کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆیلەتی مودێڕنی کرێکارانی خاریجی لە ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی

رۆژی دووشەممە ٤ ی ئاوریل سازمانی جیهانی کار وێڕای هۆشدار دان بە دەوڵەتی قەتەر، ساڵێک مۆڵەتی داوە تا یاسای کاری خۆی بگۆڕێت. سازمانی جیهانی کار هۆشداری داوە کە لە ئەگەری نەگۆڕانی قانونی کاری قەتەر، توێژینەوەیەکی تایبەت لە مانگی مارسدا لەسەر یاساکانی کار لەم وڵاتەدا ئەنجام ئەدات. جێكای ئاماژه‌یه‌ كه‌ بارودۆخی کاریی لە وڵاتی قەتەر دوای ئەوە کەوتەبەر ڕەخنەی سازمانی نێونەتەوەیی کار و یەکێتیە کرێکاریەکان دنیا کە بارودۆخی کرێکارانی بیانی شاغڵ لەم وڵاتەدا گەلێک نالەبار ڕاگەیندرابوو. ئەم کرێکارە خاریجیانە کە زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و ئافریقان لە پڕۆژە ساختمانیەکانی تایبەتە بە بەڕێوە چوونی جامی جیهانی ٢٠٢٢ دا خەریکی کارن. چاودێرانی سازمانەکانی لایەنگری مافەکانی مرۆف، خاوەنکارانی قەتریان مەحکوم بە سوئیستیفادە لە هێزی کار، قاچاقی ئینسان و ڕاگرتنی کرێکاران لە بارودۆخێکی خراپی ژیاندا کرد.ئەمیر نشینی قەتەر ٢ ملیۆن و دووسەد هەزاركه‌س جەمعیەتی هەیە کە نزیکەی ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار کەسیان کرێکاری خاریجین. ئەم کرێکارانە زیاتر لە وڵاتانی هێند، پاکستان، نپاڵ و بنگلادشەوە هاتون. بەپێی قانونەکانی قەتەر کرێکاران خۆیان ناتوانن ڕاستەوخۆ بۆ کار کردن بێنە ئەم وڵاتە و وێزا وەربگرن. هەموو کرێکارێک پێویستی بە کەفیل و زامن هەیە. کاری کەفالەتیش لە ڕێگای شیرکەتەکانی واسیتەوە وەردەگێرێت و یان ڕاستەوخۆ بە وەسیلەی خاوەنکاران بەڕێوەدەچێت. بەشێک لە حەقدەستی کرێکاران شیرکەتە واسیتەییەکان وەریدەگرن. گوزەرنامەی كرێكاران لە سەرەتای هاتنیانەوە وەک بارمتە ڕادەگیرێ. حەقدەستی مامناوەندی مانگانەی کرێکاران لە قەتەر ٢٧٥ دۆلارە. حەقدەستی ئەو کرێکارانەی کە وەک خزمەتکار لای بنەماڵەکانی قەتەر کاردەکەن، لەم بڕەش کەمترە. بەشی زۆری کرێکارانی بیانی لە قەتەر قەراردادی کەتبی دامەزرانیان نییە و لەم بارەیەوە تەنیا تەوافوقی شفاهیان به‌كاردێنێن. ئەگەر بارودۆخی دژواری کار، درێژماوە بوونی ساعاتی کار، حەقدەستی کەم، توندوتیژی خاوەنکار، کاری ئیجباری، شوێنی حه‌وانه‌وه‌ پڕ جەمعیەت و بێ کەمترین ئیمکاناتی بێهداشتی بەم وێنەیەوە زیاد بکەین، ئەم کرێکارانە دەکرێ بە واتای ڕاستەقینە ناو بنێین کۆیلەکانی سەردەمی سەرمایە. 685
