بە پیاسە کردن بە ژمارەیەک لە شەقامەکاندا و بە تایبەت لە دەوروبەری نەخۆشخانەکان و ناوەندە پزیشکیەکان کۆمەڵێکی زۆر ڕاگەیاندن و دەست نووس بۆ فرۆشتنی ئەندامانی جەستە دەبینین.
هەژاری دەستکورتی، نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتیەکان، کۆمەڵێک گیروگرفتی بنەماڵەیی سەرچاوە گرتو لە کێشەی دارایی و کۆمەڵایەتی، بە داخەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێرانی ناچار بە فرۆشتنی یەکێک لە ئەندامانی جەستەی کردوە. ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لە زومڕەی ئەو دەگمەن وڵاتانەی دنیایە کە تێیدا بەشێک لە هەژاران بۆ مانەوەی خۆیان و بنەماڵەکانیان ناچارن ئەندامانی جەستەیان بفرۆشن.
تۆڕی دەڵاڵەکان، واسیتە و ناوەندە دەرمانیەکان، بەشێک لە کۆمەڵگەی پزیشکی کە بێچگە لە پارە و سەروەت بیر لە هیچ شتێکی تر ناکاتەوە لە تیجارەتی پڕ لە شەرمەزاری و نا مرۆڤانەی فرۆشتنی ئەندامانی جەستەدا تێوەگلاوەن.
بە شێوەی ئاسایی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە ئەگەر نان ئاوەریش بێت، بۆ دۆزینەوەی کار، هەزینەی دەرمان، دابین کردنی خواردن و کرێ ماڵ ڕوو لە هەموو درگایەک دەکات. هەرچی شکی ئەبات لە قاڵی و یەخچاڵ و تەلەویزیۆن، لە جەواهیراتی ڕێوڕەسمی هاوسەرگیرییەوە تا دووچەرخە و شتیتر دەفرۆشێ. لە بەقاڵی و سوپێرماڕکێتی سەری کۆڵانەوە تا دۆست و ئاشنا قەرز وەردەگرێ. کاتێک هیچ شتێکیان بۆ فرۆشتن نەما و ئیمکانی وەرگرتنی قەرزیش لە دەست چوو، لە ڕووی بێ هیوایی و ناچاریەوە بیر و فکر و نەخشەی جۆراوجۆر دێتە مێشکیانەوە. دزی، لەشفرۆشی، گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر، خۆ کوژی و لە کۆتاییدا فرۆشتنی ئەندامانی جەستە. دەوڵەمەندەکان، ئەو نەخۆشانەی کە ئیمکانی کڕینی ئەندامێکی لەشیان هەیە، لەگەڵ دەڵاڵ و تۆڕی دوکتۆرە گەندەڵەکان لە کەمین دان. نرخی هەر ئەندامێکی لەش بە پێی گرنگیەکەی لە ژیانی مرۆڤ دا و بۆ هەر تەمەن و جنسیەتێک دیاری کراوە. قەرار و مەدار دکرێت. ڕۆژی عەمەل کردن دیاری دەکرێت. ڕێکارە یاسایی و ئیداریەکان ئەنجام ئەدرێن.
حکومەتی ئیسلامی کە خۆی هۆکاری ئەم تیجارەتە دزیوەیە ئاگادارە و هێندێک لە کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕژیم لە داهاتی ئەم بازرگانیە بە جەستەی مرۆڤەوە شەریک و بەشدارن.
کاربەدەستانی حکومەتی، ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان، فەرماندە نیزامیەکان، نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی و ئاغازادە دز و گەندەڵەکانیان کە لەسەر سەروەت و دەسەڵاتی ئەم وڵاتە ڕۆنیشتون، سەبەبکاری ئەم هەژاری و فەلاکەتەن. لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک لە نەوت و گاز قەراری گرتوە، شارۆمەندانی بەهۆی هەژاریەوە ناچارن بەشە حەیاتی و گرنگەکانی جەستەیان بخەنە باڕازی فرۆشەوە. ئێستا ئیتر فرۆشتنی کولیە و چاو، چارەساز نییە و لێرە و لەوێ ئاگاهی فرۆشتنی دڵیش بە دیوارەکانەوە دراوە. کڕینی ئەندامانی جەستە لە هەژاران و بێبەشان بازرگانیەکی جەنایەتکارانەیە. گەندەڵی تەنانەت ژمارەیەک لە پزیشکەکان بۆتە قەسابی کردنی جەستەی ئینسان بۆ دەستەبەرکردنی پارە. ئەم جۆرە دوکتۆرانە شەبەکەی دەڵاڵ و واسیتەی فرۆشتنی جەستەی ئینسانی تایبەت بە خۆیان هەیە. کۆماری ئیسلامی و تۆڕە گەندەڵ و قازانج پەرەستە پزیشکیەکان سەبەبکاری ئەم بارودۆخە نا مرۆڤانە و توندوتیژ ئامێزەن.
نیزامی سەرمایەداری ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە نامرۆڤانە ترین شیوازەکانی نیزامی سەرمایەدارییە. مانەوەی ئەم ڕژیمە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک بەرەو هەڵدێری فەلاکەت پاڵ پێوەدەنێت و لە داهاتوشدا کارەساتی گەورە و زیاتری ئینسانی لێدەکەوێتەوە.
PAGE \* MERGEFORMAT 4