کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  کۆماری ئیسلامی خەریکی ئامادەکاری بۆ کاری ماجەراجویانەی نیزامیە لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان

manorrr

  سپای پاسداران هێزی زیاتری گواستۆتەوە نزیک سنورەکانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان. فەرماندەی سپا هەڕەشەی کردوە ئەگەر داخوازیەکانیان سەبارەت بە بەرتەسک کرانەوەی هەڵسوڕان و چالاکی ئەحزابی ئوپوزسیۆنی جیگیر لە هەرێمی کوردستان بەکردەوە دەرنەیەت، دێتە نێو خاکی کوردستانی ئێڕاقەوە.

  نە بوونی ئەحزابی ئوپوزسیۆن لە کوردستانی حێڕاقدا دیاردەیەکی تازەیە و نە هەڕەشە و گوشارەکانی ڕژیمی ئیسلامی. لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا بەردەوام شاهیدی تۆپباران کردنی سنورەکان، ئاگرتێبەردانی مەزراکان، هەڵگرتنی ئەمنیەت و ئاسایش و لەنێو بردنی دەست ڕەنجی خەڵکی زەحمەتکێشی هەرێمی کوردستان بوین. ئەگەرچی هەموو جارێک بوونی ئەحزابی نەیاری کۆماری ئیسلامی کراوەتە بیانو، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای گوشارهێنای نیزامیەوە بەردەوام بەشوێن ئامانجی دیکەوە بووە. هەدەفی سەرەکی خستنەژێر گوشاری حکوموتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی سیاسی و ئابووری. کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بە هیچ شێوەیەک بە بوون و پێکهاتنی حکومەتێکی کوردی، جا لەژێر هەرناوێکدا بێت و بە ماهیەتێکەوە، ڕازی نییە و لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە لەسەر نفوز و هێژمونی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە حاڵی ڕقابەت دایە. ڕقابەتەکانی ئەم دوو دەوڵەتە ناوچەکەی کردۆتە گۆڕپانی تەڕاتێنی ئەوان.

  بەم دواییانە لەگەڵ توندتر بوونەوەی قەیرانی سیاسی لە عێڕاق و بیلاتەکلیف مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا، کۆماری ئیسلامی هەرێمی کوردستانی بۆ گۆڕینی هاوسەنگی سیاسی بە قازانجی لایەنگرانی، کردۆتە ئامانج، بەڵام لە ماوەی سێ حەفەتەی ڕابردودا و لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری لە ئێران ئامانجێکی هەمیشەیی و لە مێژینە تری کۆماری ئیسلامی لەشکرکێشی بەرەو سنورەکانی هەرێمی کوردستانی پێوە زیاد بووە. ئەویش ئەوەیە کە بە هێرشی موشەکی بۆسەر بنکە و بارەگاکانی ئوپوزسیۆن و هەڕەشەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی نیزامی زەینی خەڵکی ئێران لەسەر خەبات و تێکۆشانی نیوخۆی وڵات ئاڕاستەی دەرەوەی سنورەکان بکات. گۆیا ئەمە نەک ستەم و چەوساندنەوە و پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی ژنان و پیاوانی ئەم وڵاتە و جەنایەتی بێسنوری ٤٣ ساڵی ڕابردو، بەڵکو هێندێک دەستی دەرەکی سەرچاوە و هۆکاری ئەم ئاخێزە گەورە و بەرینەن.

  ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ گەورەترین قەیرانی ٤٠ ساڵەی دەسەڵاتی خۆیدا بەرەو ڕوو بۆتەوە و ئەگەری ڕووخانی ڕژیم بۆ خەڵک، خودی حکومەت و سەرجەم حکومەتەکانی ناوچەکە و جیهانیش بۆتە بژاردە و ئەگەرێکی جیددی. لە وەها بارودۆخێکدایە کە جارێکی تر سەرانی ڕژیم بەدوای ئامانجی قەدیم و ئێستای خۆیانەوە بۆ ئەنجامدانی کارێکی ماجەراجویانەی نوێوەن لە هەرێمی کوردستان، تا بەڵکو بە بیانوی بەرەنگار بوونەوەی جودایی خوازەکان ناڕەزایەتیەکانی خەڵک کەم بکەنەوە.

  چوار حەفتە توندوتیژی حکومەت، کوشتنی نزیکەی ٢٠٠ کەس لە کوردستان و بەلوچستان و باقی شوێنەکانی تری ئێران، گرتنی بەهەزاران کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیو، نە تەنیا نەیتوانیوە ئاگری توڕەیی خەڵک دابمرکێنێتەوە بەڵکو قەیران و ناڕەزایەتیەکانی قوڵتر و بەرین تر کردۆتەوە.

  بۆمباران کردنی ئەحزابی سیاسی کوردستان و هێرشی نیزامی بۆسەر قوتابخانە، مەزرا و ماڵی خەڵک هیچ دەستکەوتێکی بۆی نەبووە. خەڵکی کوردستان بە بەڕێوەبردنی سێ مانگرتنی سەرکەوتوانە و بە نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرینی سەرشەقام لە شارەکاندا وڵامی جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامییان داوەتەوە.

  هێرشی نیزامی بۆسەر خەڵکی بێبەش و ستەمدیتوی بەلوچستان و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی ئاسایی لەسەر شەقامەکان لە خزمەت کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لە شەڕی تەبلیغاتی و ڕەوانیدا بوو تا سەرنجەکان لەسەر ناڕەزایەتی خەڵک لەدژی ڕژیم لابچێت. ئەم جەنایەتە لە بەلوچستانیش ئامانجی دڵخوازی ڕژیمی بەدی نەهێنا. یەکێتی و یەکگرتویی خەڵکی کوردستان لەگەڵ باقی خەڵکی ئێران بووە بە کابووسی حکومەتی ئیسلامی. سەرانی ڕژیم بۆ جیایی و دووبەرەکی نانەوە لە نێوان خەڵکی کوردستان و باقی دانیشتوانی ئێران چاوپۆشی لە ئەنجامدانی هیچ جەنایەتێک ناکات. بەڵام خەڵکی کوردستان وشیار تر و یەکگرتوانە تر لە هەر دەورەیەک بە خەبات و خۆڕاگری خۆیان پیلانەکانی ڕژیمی ئیسلامی پوچەڵ دەکەنەوە. ئەم جۆرە هەوڵانە یەکێتی و یەکگرتویی خەباتکارانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی ئێران پتەوتر دەکات.