کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆیلایەتی مۆدێرن لە سەردەمی سەرمایەداریدا وتەیەک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی کۆیلایەتی

download 29

ڕۆژی دووەمی دیسامبر بەرامبەر لەگەڵ ١١ی سەرماوەز ڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی کۆیلایەتییە. لە مێژوونووسیی مۆدێرندا، ساڵی ٩٦٠ی زایینی یەکەم بەرواری بنبڕکردنی کۆیلایەتییە. ئەگەرچی لەو بەروارەدا فەرمانڕەوای شاری وێنیز، لە وڵاتی ئیتالیای ئێستا، بە فەرمی قەدەغەکردنی کۆیلایەتی ڕاگەیاند، بەڵام دوای تێپەڕبوونی هەزار ساڵیش، هێشتا لە سەردەمی سەرمایەداریدا، شاهیدی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤەکانین. سیستەمی کۆیلایەتی وەک نیزامێکی کۆیلایەتی لەسەر ئاستی مێژوویی، دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و سەرەتای سەرهەڵدانی نیزامی چینایەتیی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، بەڵام کۆیلایەتی لە فۆرمیمۆدێرنی خۆیدا هێشتا لە جیهاندا کۆتایی پێنەهاتووە. لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمدا بازرگانانی کۆیلە لە ئینگلستان کە خاوەنی 200 کەشتی بوون و هەر کامەیان توانایی هەڵگرتنی ٥٠ هەزار کۆیلەیان بوو، نیوەی بازرگانیکردن بە کۆیلەیان لەژێر کۆنترۆڵدا بوو. کۆلۆنیالیستە بریتانیاییەکان کۆیلەکانی ئەفریقایان دەگواستەوە بۆ ئەمریکای باکوور و بۆ کارکردن لە کان و کێڵگەکاندا بەکاریان دەهێنان. ئەم بازرگانییە دژە مرۆییە لە سەدەی نۆزدەهەمیشدا هەروا بەردەوام بوو. نوێترین نموونەی کۆیلایەتی بریتی بوو لە حکومەتی ئاڵمانی نازی لە سەدەی بیستەمدا“. ئادۆڵف هیتلێر و حکومەتەکەی بە ملیۆنان یەهوودی و قەرەج و زیندانیانی شەڕیان بە کۆیلە کرد بۆ ئەوەی جێگای بەتاڵی ئەو ١٣ ملیۆن کرێکارە ئاڵمانییەی پێ پڕ بکەنەوە کە پەیوەندییان کردبوو بە ئەرتەشەوە. کۆبوونەوی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرواری ٢ی دیسامبری ١٩٤٩ی زایینیدا دووەمی دیسامبری، وەکڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی کۆیلایەتیڕاگەیاند. ئامانج لەو ڕۆژە بریتی بوو لە تەرکیزکردنەسەر بنبڕکردنی فۆرمە هاوچەرخەکانی کۆیلایەتی لەوانە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کاری منداڵان، هاوسەرگیری زۆرەملێ و دامەزراندنی زۆرەملێی منداڵان بۆ بەکارهێنانیان لە شەڕ و ململانێ چەکدارییەکاندا. هەژاری و بێ مافی، دیکتاتۆریی و سەرکوت، ئاوارەیی و بێ ماڵ و حاڵبوون، شەڕی کۆنەپەرستانە و کوشتارە بەکۆمەڵەکان، کارەساتی ژینگەیی و زیانە کۆمەڵایەتییە پڕ ئێش و ئازارەکان، هەمووی ئەمانە هێشتا بەس نییە بۆ وێناکردنی وێنەی ڕاستەقینەی جیهان لە سەردەمی ڕزیوی سیستەمی سەرمایەداریدا. هەڵبەت پێویستە چەمکیکۆیلایەتی مۆدێرنیش بەم لیستەوە زیاد بکرێت. کۆیلایەتی لە فۆڕمە مۆدێرنەکەیدا هێشتاش نەک هەر لە جیهاندا بوونی هەیە، بەڵکوو بووەتە بازرگانییەکی پڕ قازانجیش. ئەگەر سوودی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ڕیزی یەکەمدا بێت، سوودی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بازرگانیکردن بە چەک لە ڕیزی دووەم و سێیەمدا دێن. بەپێی خەمڵاندنەکان قازانجێکی کە لەڕێگەیکۆیلایەتی مۆدێرنەوە بەدەست دێت، زیاتر لە چل ملیارد دۆلارە لە ساڵێکدا. ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن کە لانیکەم ٤٦ ملیۆن کەس لە جیهاندا لە پێگەیکۆیلەی مۆدێرندان. لەو ڕووەوە کە بەدەستهێنانی ئامارێکی ڕاست ودروست لەکۆیلە مۆدێرنەکان زۆر ئەستەمە، بەپێی بەڵگەکان، دەکرێ بوترێت کە ژمارەی ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاترە. ئەگەر منداڵانی کرێکار بەکۆیلەی مۆدێرنی سەردەمی سەرمایەداری بزانین، کە خراپترین شێوازی کۆیلایەتی مرۆڤە، ئەوا دەبێت ژمارەی نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن منداڵی کرێکاریش لە سەرانسەری جیهاندا بەو ئامارەوە زیاد بکرێت. ئەوە بەو مانایەیە کە لە هەر دە منداڵ لە جیهاندا منداڵێکیان نارچارە کار بکات.

