کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی دە دەوڵەتی خراپترین تێکدەرانی ژینگەدا

 

رۆژی یەکشەممە پێنجی مانگی ژوئێن، بەرابەر لەگەڵ ١٦ ی جۆزەردان، رۆژی جیهانی ژینگەیە. مەجمەعی گشتی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧٢ دا پێنجی ژوئێنی ناو نا ” رۆژی جیهانی ژینگە”. ئامانجی ئەم ناو لێنانە، بەرز کردنەوەی ئاستی وشیاری خەڵک بۆ پاراستنی ژینگە و هاندانی دەوڵەتەکان بوو بۆ ڕەچاو کردنی هێندێک یاسا و ڕێسا بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ وێرانکردنی ژینگە و جۆریی ژیانی گیانلەبەران ڕاگەیەندرا.لەمرۆدا زۆرێک لە کێشە و گرفتە ژینگەییەکانی تر وەک بابەتێکی ناوچەیی و یان تەنانەت نەتەوەیی بە ئەژمار نایەن و بە سرنجدان بە وابەستە بوونی دوو لایەنە و لێک جیانەکراوەی ژینگەیی لەگەڵ بابەتگەلی کەڵانی کۆمەڵگاکانی ئێستا لە وانە ئابووری، گەشەپێدان، سیاسەت، و زۆرێکی تر لە لایەنە مادی و مەعنەویەکانی حەیاتی ئینسان، وەک بابەتێکی جیهانی بە حێساب دێن. لە ڕاستیدا هەر گرفتێکی ژینگەیی بە هەر ڕادەیەک بچوکیش بێته بەرچاو و تەنانەت سنوردار لە چوار چێوەی دیاریکراوی وڵاتێکیشدا بێت، گرفتێکە بۆ سەرجەم دنیا و هەموو بەشەریەت.727
ئەگەرچی پاراستنی ژینگە ئەرکی دەوڵەت و حکومەتەکانە و بۆ بەرگرتن لە وێران بوونی ژینگە پێویستە دەوڵەتەکان بخرێنە ژێر گوشارەوە، بەڵام تاک بە تاکی خەڵکیش تا ڕادەیەک دەتوانن سەهمیان لە بەرگرتن لە وێران بوونی لە ڕادە بەدەری ژینگەدا هەبێت. ئینسانەکان سەربەخۆ لەوەی کە دەوڵەتەکان تا چ ڕادەیەک لە پاراستنی ژینگەدا دەوریان دەبێت دەتوانن ” ئەخلاقی ژینگەیی” خۆیان بەهێز بکەن. ئەخلاقی ژینگەیی، جۆرێکە لە هەڵسوکەوتی ئینسانی بەرپرس و خاوەن شارستانیەتی ئەمرۆیی کە بەبێ ئاگادار کردنەوەی کەسێک، رێز بۆ یاسامەندیە ژینگەییەکان دادەنێ و خۆی بە بەرپرسی ڕعایەت کردنی پاراستنی ژینگەکەی دەزانێ و هەوڵ ئەدات لە چوار چێوەی ئیختیارات و سنوری ژیانی خۆی لە پاراستنی ژینگەدا دەوری هەبێت.

هەرئەوەیکە کەسەکان لە مەسرەفی بەرق، ئاو، یان هەر شتێکی تردا زێدە رۆیی ناکەن، هەر ئەوەیکە ئینسانەکان بێهداشت و پاکوخاوینی ڕەچاو دەکەن و لە فڕێدانی زبڵ و زاڵ لە سەر جادە و کۆڵان و پارک و ڕێگاکان خۆ دەپارێزن، هەر ئەوەیکە ئینسانەکان هەست بەوە دەکەن کە بوونەوەرە زیندوە حەیوانی و گیاییەکان لە زومڕەی ئاڵقەکانی ژینگەیین و نابێ لەنێوبچن، هەر ئەوەیکە هەوڵ ئەدەن فڕێدرواوەکان بە ئامانجی بەرهەمهێنانەوە لێک هەڵاوێرن، بە گشتی ئەم کارە بچوک و شیاوی کردنانە لە ئاستی خۆیاندا سڵامەتی ژینگە زیاتر دەکەن.

