کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆمەڵگای ئێران لە ژێر باری ئازاری کۆمەڵایەتیی قووڵ و بەریندا

1331802

ئیسنا، لە هەواڵنێرییەکانی کۆماری ئیسلامی، وتووێژێکی بووە لەگەڵ “روزبە کەردوونی”، سەرۆکی ناوەندی باڵای لێکۆڵینەوەی تەئمینی ئیجتماعی. گۆشەیەک لەو زانیاریانەی کە ئەم بەرپرسە دەوڵەتەییە لە وتووێژ لەگەڵ ئەم هەواڵنێرییە باسی دەکات، پانتایی ئەو کارەساتانە دەردەخات کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر خەڵک دێت. ناوبراو دەڵێ:

“بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ناوەندی باڵای لێکۆڵینەوەی تەئمینی ئیجتماعی، بە شێوەی مامناوەند لە ساڵی ڕابردوودا  سی و شەش دەهومی لەسەد لە جەمعییەتی گشت ئێران کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاریی تۆخەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە جەمعییەتی ژێر هێڵی هەژاریی تۆخ لە ساڵی ١٣٩٦دا پانزدە و نیو لەسەد بووە.” بەوتەی ئەم بەرپرسە “جەمعییەتی ژێر هێڵی هەژاریی تۆخ لە ناوچە شارنشینەکان ٣١ و ٨ دەهومی لەسەدە و لە ناوچە گوندنشینەکان گەیشتووەتە ٥٤ لەسەد”. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ئاماری چوونەسەرەوەی ٧٧ لەسەدیی توندوتیژیی ناوماڵ لە شارە گەورەکانی ئێران لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی ویرووسی کۆرۆنا کردووە و وتوویەتی کە: “بەپێی ڕاگەیاندنی پزیشکی قانوونی، لەگەڵ چوونەسەرەوەی ٣٥ لەسەدیی ئاماری خوکوژی لەچاو ساڵی ڕابردوو بەرەوڕووین. “کەردوونی” ئاماژەی بە چوونەسەرەوەی ٤ لەسەدیی ئاماری تەڵاق لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا کردووە. ناوبراو هەروەها چوونەسەرەوەی ناکۆکی و سێ بەرابەر بوونی کێشەی نێوان ژن و شووەکان و زۆربوونی پەروەندەکانی ئیختلاسی لە ئێران بە باقیی ئازارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە پێناسە کردووە کە بەردەوام لە پاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە ڕوو لە زیاد بوونن.

ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە دواهاتە ئابوورییەکانی بڵاوبوونەوەی ویرووسی کۆرۆنا کەم بکاتەوە چەند هۆکاری دیاریکراوی هەیە: یەکەم، هەزینەی بەرینی هێزە نیزامی و ئەمنییەکان کە بەشێکی زۆر لە سەروەتی ئەم وڵاتەیان بۆ تەرخان دەکرێت. و لە پەنایەشیەوە هەزینەی هێزی نیابەتی لە لۆبنان ، عێراق ، یەمەن و سووریە. دووهەم ماجەراجویی نیزامی لە بواری پڕۆژەی پڕ هەزینەی ئەتۆمی و دەستتێوەردانی ناوچەیی کە داسەپاندنی گەمارۆی ئابووریی لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لێکەوتووەتەوە.

سێهەم، گەندەڵیی جێکەوتووی ناو دەزگاکانی دەوڵەت کە سەرتاپێی داگرتوون و بەردەوام پەرەدەستێنێت.

لە بواری قەیرانی کۆمەڵایەتیی لە ئێران، دکتور سێراجزادە مامۆستای کۆمەڵناس، ئەم قەیرانە بۆ بۆشاییە واقعییەکانی ناو کۆمەڵ دەگەڕێنێتەوە و بەکورتی ئەم بۆشاییانە بەمجۆرە دەستەبەندی دەکات:

یەکەم بۆشایی چینایەتی، ئەمڕۆ ئەوە چینە بێبەشەکانن کە ڕەوتی سیاسی کۆمەڵ پێکدێنن و خواستەکانیان لەگەڵ خواستی چینی مامناوەند و سەرەوە ناکۆکە. ئەم بۆشاییە یەکجار بەرینە و بانتر لە ئازارێکی کۆمەڵایەتییە.

دووهەم بۆشایی جنسییەتی، ئەمڕۆ ژنان بەخێرایی لە مافی زەوتکراو و لە هەڵاواردنی بەرینی نێوان ئەوان و پیاوان ئاگادار دەبنەوە و ئەم واقعییەتە ژنان بەرەو کێبەرکێ لەگەڵ پیاوان دەبات. ژنان بە شێوەی ئاشکرا و شاراوە هەوڵ دەدەن مافەکانیان لە بەراورد لەگەڵ پیاواندا بسەپێنن.

سێهەم بۆشایی نەتەوەیی، ئێران یەکێک لە وڵاتە چەند نەتەوەییەکانە کە هەر کام لەم نەتەوانە لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەریان گەلێک خاڵی هاوبەشیان هەیە. لە هەمان حاڵیشدا بە بەراورد لەگەڵ ناوەندی وڵات، لە ناوچە بێبەشەکانی ئێرانن. نەبوونی سیاسەتی چەند کلتووری لەناو کۆمەڵگادا، قەیرانەکانی ئەم بوارە توندتر دەکاتەوە.

بۆشایی نێوان نەسلەکان، ئەمڕۆ لاوان تەوەری جیددیی کۆمەڵگاکەمانن و ئەگەر بە وردی بڕوانین، دەبینین کە سەرەڕای قەبارەیەکی یەکجار بەرین کە بەهۆی زۆربوونی خێرای جەمعییەت هەیانە، لە بواری پێگەوە لەگەڵ توێژە بەتەمەن و بەساڵاچووەکان یەکجار لێک دوورن. ئەم گرووپە هەم سەربەخۆییان کەمترە و هەم پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان نزمترە و هەم لە بواری دەربڕینی خواستەکانیانەوە تووشی کێشە بوون. لاوان هەمیشە پێشەنگی ئاڵوگۆڕ بوون و هەربۆیە بەخێرایی بەرەو گۆڕان دەچن، بەڵام توێژی بەتەمەن و مامناوەند کەمتر بەدوای ئاڵوگۆڕەوەیە. ئەگەر کۆمەڵ لە ئیختیار لاواندا بوایە بێگومان بەپێی نیازەکان و ئاستی فکری ئەوان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دەهات بەڵام لەو جێگەوە کە ئەمڕۆ بەڕێوەبەریی کۆمەڵ هەم لە ئاستی سیاسی باڵا و هەم لە ئاستی خوارەوە و هەم لە بنەماڵەدا لە ئیختیار گرووپە بەتەمەن و بەساڵاچووەکان دایە، گرووپی لاوان کەمتر کاریگەرن و ئەم بابەتەش جۆرێک لە دڵساردی، نامۆبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ناتەبا بوون لەگەڵ گرووپە بەتەمەن و بەساڵاچووەکانی لێکەوتووەتەوە. ئەم بۆشاییە کۆمەڵایەتیانە وەک گۆسەلی بوومەلەرزە وان کە هەموو ساتێک ئەگەری تەقینەوەیان لەئارا دایە”.

هەژاری و بێکاریی بەرین لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و پەرەسەندنی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە قەیرانێکی جیددی و بەرین. قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی بۆشایی چینایەتی، جنسییەتی، تەمەنی، نەتەوەیی، مەزهەبی، کلتووری و جوگرافیایی لە لایەکەوە خۆی لە توانای خەباتکارانەی بەرین بۆ تێکۆشان و ناڕەزایەتیی  و ڕاپەڕین و شۆڕش نیشان دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە سەرهەڵدانیان بەشێوەی ئازارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئیختلاس و گەندەڵی و دزی، توندوتیژی، ئێعتیاد، تەڵاق، قەتڵ و خوکوژی، خەمۆکی، منداڵ ئازاری، ئاژەڵ ئازاری و هیتر دەبینینەوە.

حکوومەتی ئیسلامی کە بە ئیدیعای “ئەخلاقیاتی بەرزی ئیسلامی” هاتە سەرکار، لە ماوەی پتر لە ٤ دەیە دەسەڵاتیدا، وەها زەربەیەکی لە کۆمەڵ و خەڵک داوە کە ئێران لەئاستی ناوچەکە و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان خاوەن زۆرترین و گەورەترین ئازارە کۆمەڵایەتییەکانە. بوونی پتر لە دە ملیۆن سکاڵا لە نۆرەی دادگاکانی حکوومەت، پێنج ملیۆن مۆعتاد، چل ملیۆن کەس پەراوێزنشین، کۆچکردنی چوار ملیۆن کەس بۆ شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان، پتر لە سەد هەزار بەندکراوی ئاسایی و ژماریەکی یەکجار زۆر بەندکراوی سیاسی کە ئامارێکی ورد لێیان لەبەردەستدا نییە، تەڵاقی ڕوو لە زیادبوون، تەنیا چەند نموونەی ئەم ئازارە کۆمەڵایەتییانەن کە ڕژیمی ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئێرانیدا سەپاندووە.