کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

InShot 20240515 074118713

ئەم ڕۆژانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕن لە وێنە و ویدئۆی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان مەئموورانی ڕژیمی ئیسلامی و ژنانی ئازادیخواز و  ئازادپۆش لە شارەکانی ئێران و بە تایبەت شاری تاران. لەم وێنانەدا لە لایەک ئاستی وەحشیگەری مەئموورانی جینایەتکاری ڕژیم دەبینین و لە لایەکی ترەوە شاهیدی خۆڕاگریی بوێرانەی ژنانی خەباتکار لە بەرامبەر هێرشی مەغۆل ئاسای بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامیداین. بەڵام ئەوەی کە ئێستا دەیبینین، ڕووداوگەلێکی جیا لە یەک و کتوپڕ نین و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٤٥ ساڵ دەسەڵاتی دژە خەڵکی ئەم ڕژیمە. کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لەو بە دەگمەن نیزامە سیاسیانەی سەردەم کە نزیکەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، هەموو بیروباوەڕە سیاسییەکان، هەموو کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و هەموو گرووپە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی کردۆتە نەیار و دوژمنی خۆی. لەگەڵ هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامی لە زیاتر لە چوار دەیە لەمەوبەر، سەرەتا سەرکوت و کوشتاری لایەنگران و پاشماوەکانی ڕژیمی شا دەستی پێکرد و هەرچی لە توانایدا بوو کوشتی و یان دەستی بەسەر ماڵ و سەروەت و سامانەکانیاندا گرت و ئاخووندە ورد و دەشتەکان، یەکشەوە بوونە کۆشک و تەلارنشین. کوردستان، تورکمان سەحرا، بەندەر ئەنزەلی و کۆمۆنیستەکان، ئامانجی شەپۆلی دووەمی تیرۆر و کوشتارەکان بوون. ئەوان ڕێبەرانی خەڵکی تورکمان سەحرایان لە سێدارە دا. خومەینی فەرمانی جیهادی لەدژی خەڵکی کوردستان دەرکرد. چل ساڵ کوشتن و سەرکوتکردن لە کوردستان هەروا بەردەوامە. ژنان و سەپاندنی بێ مافی بەسەریاندا، بوو بە شوناس و هۆکاری بوون و مانەوەی حکوومەتی ئیسلامی. هەنگاوی یەکەم، بە سەپاندنی حیجابی ئیجباری و هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی ماڵدا و دواتریش دەرکردنی یاسا و ڕێسای کۆنەپەرستانە و هەڵوەشاندنەوە و لێسەندنەوەی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە پێشووتر ژنان بە دەستیان هێنابوو، خرایە دەستووری کاریانەوە. ئەم سەرکوت و توندوتیژیانە لە بەرامبەر خۆڕاگریی ناوازەی ژناندا هەروا بەردەوامە و لە ڕاستیدا خەبات و خۆڕاگریی ژنان لە دژی یاسا و ڕێسا کۆنەپەرستانە و سەدە ناوەڕاستییەکانی کۆماری ئیسلامی، کە ئاپارتایدێکی جنسی بەتەواو مانایە، خاڵی لاواز یان بە واتایەکی تر،پاژنە ئاشیلیڕژیمی ئیسلامییە.

کەمینە نەتەوەیی و ئایینی و بە تایبەت بەهاییەکان و خەڵکی کورد، کرانە ئامانج. سەرکوتی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بە دڕندانەترین شێوە بەڕێوەچوو. پڕۆژەى بەتەواوماناى لەناوبردنی فیزیکى و سیستماتیکى بەهاییەکان خرایە دەستووری کاریانەوە و تەنانەت گۆڕستانەکانیشیان لەم وەحشیگەرییە بێبەری نەبوون. کوشتار و سەرکوتی کۆمۆنیستەکان بێ پسانەوە، بەردەوام بوو و دواتر هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهیدین، کە چەند ساڵێک لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامی بوون و پشتیوانییان لێکرد، کەوتنە بەر ئەو شەپۆلە و لە ساڵی ١٣٦٧دا ئەم کوشتارە گەیشتە لوتکە و هەزاران زیندانی سیاسی، لە زیندانەکاندا لە سێدارە دران. ڕژیم کە بە بەڵێنی یارمەتیدان و پشتگیری لەچین و توێژە ستەم لێکراوەکانهاتبووە سەر کار، کرێکاران و زەحمەتکێشانی لەگەڵ هەژاری و بێبەشییەکی بێوێنە بەرەوڕوو کردەوە. بێکاری، گرانی، نەبوونی ئاو و کارەبا، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو و سەرکوتی ڕێبەرانی کرێکاریی، دیاری نیزامی ئیسلامی بوو بۆ ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێش. زانکۆکان داخران و بە ئیسلامی کران، ناوەندە ئاینییەکان، تەنگیان بە زانکۆ و دامەزراوە زانستی و پەروەردەییەکان هەڵچنی، سەدان مامۆستای زانکۆ لە کارەکانیان دوورخرانەوە و هەزاران خوێندکار بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە خوێندن بێبەش کران. بیرجیاوازان، نووسەران، شاعیران، هونەرمەندانی سینەما و شانۆ و مۆسیقا، هەموویان لەگەڵ گوشاری لەڕادەبەدەری دەزگای سانسۆر و لێپێچینەوە لە جۆری بیروباوەڕ، بەرەوڕوو بوونەوە و ژنان لە بواری ئاواز و گۆرانی، دوورخرانەوە. ژینگەی ئێران بەهۆی سیاسەت و بەرنامە زیانبارەکانی دەسەڵاتدارانی ئیسلامییەوە، گەیشتە لێواری لەناوچوون و چالاکانی ژینگەپارێز، بە بیانووی بێ بنەمای سیخوڕی، تیرۆر کران، لە سێدارە دران و یان کەوتنە زیندانەوە.