دیارە کەسانێک کە بگەنە ئەم ئاستە لە هەستیاری کە خۆیان ئەم شتە ئاساییانە ڕیعایەت بکەن، کەسانی تریش هانئەدەن تا وەک خۆیان سەبارەت بە ژینگەی دەوروبەریان هەستیار بن. ئەخلاقی ژینگەیی، بەم جۆرە گشتگیر دەبێتەوە.

بەڵام گومانی تێدا نییە لە نیزامێکدا کە هەموو شتێک لەسەر پاژنەی گردشی سەرمایە و دەستەبەر کردنی قازانج بگەڕێ، لە نیزامێکدا کە بۆ کەڵەکە کردنی قازانج هەموو شتێک لەوانە ژینگە لەبەردەم کەڵەکە کردنی قازانج و سەرمایەدا قوربانی بکرێت، ڕەواجی فەرهەنگ و ئەخلاقیاتی ژینگەیی دەورێکی سنوردار و کەمی لە بەرگرتن لە وێران بوونی ژینگەدا ئەبێت. خەباتی چارەنووس سازتر لەم بوارەدا دەرگیر بوون لە گەڵ نیزامێکە کە بە حوکمی ماهیەتە جەوهەریەکەی هەموو رۆژێک بەبێ سرنجدانە دواهاتە خێرا و درێژ ماوەکانی گۆشەیەک لە سروشت وێران دەکات. لە نیزامێکدا کە پێکهاتەکەی لەسەر بنەمای چەوساندنەوە، دەستەبەر کردنی سود و قازانج و نا یەکسانی بنیاد نرابێت؛ دەور و نەخشی کەسەکان لە پاراستنی ژینگەدا کەم ڕەنگ دەبێت و ژینگە ئەساسەن دەکەوێتە بەر هێرشی تەماع و زێدەخوازی خاوەنانی سەرمایە.

لەم نێواندا ئێران تەنیا بە دوو دەهومی لەسەد لە سەهمی ئابووری جیهانی پلەی دەیەمی لە وێرانکردنی ژینگەدا هەیە لە دنیادا. کۆماری ئیسلامی بۆ داپۆشینی بەرپرسیاریەتی خۆی لە وێران کردنی ژینگەدا فریوکارانە، وەک بابەتەکانی دیکەی هاوشێوە، بە جێگای رۆژێک حەفتەیەک بۆ ئەم بۆنەیە تەرخان دەکات. بەڵام کاری وێران کردنی ژینگە لە ئاکامی سیاسەتەکانی ئەم ڕژیمەدا گەیشتوەتە ئاستێک کە بەم جۆرە شانۆیانە داناپۆشرێت. دەریاچە و روبارەکان بەرەو وشک بوون دەچن، تاڵاوەکان وشک دەبن، دارستانەکان لە ئاگردا دەسوتێن، بیابانەکان بەرینتر دەبنەوە، سوتەمنی پیسی بەملیۆن ماشێن، فەزای شارەکانی خنکێنەر کردوە و گەلێک بابەتی تر لە وێران بوونی ژینگەدا ڕاستەوخۆ لە سیاسەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیەوە سەرچاوە دەگرن.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە نیزامی سەرمایەداری هۆکاری سەرەکی وێران بوونی ژینگەیە. ئەنگیزەی سود و کەڵەکە کردنی سەرمایە وەک ئامانجی سەرەکی چالاکی ئابووری و کۆنترۆڵێک کە بەرژەوەندی ئابووری سەرمایەداران بەسەر حەیاتی سیاسیدا دەسەپێنێ، سەبەبکاری کارەساتە ژینگەییەکانە لە هەموو دنیادا. بەڵام ئەگەر ئەو بەڵایانەی کە بەسەر ژینگەدا دێن، سەرچاوە گرتوو لە دەست درێژیە تەماعکارانەکانی خاوەنانی سەروەت و دەسەڵات بۆسەر سەرچاوە سروشتیەکانە، لەم نێوانەدا کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی دەیەمی دە دەوڵەتی خراپترین وێرانگەری ژینگەدایە.