بێبەش لە ئیستانداردەکانی پێویست ناو برد و وتی کە تەربیەتی هێزی کاری شارەزا لازمەی گەشەی ئابووری و پێویستی پێداچونەوە بە سەرجەم نیزامی ئاموزشی وڵاتدایە. عەلی ڕەبیعی ڕوو بە نوێنەرانی مەجلیسی دەیەم وتی کە ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس پشت ڕاستی دەکاتەوە کە گەشەی ئابووری هیچ پێوەندیەکی بە ساخت و ساز و سەرمایە گوزاریە ڕاستەوخۆ دەوڵەتیەکانەوە نییە، بەڵکوو بە پێچەوانە ئەوەی گەشەی ئابووری هاسان دەکات سەرمایە گوزاری کەرتی تایبەت و خاریجیە. بەم حاڵەوە، وەزیری کاری دەوڵەتی رۆحانی ئیعتیڕافی کرد کە بەهۆی تەنگ و چەڵەماکانی وڵاتەوە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری دەرەکی دوورنمای چارەسەر بوونی گرفتی بێکاری لە وڵاتدا نادیارە.737
ترس لە کاردانەوەی سپای پاسداران بە شێوەیەک خورپەی خستوەتە دڵی ڕەبیعی و کەسانی وەک ئەوەوە، کە سەرەڕای روونکردنەوەی موسیبەتێک کە سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری باسی دەکات، ناوێرێ بە روونی ناوی دەوڵەتێکی ڕاستەقینە کە لەپشت هەموو سیاسەتە ئابووریەکانی کۆماری ئیسلامیەوەیە، بێنێ. ئەو ئاماژە بە بێ توانایی ئابووری دەوڵەتی دەکات، بەڵام لە هەمانحاڵدا دەڵێ کە دەوڵەت سەرچاوەی پێویستی بۆ سەرمایەگوزاری لە ئیختیاردا نییە. ئەوەی کە زمانی لاڵەپەتەی ڕەبیعی ناتوانێ دەری ببڕێت ئەوەیە کە سپای پاسداران نە تەنیا دەوڵەت لە دەوڵەتدا، بەڵکوو پایەیەکی ئەساسی و یەکلا کەرەوەی ئابووری و سیاسەتە لە ئێراندا.

بەڵام ئەگەر ئابووری شێوە دەوڵەتی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران، سەبەبکاری درێژەی ئەم قەیرانە ئابووری و بێکاری و هەژاری و خەسارە کۆمەڵاتیانەیە لە ئێرانه، ڕێگا چارەیەکیش کە دەوڵەتی رۆحانی و ئەوانیتر بەشوێنیەوەن، ئیمتیحانی خۆی لە هەموو وڵاتانی دواکەوتوی سەرمایەداری وەک ئێراندا داوە، ئەوان بە پەیڕەوی کردن لە ڕێنماییەکانی بانکی جیهانی و سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ، بەشوێن ئیجرای سیاسەتە شکست خواردوەکانی نیئۆلیبرالیزمەوەن. ئەو سیاسەتانەی کە قەرارە لە ڕێگای خوسوسی سازیەکان و پەرەدان بە بازاڕی ئازاد، ئابووری ئێران لە قەیرانێکی چەند لایەنە کە بەرۆکی پێگرتوە، دەربێنێ.

ئەگەر سپای پاسداران بە دامەزراندنی کۆنترۆڵی پۆلیسی بەسەر ناوەندە ئابووریەکانیدا شیلەی گیانی کرێکاران دەمژێت، رێگا چارەی دەوڵەتی رۆحانیش دروست کردنی بارودۆخێکی لەبارە بۆ کارکردی سەرمایە. دابین کردنی بارودۆخێکی لەباریش ئەساسەن هیچ شتێک نییە بێجگە لە پێشکەش کردنی هێزی کاری هەرزانی چینی کرێکاری ئێران بە سەرمایە نێوخۆیی و دەرەکیەکان. بێجگە لە داسەپاندنی قانونی ئیسارەت بارتر بەسەر چینی کرێکار و سەرجەم زەحمەتکێشانی ئەم کۆمەڵگایەدا. سەرمایەداری ئێران چ دەوڵەتی بێت و چ شێوە دەوڵەتیەکەی و چ بەگشتی پشت بەستو بە بازاڕی ئازاد، ئەو جۆرەی کە دەوڵەتی رۆحانیش خوازیاریەتی، سەهمی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ئەم کۆمەڵگایە لە باشترین حاڵەتدا شتێک زیاتر نییە لەوەی کە تا ئێستا بویانە. شەڕی باڵەکانی ڕژیم لەسەر ئابووری دەوڵەتی و یان ئابووری بازاڕی ئازاد، هیچ پێوەندیەکی بە قازانج و بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە نییە. هەردوکیان لەخزمەت سودئاوەری و کەڵەکە بوونی سەرمایەدان. ئەم ڕەوتە تەنیا چینی کرێکار دەتوانێ ڕایبگرێت. کرێکاران لەم نەبەردە چارەنووس سازەدا پێویستیان بە هاوپشتی چینایەتی، بە وشیاری سەبارەت بە بەرژەوەندی ئەمرۆ و سبەی رۆژیان، بە ناسینی هێزی ڕاستەقینەی خۆیان، بە رێکخراوی پیشەیی و سیاسی، به ڕێبەرانی خاوەن ئیعتیبار و کارلێهاتووی خۆیان، بە دەرس وەرگرتن لە ڕابردوویان و لە ئەزمونی خەباتی جیهانی ئەم چینە هەیە. ڕێگایەک بێجگە لەوە بوونی نییە. ئەم خۆ ئامادەکردنه لە هەموو بارێکەوە پێویستە دەستەبەر بکرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah