کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی و مەزهەبی کردنی زیاتری پەروەردە و بارهێنان

71577

لە حاڵێکدا کە حەفتەی ڕابردوو موعەلیمان لە ناڕەزایەتی بە بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی ڕیزبەندی و باقیی داخوازییەکانیان لە سەرتاسەری ئێران بەردەوام لە حاڵی ناڕەزایەتیدا بوون، مەجلیسی ئیسلامی بە ڕەواڵەت لە وڵام بەم ناڕەزایەتییانە، گەڵاڵەی ڕیزبەندیی موعەلیمانی پەسند کرد و بۆ شۆرای نیگەهبانی نارد، بەڵام موعەلیمان ئەم کردەوەی دەوڵەتیان بە فریوکاری پێناسە کرد و “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمان” ڕەتی کردەوە. لە کاتی پەسند کردنی ئەم گەڵاڵەیە لەناو مەجلیس، ڕەجەب ڕەحمانی نوێنەری مەجلیس وتی کە چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئاکامی پەسەندکرانی گەڵاڵەی ڕیزبەندی، پەروەردەبوونی خوێندکاری دیندار و خوێندەوار بێت. لە حاڵێکدا کە موعەلیمان ئەم گەڵاڵەیە بۆ وەدی هاتنی داخوازییەکانیان بە کامڵ نازانن، ئەم نوێنەرەی مەجلیس بەڕێوەچوونی هەر ئەم گەڵاڵە ناقسەش بەو مەرجەوە گرێ دەدات کە موعەلیمان پێبەند بە شێوازێکی تایبەت لە پەروەردە بن. هەر لەم بوارەدا ماوەیەک لەمەوبەر ئامووزش و پەروەرش، ئەو تەڵەبانەی کە قۆناغی دوو و سێی حەوزەیان تێپەڕاندووە بە کارناس و کارناسی باڵای مێژوو و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ئەدەبیات بەئەژماری هێنان و نزیک بە ١٥ هەزار کەس لەوان لە ئەگەری دەرووچوونیان لە تاقیکردنەوە، هەر وەک خاوەن بڕوانامەکانی زانکۆ دادەمەزرێنێت. هەروەها ئەم تەڵەبانە کە قۆناغی دوو و سێیان تێپەڕاندووە دەتوانن بۆ وتنەوەی ٨ دەرس لە ئامووزش و پەروەرشدا دابمەزرێن. ڕژیمی ئیسلامی لە ڕێگەی ڕوانە کردنی بەرینی تەڵەبە بەرەو مەدرەسەکان بەنیازە پەروەردە و بارهێنان زیاتر لە ڕابردوو ئیسلامی بکات. ڕژیم لەم ڕێگەوە بەتەمایە تا مێشک و بیری منداڵان و تازەلاوانی ئێران هەرچی زیاتر بە ژەهری دەمارگرژی و دوژمنایەتیی نەخۆشئاسا لەگەڵ زانست و زانیاری گیرۆدە بکات.

سایتی “دەنگی موعەلیم” لەم بوارەدا دەنووسێت: “دامەزراندنی زیاتر لە ڕابردووی تەڵەبەی حەوزە لە ئامووزش و پەروەرشدا و بەشێوەی تایبەت لە “مەدرەسەکان” لەژێرناوی “موعەلیم”  پاش تێپەڕبوونی پتر لە ٤٠ ساڵ لە دەسەڵاتی ئیسلامی حەرەکەتێکی سەیر و جێگای تێڕامانە. وێدەچێت پاش تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتداران بەوە گەیشتوون کە پێویستە کۆنتڕۆڵی زیاتریان بەسەر مەدرەسەکاندا هەبێت. کاریگەری کەم و لاوازبوونی بەشداریی منداڵان و تازەلاوان لە مزگەوتەکان و لەبەردەست نەبوونیان بۆ کاریگەری وەرگرتن، هۆکاری دەرکردنی ئەمجۆرە بڕیارانەیە. بەڵام لە جیهانی پێشکەوتووی سەرمایەداریی ئەمڕۆدا، پیشە و زانست و زانیارییەکان بەرەو “پسپۆڕی بوون” دەڕۆن. دیارە کەشیش بۆ کەلیسا و ڕاهێبی بوودایی بۆ مەعبەد و خاخام بۆ کەنیسە ڕاهاتوون و ئەگەر هەر کام لەم ڕووحانییە مەزهەبییانە بیانهەوێت بڕۆنە مەدرەسە و یان پیشەیەکیتر  ئەنجام بدەن، پێویستە لەم بوارە بێنە دەرێ و دووبارە  لە بواری دڵخوازی خۆیاندا بخوێنن و هەوڵ بدەن. وەها کەسێک هیچ کات ناتوانێ وەک ڕاهێب، بوودایی یان کەشیش لە مەدرەسە خەریکی کار بێت”.

