کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆڵبەری لەسەر سنوور، بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ مەرگ، لەپێناو ژیانێکی مەمرە و مەژیدا

qatelkolbaran 1

 بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە پێنجی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢، یاوەر وەیسی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە ناوچەی سنووری نۆسوود گیانی لەدەستدا. هێزە چەکدارەکانی سەرسنوور لە پشتەوە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەیان لەم کۆڵبەرە کرد و کوشتیان. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە تا ئەوەڵی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٢ بە گشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە هۆکارگەلێکی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سەرسنوور، لێدان و ئەزیەت و ئازاری هێزە نیزامییەکانی ڕژیم و کەوتنەسەر مین، کوژراو و بریندار بوون. لەو ژمارەیە ٩ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ١٤٥ کۆڵبەریش بریندار بوون. کەمتر حەوتوویەک هەیە هەواڵی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەککۆڵبەروکاسبکاری سەر سنوورەکانی کوردستان بڵاو نەبێتەوە. کۆڵبەریی کار نییە، بەڵام بۆ ئەو ئینسانە شەریفانەی کە بۆ نانی شەو موحتاجن و لەپێناو هەوڵدان بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان و بنەماڵەکانیاندا لە هیچ مەترسییەک سڵ ناکەنەوە، بەکاردادەنرێت. لە شار و گوندە سنوورییەکانی کوردستان، جەماوەرێکی زۆر لە کرێکارانی بێکار بۆ دابینکردنی ژیانێکی مەمرە و مەژی، ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە و لەژێر سێبەری مەرگدا بەدوای ناندا دەگەڕێن. وەرزی زستان و سەرمای تاقەت پروکێنی چیاکانی زاگرۆس، کارکردن لە شەودا و تێپەڕین بەناو زیاتر لە ملیۆنێک مینی بەجێماو لە شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراقدا و هەروەها بۆسە و کەمینگای ڕێگر و جەردە و باج ئەستێنەکانی سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان، کە هەموو شەوێک بە کوشتنی کاسبکار و کۆڵبەرێک، چرای هیوای بنەماڵەیەکی هەژار دەکوژێننەوە، بارودۆخی کاری ئەم زەحمەتکێشانە پێک دەهێنێت.

کاتێک کارەساتی هەژاریی و بێکاریی، بنەماڵە کرێکارییەکان و خەڵکی زەحمەتکێش، بێبەزەییانە لە چنگی خۆیدا ڕێک دەگوشێ، ئیتر هەوڵدان بۆ مانەوە، سنوورەکانی تەمەن تێدەپەڕێنێت. لەنێو کۆڵبەرەکاندا لاوانی ١٥ ساڵ تەمەن و پیاوانی سەرووی ٦٠ ساڵ و ژنانی سەرپەرشتی بەماڵەش بەرچاو دەکەوێت. ژمارەیەکی زۆر لەو گەنجە کۆڵبەرانە کەسانێکی خاوەن شەهادە و خوێندەوارن کە بە لەشکری بێکارانەوە پەیوەست بوون و تا ئێستا نەیانتوانیوە کارێک پەیدا بکەن، ئەو کۆڵبەرانەی کە ڕوویان لە کاری گواستنەوەی کەلوپەل لەسەر سنوور کردووە، لە ڕاستیدا هێزی کرێگرتەی ئەو تاجر و دەڵاڵانەن کە نیشتەجێی شار و گوندەکانی سەر سنوورن، ئەوان لە خاڵێکی سنوورییەوە کاڵا و کەلوپەل وەردەگرن یان هەناردەی شوێنێکی تری دەکەن و بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەک هەڕەشیان لێبکات، زۆرترین قازانج دەخەنە گیرفانی خۆیانەوە و کرێیەکی زۆر کەمیش دەدەن بە کۆڵبەرەکان.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساو کردنی جینایەتەکانی خۆی بەرامبەر بە کۆڵبەرانی زەحمەتکێشی ناوچە سنوورییەکان، وەک قاچاخچی و تاوانبار ناویان دەبات. هەر بۆیە هەر ڕۆژە و ژمارەیەک لەو زەحمەتکێشە بێ دیفاعانە دەکەونە بۆسەی کۆمەڵێک چەکدار و بەکرێگیراوی سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان و وەک دوژمن لە مەیدانەکانی شەڕدا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت. ئەوان دەبنە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و درێژەی ژیانیان دەنێنە گرەوی پەیداکردنی پارووە نانێکەوە. کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا ئەم کۆڵبەرە زەحمەتکێشانە بە تاوانبار و تێکدەرانەی نەزمی ئابووری دەناسێنێت کە هەمووان دەزانن کۆڵبەری کارێکی نائاساییە و تەنیا لەڕووی ناچاری و بۆ دابینکردنی بژێوی ڕۆژانە پەنای بۆ دەبرێت. لەو ناوچانە خەڵکی زەحمەتکێش هیچ ڕۆڵێکیان لەو قاچاخچێتییە ڕێکخراوەدا نییە کە لەلایەن سپای پاسداران و هەندێک دامەزراوەی فەرمی و نیمچە فەرمیی سەر بە سپای پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێن. کۆڵبەران لە هەلومەرجێکدا ڕێگای مەرگ و ڕێگای پڕمەترسی سەرسنووریان لەپێناو دابینکردنی هەزینەی سەرسوڕهێنەری لانیکەمی ژیاندا گرتووەتەبەر کە لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە جینایەتکارەدا، هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیان بۆ نەماوەتەوە. سەرەڕای تەواوی ئەو مەترسییانە، بەڵام کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوور، بەهۆی دۆخی دژواری ئابووری و پێویستی دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، دیسانیش گیانیان لەپێناو ناندا دەخەنە مەترسییەوە.

ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەی کە ڕژیم بەسەر خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانیدا سەپاندووە، تەنیا بەشێکە لە دەرئەنجامەکانی سیاسەتی شۆڤێنیستی کۆماری ئیسلامی لە دواکەوتوو ڕاگرتنی ئابووریی کوردستان. ئەوە درێژەی هەمان ئەو سیاسەتەیە کە ئەم ڕژیمە لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بە پشتبەستن بە میلیتاریزەکردنی ئەم ناوچەیە و بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و ئەمنییەتیکردنی کەشی شارەکان، پەیڕەوی کردووە. هەر ئەم سیاسەتە و پێداگریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەری، زەمینەی بەردەوامبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی فەراهەم کردووە. بێکاری بەربڵاو لە کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژانە ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕوو لە ئەم بەناو کارە دەکەن زیاد بکات. پێشگرتن لە کوشتاری هەر ڕۆژەی کۆڵبەران و کاسبکاران و هەروەها دابینکردنی هەلی کاری گونجاو بۆیان، بەجۆرێک کە چیتر ناچار نەبن پەنا ببەنەبەر ئەو کارە سەخت و مەترسیدارە، داخوازییەکی لانیکەمی و ئینسانییە. خواستێکی لەم چەشنە، تەنیا بە بەردەوامبوونی خەباتێکی شێلگیر و یەکگرتووانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێران دژ بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، دەستەبەر دەبێت.