کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی لە ئاستی دنیادا زیاتر پەراوێز دەخرێت

سخن روز 3 1

  هاوپەیمانانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەت چین و ڕوسیە رۆژ لە رۆژ زیاتر لە کۆماری ئیسلامی دوور دەکەونەوە. لە سەفەری چەند رۆژەی ڕێبەری چین بۆ عەرەبستانی سعودی، چین بەکردەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ حکومەتی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا هاودەنگ بوو. تەنانەت سەبارەت بەو سێ دورگەیەی کە وڵاتانی لێوارەی کەنداو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەریان کێشەیانە، ڕێبەری چین خوازیاری چارەسەر کرانی بابەتی مالیکیەتی ئەو دوڕگانە لە ڕێگای وتووێژی سیاسی و دیپلۆماتیکەوە بوو. ئەوە لە حاڵێكدایە کە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە مالیکیەتی ئەو دوڕگانە ئامادەی نییە وتووێژ بکات. ڕێبەری چین تەنیا بەم هاودەنگیەی لەگەڵ عەرەبستانەوە نەوێستا و سەبارەت بە کێشە یەمەن، چاوپێکەوتن و وتووێژی لەگەڵ جەمسەری نەیاری حکومەتی ئیسلامی هەبووە.

ڕێبەری چین لە هەڵسەنگاندنیسێ مانگ ناڕەزایەتی لە ئێران بەو ئاکامە گەیشتوە کە مانەوەی حکومەتی ئیسلامی لە ئێران گەلێک چۆتە ژێر پرسیارەوە. بەر لەم سەفەرەی ڕێبەری چین بۆ عەرەبستان، لە زۆربەی ڕاگەیەنرەکانی چیندا گەلێک ڕاپۆرت سەبارەت بە ناڕەزایەتی و مانگرتن لە ئێران بڵاو دەکرایەوە.

دیاردەکان باس لە خۆ بەدوور گرتنی ڕوسیە لە حکومەتیئیسلامی لە سوریەش دەکەن. هاندانی بەشار ئەسەد لە لایەن پۆتینەوە بۆ کۆبوونەوە و هاوکاری کردن لەگەڵ ئەردوغان لەم ڕاستایەدایە. هەروەها بێدەنگی و تەئیدی ناڕاستەوخۆی عەمەلیاتی ئەڕتەشی ئیسرایل لەدژی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریە ماوەیەکی زۆرە بۆتە جێگای ناڕەزایەتی حکومەتی ئیسلامی.

لە بارودۆخی شپرزەی ئێراندا، حکومەتی تورکیەش ڕایگەیاند کە ڕاگەیەنەرە فارسی زمانەکان ڕوو بە ئێران کارادەکات.

  لاواز بوونی حکومەتی ئیسلامی لە نێوخۆدا و شەپۆلی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتیەکان، دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی تا ئاستێک بەرەو سیاسەتی خۆ بەدوور گرتنی زیاتر لە ڕژیمی ئیسلامی و دیفاع لە ناڕەزایەتی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی پاڵ پێوەناوە. هەڵوێستی ڕەسمی ئەوان بۆ مەحکوم کردنی ئێعدامی موحسین شکاری نمونەیەکە لەم سیاسەتە. ئەوان هەر نەخشەیەکیان بۆ داهاتوی ئەم ڕژیمە لەسەردا هەبێت، لە بارودۆخی ئێستادا سیاسەتی گوشارهێنان بۆسەر ڕژیمی ئێران لەپێناو دەستبەر کردنی ئیمتیازی زیاتریان گرتۆتەبەر.

دخاڵەتی چین لە کێشە ئەرزیەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لێوارەی کەنداو، شکستی دیپلۆماسی و ئیستراتژی سووڕان بەرەو رۆژهەڵاتی حاکمانی ئیسلامی ئێرانە. حکومەتی ئیسلامی کە لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی کێشە و ناکۆکی زۆری هەبووسووڕان بەرەو رۆژهەڵاتی کردبووە ئیستراتیژی خۆی. سووڕانی بە ئاشکرای چین بەرەو عەرەبستان و وتووێژ لەگەڵ نەیارانی حکومەتی ئیسلامی لە ناوچەکەدا، شکست و پەڕاوێز کەوتنی زیاتری کۆماری ئیسلامی بە شوێندا دێت.

دەزگای دیپلۆماسی حکومەتی ئیسلامی نەیتوانی بە تەبلیغاتی درۆینە ڕاستیەکانی نێوخۆی وڵات لەبەرچاوی خەڵکی دنیا و حکومەتەکانیان ون بکات. بێگومان سووڕانی چین بەرەو عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی قەیرانی حکومەتی لە نێوخۆی ئێراندا قوڵتر دەکاتەوە.

ڕوسیەش درەنگ یان زوو ناچار دەبێت بۆ دابین کردنی بەرژەوەندیە درێژماوەکانی لە ئێران، دەست لە پشتیوانی جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵبگرێت. ڕژیمی ئیسلامی لەژێر گوشاری خەڵکی ئێران و پەڕوێز خرانی زیاتری وڵاتانی دنیادایە. درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتن لە نێوخۆی ئێران بەشێک لە دەوڵەتانی دنیا ناچار بە پێداچوونەوەی پێوەندیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.

پەیامی خەڵکی ناڕازی ئێران ڕوون و ئاشکرایە، پشتیوانی و هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە مانای دوژمنایەتییە لەگەڵ خەڵکی ئێران.

ئەم وڵاتانە و حکومەتەکانیان نەک لەبەر دیفاع لە خەڵکی ئێران لە حکومەتی ئیسلامی دوور دەکەونەوە، بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندیە دەرێژ ماوە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی دنیا بەستراوەتەوە بە دوور کەوتنەوە و هاوکاری نەکردن لەگەڵ ڕژیمی ڕوو لە نابوودی ئیسلامی ئێران.