بەڵام ئەم کۆیلانە نەک بە نهێنی و شاراوە، بەڵکوو لەبەر چاوی دەوڵەتەکان بە کۆیلە دەکرێن. یاسای وڵاتەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانیش توانایی ڕێگریکردن لە بەردەوامبوون و تەنانەت پەرەسەندنی ئەم دیاردەیەیان نییە. خستنەداوی کچانی کەم تەمەنی وڵاتە دواکەوتووە سەرمایەدارییەکان و کردنیان بە کرێکاری جنسیی، بۆتە یەکێک لە بازرگانییە پڕ سوودەکانی جیهان. کچان و ژنان لە وڵاتە ئاسیاییەکان بە شێوازی جۆراوجۆر لەلایەن باندە مافیاکانەوە لەداو دەخرێن، بەڵگەنامە و کارتی پێناسەکانیان بە زۆر لێ وەردەگیرێت و دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و دوای دەستدرێژیکردنە سەریان، لە هەندێک ناوەندی تایبەتدا بە مەبەستی کەڵک لێوەرگرتنی جنسیی، دەکرێنە کۆیلە. لەو ناوەندانە هەموو ڕێگاکانی خۆدەربازکردنیان لێ دادەخەن و ژیانێکی پڕ لە ئازار و مەینەتییان بەسەردا دەسەپێنن. تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ئێران، جگە لە کچانی ئێرانی، کچانی پەنابەری ئەفغانیی دانیشتووی ئێرانیش لەداو دەخەن و بە قاچاخ دەیانگوازنەوە بۆ وڵاتەکانی دیکە و بەتایبەتی بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی. هاوسەرگیری زۆرەملێش خۆی جۆرێکی تری کۆیلایەتی جنسییە کە لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا شتێکی باوە. لەم پەیوەندییەدا ژن تا کۆتایی تەمەنی بە پێچەوانەی ویستی خۆی دەچەوسێتەوە و ناچار دەکرێت مل بدات بە بارودۆخێکی وەها نامرۆڤانە و پڕ لە سووکایەتی. بە ملیۆنان منداڵ لە ژێرزەمینەکان، لە کێڵگە و کارگاکانی  کاری دەستی، لە وڵاتانی وەک هێندستان، پاکستان، بەنگلادش، کۆریای باکوور، ئێران و زۆر شوێنی دیکە، لە بێبەزەییانەترین بارودۆخدا کاریان پێدەکرێت. جگە لەوەش بازرگانیکردن بە منداڵان بۆ زۆر مەبەستی دیکە، بووەتە بازرگانییەکی پڕ سوود. هەر ئێستاش لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، ساڵانە هەزاران منداڵ بێسەروشوێن دەبن. بنەماڵەی زۆرێک لەو منداڵانە و بە تایبەت ئەو ئەفغانیانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئێران دەژین، تەنانەت ناوێرن سەردانی پۆلیسیش بکەن بەمەبەستی دۆزینەوەی منداڵەکانیان. ئەم منداڵانە بۆ گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانی جنسیی و هتدبەکاردەهێنن. بازرگانیکردن بە مرۆڤەکان بە مەبەستی کڕین و فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە، بەکارهێنانیان لە شەڕە ناوچەییەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کە لە ئەفریقا زۆر باوە، نموونەگەلێکی دیکەن لەکۆیلایەتی مۆدێرن. ئەو کۆیلانەی کە دەستکەوتنیان گەلێک ئاسانتر و هەرزانترە لە سەردەمی کۆیلایەتی.