بەڵام ئەوەی کە لەمرۆدا لە ئەمیر نشینی قەتەر و باقی ئەمیر نشینەکانی لێواری کەنداو و هەروەها عەرەبستانی سعودی بەسەر کرێکارانی بیانیدا دێت دیاردەیەکی نوێ نییە. ساڵانێکە کە لە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و چەوساندنەوەی وەحشیانەیان لە خراپترین بارودۆخی ژیاندا، لەم ناوچەیە گەلێک وه‌رده‌گێرێت و کاخی ئەفسانەیی و ئاسمان خەراشی بەرز دروست دەکرێن. ساڵانێکە کە ناوه‌نده‌كانی نێونەتەوەیی لە بارودۆخی دژه‌ مرۆڤانەی کرێکارانی خاریجی لەم ناوچەیەدا ئاگادارن. ئەوەی کە لەم مانگانه‌ی دواییەدا بۆتە هۆی ئەوەی کە بکەونە بیری ئەم کرێکارانەوە و سەبارەت بە بارودۆخی کار و ژیانیان ڕاپۆرت ئامادە بکەن، ئاشکرا بوونی گەندەڵی ماڵی بە ملیارد دۆلاریە لە فیدڕاسیۆنی نەێونەتەوەیی فوتباڵدا. وڵاتی قەتەر وەک میزبانی یاریەکانی جامی جیهانی ساڵی ٢٠٢٢ دیاری کراوە. دیاری کردنی قەتەر وەک میزبانی ئەم یاریانە لە ڕێگای دانی به‌رتیلی قه‌به‌ نەبوایە بە سەرانی ئەم سازمانە مومکین نەبوو. بەڵام دیاری کرانی ئەم ئەمیر نشینە بۆ بەڕێوەچونی رووداوێکی گرنگی وەرزشی لە ٦ ساڵی داهاتودا، هەر لەمرۆوە بە واتای ڕژانی بە ملیارد دۆلار سەروەتە بۆ گیرفانی پەیمانکارانی نێونەتەوەیی. گوازرانەوەی سەروەتێکی عه‌زیم بۆ گیرفانی سەرمایە گوزارانی خاوەنی ئەم شیرکەتانە لە ڕێگای چەوساندنەوەی وەحشیانەی نزیک بە دوو ملیۆن کرێکار لەم وڵاتەدا نەبێت ئیمکانی نییە.
ڕاستە کە ئەم ئەمیر نشینە لەسەر دەریایەک لە نەوت نووستوه‌، بەڵام ئەوەی کە سه‌رنجی سەرمایە گوزارانی ڕاکێشاوە، هێزێکی کاری هەرزانە کە بەبێ بەهەرەمەندی لە کەمترین پشتیوانی یاسایی لەم ناوچەیەدا بوونی هەیە ئه‌ویش هێزی كاری هه‌رزانه‌. ئەو کرێکارانەی کە مافی ناڕزایەتی ده‌ربه‌ڕین و مانگرتنیان نییە، ئەو کرێکارانەی کە لە مافی هەبوونی رێكخراو بێبەشن، ئەو کرێکارانەی کە مەوقعیەتیان بە کاتی و ناجێگیر دەبینن، ئەو کرێکارانەی کە دەکرێ لە هێندێک حاڵەتدا تا ١٦ کاتژمێر لە رۆژدا کاریان پێبکرێت. ئێستا کە لە جەریانی ڕقابەتەکانی نێوخۆی فیدراسیۆنی جیهانی فوتباڵدا زەمزەمەی پێداچونەوە بەم بڕیارەدا دەگاتە گوێ، سازمانی جیهانی کاریش تازە کەوتوەتە بیری بارۆدۆخی کرێکارانی خاریجی لەم ئەمیر نشینەدا. بەهەر حاڵ ئەنگیزەکان هەرچیەک بن، ئێستا چاوی دونیا لەسەر کارەساتێکە کە لەم ئەمیر نشینە لۆکس ڕازاوەدا لە ئارادایە. لە ئاوا بارودۆخێکدا کرێکارانی دەرەکی لە قەتەر و باقی وڵاتانی لێوارەی کەنداو پێویستیان بە پشتیوانی چینی کرێکار لە ئاستی جیهانیدا هەیە. ئیفشاگەریەکانی سازمانی جیهانی کار دەبێ بە پشتیوانی یەکێتی و سەندیکا پێشکەوتوەکان و هێزی پێشڕەو و سوسیالیست لە ئاستی دنیادا پەیگیری بکرێت. ئەو ئینسانانەی کە زیاتر لە شەش بەرابەری جەمعیەتی ئەم ئەمیر نشینە پێکدێنن، بیانی نین، ئەوان خاوەنانی ڕاستەقینەی هەموو سەروەت و نێعمەتێکن کە لەم ئەمیر نشینەدا لەسەریەک کەڵکە کراوە. ٣٠٠ هەزار کەس لە کاخ و هۆتێلە ڕازاوەکاندادەژین و نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە بنیاد نەرانی ئەم بینا ئەفسانەییانە لە بوونە خاوەنی چوار دیواریەک بێبەشن و لەنێو ژووری تاریک و لە گەرمای تاقەت پڕوکێندا لە هەموو ئیمکاناتێکی ژیان بێبه‌شن. ئەم بێ عەداڵەتیە كاه‌ساتبار و وەحشیانەیە ویژدانی ئینسانییه‌ت ئازار ده‌دات و دەکرێ ڕیشە کێش بکرێت.