مەحەممەد نەبی موسەوی فەرد لە” کۆبوونەوەی زانستی تەکریمی زەکات” دا خوازیاری ئەوە بوو کۆمەڵ لە بەرانبەر ئەو شتەدا کە بە” دزێویەکانی بەد حیجابی” ناوی برد خۆڕاگری بکەن و لە کردەوەدا دەست بەرداری فەرمانە ئیسلامیەکان نەبن. ئەو هەروەها ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە بەشی کشتوکاڵدا بوونی هەیە گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە سەرنج نادرێتە دانی زەکات لە لایەن کەشاوەرزانەوە.
دەزگای لۆژیکی حکومەتی ئیسلامی لە بەرخورد لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتی، ئابووی، فەرهەنگی، سیاسی و ژینگەییەکاندا پڕە لە کۆنەپەرستی، خۆرافە، دوژمنایەتی بە ئاشکرا لەگەڵ زانست و زانیاری و گرنگی نەدان بە دەستکەوتە زانستیەکانی بەشەر. لە سەرنجی یەکەمدا ڕەنگە کەسێک سەری سوڕ بمێنێ کە نەدرانی زەکات بە ئاخوندێکی مشەخۆر و تەوەزەل چ پەیوەندیەکی بە وشکەساڵی، کەم بارانی، فەرسایشی زەوی، نەبوونی تێکنولۆژی مۆدێڕن لە ئاوداشتن دا، چاندن، دورینەوە و تڕانسپۆرتی بەرهەمەکانەوە هەیە.
بەڵام چاو لە هەر گۆشەیەک لە قەیرانەکان دەکەیت، بەیان و ڕوون کردنەوەی دەسەڵاتداران و موبولغینی ئیسلامی هەر شتێکە لە ئاستی گاڵتەجاڕی پەیوەندی نێوان نەدرانی زەکات و کەمبوون و گرانی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان و ئاژەڵداری. ئاخوندەکان بومەلەزەیان بە هۆکاری ڕەچاو نەکرانی حیجابی ئیسلامی لێکداوەتەوە. سێڵاو و باهۆزیان گەڕاندۆتەوە بۆ ڕووت بوونەوە لە لێواری دەریاکان و یان خواردنی مەشروبەوە. ئەو بینایانەی کە بەر لە بوومەلەرزە ڕوخاون بە هۆکاری نوێژ نەکردن و رۆژو نەگرتن پاساو ئەدەن. بڵاو بوونەوەی نەخۆشی واگیردار و کوشەندەیان بە هۆکاری ناڕەزایەتی ئیمام زەمان لە شایی و هەڵپەڕین زانیوە. سەرجەم قەیرانە ورد و درشتەکانی ئێستایان لە کۆمەڵدا لە لایەن حکومەتی ئیسلامیەوە بە ژنان، بابەتی جنسی و ڕەچاو نەکرانی ئوموراتی ئیسلامی و سەرنجنەدان بە وڕێنەکانی فەقیەی شیعە نیسبەت داوە.
حکومەتی ئیسلامی ناکۆکیەک و دیاردەیەکی نابەوەختی کۆنەپەرستە. مردویەکە کە جەنازەی خۆی لە ڕابردوە دوورەکانەوە گواستۆتەوە بۆ دنیای سەردەم. لە لایەکەوە بۆ سەرکوتی خەباتی خەڵک، بۆ تیرۆر و شەڕ لەدژی خەڵکی کوردستان، لە پێشکەوتو ترین تێکنولۆژی مەوجود و لەبەردەستا کەڵک وەردەگرێت. موشەک و پەهباد دروست دەکات. بە شاراوەیی لە هەوڵی دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی دایە. لە تازە ترین ئیمکاناتی تەبلیغاتی و پێوەندی بۆ بڵاو کردنەوەی خورافە و نەزانی کەڵک وەردەگرێت. و لەلایەکی دیکەوە مایەپوج بوونی کەشاوەرزانی ئێران و کەم بوونەوەی زۆر و کارەساتباری سەرچاوە ئاویەکان نەک بە هۆکاری سیاسەتە کۆنەپەرستانە و دواکەوتوەکانی حکومەتی ئیسلامی، بەڵکو بە سەرچاوە گرتوو لە نەدرانی زەکات لە لایەن کەشاوەرزانەوە دەزانن!
خەڵکی زۆر لێکراو و بێ بەش بە هەوڵدان بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە تەمەن و دەور و نەخشی خورافە لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا دێنن. ئەو قەیرانانەی کە ئێستا لە کۆمەڵدا لە ئارادان لەوانە لە بەشی کشتوکاڵدا پێویستیان بە زانست، بە پشپوڕان، بە تێکنولۆژی نوێ، بە بەڕێوەبەرانی بەرپرس و ژیر و بە ئازادی لە ناسینی سەرچاوەی قەیرانەکان هەیە، نەک بە ئاخوندی کۆنەپەرست و نەزان.