سەنعەتی ڕوو لە گەشەی پەروەردەکردنی ئاخوند لەو بوارە دەگمەنانەیە کە ڕژیم توانیویەتی تێیدا “سەرکەوتوو” بێت. بەجۆرێک کە لە ماوەی چوار دەیەدا نزیکەی نیو ملیۆن ئاخوندی پەروەردە کردووە. ئاماری ڕەسمیی پەروەردەی ئاخوند ١١٣ هەزار کەسە کە بەلەبەرچاوگرتنی جەمعییەتی ٨٣ ملیۆن و نیویی ئێستای ئێران، سەرانەی ئاخوند بۆ هەر ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئێران یەک ئاخوندە، زۆر زیاتر لە سەرانەی پزیشک، ددان پزیشک، دەروون پزیشک و پەرستار، بەتایبەت لە ڕۆژگارێکدا کە خەڵک لەگەڵ پەتای کۆرۆناش بەرەوڕوون.

هەروەها لەم بوارەدا سەرپەرستی وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش باسی لەوە کردووە کە “پێداچوونەوە بەسەر کتێبە دەرسییەکاندا دەکەنەوە و پێگەی “کلتووری خۆنەویستی و شەهادەت” بەهێز دەکەن و وزە و توانای فێستیواڵ و کەمپەکان بۆ ئەم بابەتە تەرخان دەکەن. دەسەڵاتدارانی ئیسلامی لە ئێران ئیشتیایەکی تێرینەناسیان بۆ ئیسلامی کردنی گشت کاروباری کۆمەڵگا هەیە. لە پەروەردە و بارهێنانەوە تا دەزگای قەزایی و یاسای باو، لە میدیاکانەوە تا کاروباری خزمەتگوزاری لە گشت ناوەندە دەوڵەتییەکان، لە هونەر و ئەدەبیاتەوە تا چۆنیەتیی پۆششی ئینسانەکان ئەویش بە ڕەوایەتی مەزهەبی شیعە، کراونەتە ئامانج. وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆر، لەوانە نووسینی کتێب، چاوەدێری کردن بەسەر موعەلیمان، داسەپاندنی ڕواڵەت و ڕەوشتی تایبەت بەسەر خوێندکاران هەوڵی داوە پەروەردەی دڵخوازی ڕژیم بەسەر خوێندکاراندا بسەپێنێت، بەڵام پاش هەموو هەوڵە بەردەوامەکانی لەم بوارەدا نیشانی دەدات کە هەروا لە ئاکامیان ڕازی نەبووە.

جیایی دین لە دەوڵەت و جیابوونی پەروەردە و بارهێنان لە دین و مەزهەب یەکێک لە سەرەکیترین مافەکانی خەڵکی ئێرانە کە دەسەڵاتی ئیسلامی بە کۆنەپەرستانەترین و ملهوڕانەترین شێوە ئەم مافە بنەڕەتی و سەرەتاییەی پێشل کردووە. بۆ پەروەردە کردنی نەسلێک لە منداڵانی ئێران کە فێری زانست بن و لە هەمووجۆرە خورافەیەکی مەزهەبی بەدوور بن، ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە و ئەم شەڕلاتانە سیاسییانە پێویستە لە دەسەڵاتدا نەمێنن. مەدرەسە جێگای موعەلیمانی شەریف و فێربووانی زانستە کە دەزانن چۆن نەسلی داهاتوو بە زانست، زانیاری، ئازاد ژیان و ئازاد بیرکردنەوە بار بێنن، نەک شوێنی هەزاران ئاخوندی مفتەخۆر و چەقەسرۆ و کۆنەپەرست.