ڕۆژنامە سەربەخۆکان یەک لە دوای یەک داخران، ڕۆژنامەنووسەکان ڕەوانەی زیندان کران یان ناچار کران وڵات بەجێبهێڵن. کار گەیشتە ئەو جێگایەی کە دوای داخستنی هەموو ڕۆژنامە و ڕاگەیەنەرەکان، هێرشیان کردە سەر فەزای مەجازی و ئینترنێت و پێنج ملیۆن سایتیان بلۆک کرد. پارێزەرانی سەربەخۆ و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤیان وەک دوژمنی ڕژیم پێناسە کرد و ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوانی مافەکانی مرۆڤ، دامەزراوە حقوقی و پارێزەرە شەریف و ئازادیخوازەکانیان زیندانی، خانەنشین و یان ناچار بە تەرکی وڵات کرد. جووتیاران، ئاژەڵداران، بەرهەمهێنەرانی بچووک و ئەو خەڵکە بازاڕیەی کە کار و کاسبییەکانیان پشت بەستووە بە بەکارهێنانی ئینترنێت و بەهایەکی دراوی جێگیر، تووشی مایەپووچی و ئیفلاس کرد. خانەنشینان، کە پێویستە لە ژیانێکی ئاوێتە لەگەڵ ڕێز و ئەمنییەت بەهرەمەند بن، بوونەتە توێژێکی هەژار و لاوازی کۆمەڵگا و چەندین ملیۆن کەسیان لە تەمەنی پیریدا لەگەڵ کێشەی دەروونی و ماددی بەروڕوو بوونەتەوە. پەرەسەندنی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی کە بۆتە کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ملیۆنان کەس گیرۆدەی بوون، بەشێکە لە درەنجامە کارەساتبارەکانی حکوومەتی ئیسلامی.

لە بواری ناوخۆییدا، هیچ بەشێکی وڵات پارێزراو نەبووە. شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، شەڕ لەدژی خەڵکی کوردستان، کوشتاری کۆڵبەران لە کوردستان و سوختبەران لە بەلوچستان، چاندنی ملیۆنان مین لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای وڵات و کوشتن و بریندار کردنی خەڵک لە شوێنی کار و ژیانیان و هەروەها ناچارکردنی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس بە کۆچکردن لە ئێران، تەنیا بەشێکی بچووکە لە کارنامەی ڕەشی حکوومەتی ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا. لە بواری دەرەوەشدا، هەناردەکردنی تیرۆریزم، خۆشکردنی ئاگری شەڕی ناوخۆ لە چەند وڵات و وەڕێخستنی شەڕی مەزهەبی لە ناوچەکە لە درێژەی سیاسەتە ناوخۆییەکانی ڕژیمدا، هەرچی زیاتر ژیانی لە خەڵکی ئێران دژوار و تاڵ کرد. حکوومەتە بۆرژوازییە تەقلیدییەکان بەشێوەیەکی گشتی هەوڵ دەدەن ناڕەزایەتییەکان کەمتر بکەنەوە و بەم شێوەیە مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن، بەڵام ڕژیمی ئیسلامی هەرلە یەکەم ڕۆژی هاتنەسەرکاریەوە تا ئەمڕۆ کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئارادایە، بەردەوام ناڕەزایەتییەکانی پەرە پێداوە و ئەمڕۆ ئیتر جگە لە دە بۆ پانزە لەسەدی دانیشتوانی ئێران کە لە ڕانتی حکوومەت بەهرەمەندن، هیچ بەشێک لە کۆمەڵگایان لەگەڵدا نییە و یان خوازیاری ڕووخان و لەناوچوونی حکوومەتی ئیسلامین. ٤٥ ساڵ خەبات و خۆڕاگریی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە بەرامبەر ڕژیمەدا، حکوومەتی ئیسلامی لە لێواری ڕووخان و لەناوچوون نزیک کردوەتەوە. خەڵک بە دروستی دەرکیان بەوە کردووە کە بەردەوامبوونی حکوومەتی ئیسلامی، هاوواتایە لەگەڵ برسێتی و بێکاری، زەوتکرانی سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکان، تێکچوونی ژینگە و دواکەوتوویی هەرچی زیاترە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا.