کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ بڕیاری ئێعدام به‌ڕێوه‌ ده‌بن

سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا کە دوێنی لە ڕاگەیەنەرەکاندا بڵاو بۆوە، رایگه‌یاند كه‌ وڵاتانی ئێران، پاکستان و عەرەبستانی سعودی زۆر ترین ئێعدامیان لە ساڵی ٢٠١٥ دا تێدا به‌ڕێوه‌چووه‌. له‌ نێو ئه‌م وڵاتانه‌دا کۆماری ئیسلامی بە ٩٧٧ ئێعدام لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥ دا لە سەره‌وه‌ی ریزبه‌ندیكه‌یه‌ و لەم بارەیەوە خاوەنی پەلەی یەکەمە لەدنیادا. هەروەها ڕاپۆرتی گەیشتو باس لەوەدەکات کە مەترسی ئێعدام کردنی پێنج لاو لە زیندانی ناوەندی شاری سنە لە ئارادایە. ” یۆسف محەممەدی، سیاوەش محەممەدی، ئامانج وەیسی و هێمن ئەورامی نیژاد”، لەگەڵ لاوێکی تر کە بە ئێعدام مەحکوم کراون، لە کاتی ئەنجامدانی ” تاواندا” کەمتر لە ١٨ ساڵیان تەمەن بووە. پێشتر سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیاندراوێکدا ناڕەزایەتی خۆی سەبارەت بە ئێعدام کردنی تازەلاوان لە ئێران دەربڕیوە و خوازیاری هەڵوەشانەوەی بڕیاری ئێعدام بووە.لە كاتێكدا رۆژانە بە ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە لە ئاکامی خەباتی خەڵکدا سزای ئێعدام هەڵدەوەشێنەوە، زیاد دەبێت، کۆماری ئیسلامی پلەی بەرزتر لە بواری دەرکردنی بڕیاری ئێعدامدا بە دەست دێنێ. سەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی لە سەر هۆکار و ڕیشەی موسیبەت و نابەسامانیە کۆماڵایەتیەکان، لە ڕێگای بڵندگۆ تەبلیغاتیەکانیانەوە سزای ئێعدام وەک ڕێگای بەرنگار بوونەوە لەگەڵ كێشه‌ و گیروگرفته‌كان و کاردانەوەی لێبراوانه‌ بەرانبەر ئەم گرفت و تاوانه‌ کۆمەڵایەتییه‌كان لە قەڵەم ده‌دات. دەڵێن ئەگەر ئێعدام نەبێت تاوانی کۆمەڵایەتی هان ئەدرێت و ئەمنیەتی کۆمەڵگا ده‌كه‌وێته‌ مەترسیەوە. بەڵام ڕاستیەکە به‌ پێچەوانەی ئه‌م ئیدیعایه‌یه‌. لە ڕاستیدا ئەوە خودی کۆماری ئیسلامیە کە ئەمنیەتی لە ژیانی خەڵكی ئەم ولاتە هەڵگرتوە لەبەر ئەوەی ئاستی کرداری توندوتیژ ئامێز و کوشتاری وحشیانە لە لایەن ڕژیمی ئیسلامیەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕێژەی ئەو توندوتیژی و جەنایەتانەی تاکێک له‌ كۆمه‌لگادا ئەنجامی ئەدات شیاوی بەراورد کردن نییە. ئاستی پەرەدان بە مادە هۆشبەره‌كان لە کاناڵی مافیاکانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ قەبارەی فەعالیەت و چالاکی قاچاقچیانی فەردی شیاوی بەراورد کردن نییە. ڕێژەی زەوت کردنی ئەمنیەت لە ژیانی رۆژانه‌ی خەڵک لە لایەن ڕژیمەوە لە ڕێگای دەخاڵەتی بەردەوام لە حەوزەی ژیانی تایبەتی خەڵکدا بە وەسیلەی بەسیجیەکان و گەشتەکانی ” ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر” و لیباس شەخسیەکانەوە، کەی لەگەڵ ڕێژەی تاوان ئەنجامدانی کەسێکدا کە بە هۆكاری شەخسی ئەنجام ئەدرێت، شیاوی بەراورد کردنە. کۆماری ئیسلامی قوربانیانی نیزامێکی کۆمەڵایەتی زاڵمانە کە خۆی بەسەر ژیانی ئینسانەکانیدا زاڵی کردوە، ئێعدام دەکات تا بەرپرسیاریەتی خۆی لە دروست کردنی بەستێن و بارودۆخێک کە ئەم جۆرە جەنایەتانە بەردەوام لەنێویدا بەرهەمدێنەوە، پەردەپۆشی بکات. 687
بەپێی تەجروبەی عەینی لەو وڵاتانەی کە سزای ئێعدام لەنێو چووە و بەپێی ئەو توێژینەوانەی كه‌ لە لایەن کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتیەوە ئه‌نجام دراون هیچ ئامارێکی بەڵگەمەند بوونی نییە کە نیشانی بدات لە ڕێگای ئێعدامەوە دەکرێ بەر بە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی تاوان و خلافكاری لە کۆمەڵگەدا بگیرێت. بە پێچەوانە ئەم توێژینەوانە نیشانی ئەدەن لەو کۆمەلگایانەدا کە کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت قوڵتر دەبێتەوە و نیزامی ئابووری دەبێتە هۆی هەژارتر بوونی زۆربەی خەڵک و هاوکات کەڵەکە بوونی سەروەتی زۆروزه‌به‌ند لە دەست گوروپێکی بچوکدا، بەردەوام هەژاری و بێبەشیە کۆمەڵایەتیەکان دەبنە بەستێنێک بۆ پەرەسەندنی جورم و جەنایەت. لە ڕاستیدا ئەوە خودی نیزامی سەرمایەدارییە کە جۆر و بڕی تاوانێک کە سزای بۆ دیاری دەکرێت بەرهەم و دیسان بەرهەمدێنێتەوە. ئەزمونی مێژوییش ئەم ڕاستیەی سەلماندوە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری کە خەباتی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز بەشێک لە ئیسلاحاتی کۆمەڵایەتی و بەرنامەی ڕیفاهی بەسەر دەوڵەتەکانداسەپاندوە، بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕێژەی جورم و جەنایەت کەم بۆتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەزمونەکانی تائێستا دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە پەیڕەو کردنی سزای ئێعدام لە لایەن دەوڵەتەکانەوە، کۆمەڵگا زیانمندتر دەکات و بارودۆخ و بواری ڕەوانی گونجاوتر بۆ دیسان بەرهەمهاتنەوە و پەرەسەندنی توندوتیژی و تاوان فەراهەم دەکات.

ئەزمونی سەجەم کۆمەڵگاکان و ئەو ئامار و زانیاریانەی کە جێی بڕوان نیشانی ئەدەن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا ئەمنیەتی خەڵک لەم ڕێگایەوە زیادی نەکردوە. بەڵكو بە پێچەوانە نەفسی ئێعدام هەستی تۆڵەسەندنەوە و ڕەوانشناسی توندوتیژی بەهێز دەکات. کاتێک کوشتن لەبەرانبەر کوشتندا لە لایەن دەوڵەتەوە سزا بێت، بۆچی کەسانی تر هان نەدرێن کە بە دەستی خۆیان ئەم بەناو دادپەروەریە ئیجرا بکەن؟ هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام بە واتای ئەوەیە کە گیانی ئینسان بەنرخە و بە هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام گیانی ژمارەیەکی زۆر دەپارێزرێت. لە حاڵێکدا کە ئیجرای ئەم مجازاتە نە تەنیا دەور و نەخشێکی لە کەم کردنەوەی ڕێژەی جەنایەتدا نییە بەڵکو کاتێک دەوڵەتەکان بە پاڵپشتی یاسا دەست ئەدەنە کوشتنی ئینسانەکان لەژێر ناوی سزای ئێعدام، لە ڕاستیدا بە داشکاندن لە نرخی پاراستنی گیانی ئینسان ڕێگا بۆ دووپاتبوونەوەی لە کۆمەڵگادا خۆش دەکەن.
ئیدیعای ئیجرای دادپەروەری لە ڕێگای سزای ئێعدامەوە شتێکی بێ بنەمایە. ئەگەر قەرار لەسەر ئیجرای دادپەروەری بێت، تاوانباری یەکەم خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە کە هەزاران ئینسانی لەبەر بیروباوەڕیان و بە خاتری خەبات کردن بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیان لەم کۆمەڵگایەدا کوشتوە و ماشێنی جەنایەت و کوشتاری رۆژێکیش ڕاناوەستێ. چلۆن دەکرێت ئیجرای دادپەروەری لە ئاوا ڕژیمێکی تاوانکار چاوەڕان بکرێت؟ ئامانج لەم ئێعدامانە نەک ئیجرای عەداڵەت، بەڵکو وادار کردنی خەڵکە بە مل کەچ کردن لەبەرانبەر دەسەڵاتی دەوڵەتدا، دەسەڵاتێک کە خۆی سەبەبکاری لەدەست چوونی گیانی هەزاران ئینسان و پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان و زەوت کردنی مافە سەرەتاییەکانی بە ملیۆن ئینسانە.
ئێعدام کردنی تازەلاوانی ژێر ١٨ ساڵیش کە لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا باوە، جەنایەتێکی چەند بەرابەر تاوانکارانەیە. لە مافە ناسراوەکانی نێونەتەوەییدا، منداڵ کەسێکە کە تەمەنی لەژێر ١٨ ساڵیدا بێت، بەڵام لە قانونەکانی کۆماری ئیسلامیدا کە ڕیشەی لە شەریعەتی ئیسلامدایە، کچانی تەمەن ٩ ساڵە و کوڕانی تەمەن ١٥ ساڵی وەک باڵغ بە ئەژمار دێن و بە شێوەی یاسایی سەرجەم ئەو سزایانە دەیانگرێتەوە کە بۆ گەورە ساڵان دەردەکرێن.
گومانی تێدا نییە کە لە سبەی رۆژدا کە تەمەنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێت، تاوانه‌كانی جەنایەتکارە ورد و درشتەکانی ئەم ڕژیمە لە ڕێگای دادگای سەڵاحیەتدارەوە لێكۆڵینه‌وه‌یان لێ دەگرێن، بەڵام لەدژی هیچ کەس بە هیچ پاساوێک حوکمی ئێعدام دەرناکڕێت.