کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی بە گرتنی سەنگەر بە سەنگەر دەکرێ بڕوخێندرێت

Mahabad

بەرچاو ترین تایبەتمەندی ڕژیمی ئیسلامی ئێران دەست تێوەردانە لە تایبەتی ترین مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگاوە. ڕژیم لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا بە ڕێکخستنی ناوەند و ئۆرگانی پانوبەرین و پڕهەزینە ئەم دەستێوەردانەی بەرەوپێش بردوە. بەڵام خەڵکێک کە لەژێر حاکمەیتی وەها سیاسەت و کردارگەلێکدا ژیانیان بەرەو نابوودی چووە، خەڵکێک کە لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە ناکرێ بۆ هەمیشە لە زیندانێکی بە پانتایی کۆمەڵگای ئێراندا ڕایبگریت. ئیدئۆلۆژی و باوەڕە مەزهەبیەکانیش ئەگەر ڕۆژگارێک بە ئاوێتە بە درۆ و فریو و سەرکوت، ئامرازی بەڕێوەبردنی ئەم زیندانە گەورە بوون، لە ماوەی ٤ دەیەدا بەرە بەرە و لەم ٦ مانگەدا کە شۆڕشی ژینا تێدا لە ئارادا بووە بە خێرایی بێ کاریگەر بوونەتەوە.

  خامنەیی لە سوخەڕانیەکی نزیکەی ٢ مانگ لەوە پێشیدا کە لە کۆبوونەوەی مەداحەکان لە قوم کردی، ئەم بارودۆخەی بە باشی شیکردەوە. ئەو لەم سوخەنڕانیەدا دانی پێدا نا و وتی:” ئێمە دەستور ئەدەین، نەسیحەت دەکەین، دەلیل و مەنتق دێنینەوە بەڵام هیچ کاریگەریەکی نییە، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە فەزای گشتی، فەزایەکی گونجاو لەگەڵ ئەوەی ئێمە دەمانەوێ نییە.” مەبەستی ئەوە بوو فەزای گشتی ئەو جۆرەی کە ئەو دەیەوێ بە ئەندازەی کافی ئیسلامی نییە.

بەڵێ، فەزای گشتی لە کۆنتڕۆڵی ئەوان دەرچووە و ئەم فەزایە بە تێپەڕبوون لە تەوەهوم و فریو بەرەو ئەوە دەچێت تا بارودۆخی داسەپاوی ئێستا بگۆڕێت. بەڵام لەبەر ئەوەی کە فەزای گشتی گونجاو لەگەڵ ئەوەی کە ئەوان گەرەکیانە نییە و بە قەولی خامنەیی تەبلیغ و نەسیحەتیش کارساز نەبووە، کەوایە لە تەنیا ئامرازێک کە لەبەر دەستی دایە، واتە درێژەدان بە سەرکوت کەڵک وەردەگرێت. هەر کاتێک کە نیزامێکی ستەمکار و سەرەڕۆی وەک ڕژیمی ئیسلامی ناتوانن فەزایەکی گشتی جێی سەرنجی خۆیان بەدی بێنن، عەقڵ لە مێشکیان دەپەڕیت و زیاتر هار و دەستوەشێن دەبن، واتای ئەم قسەیە ئەوەیە کە حاکمیەتی ئیسلامی بەم ئاکامە گەیشتوە کە بۆ درێژەدان بە حاکمیەتیان و بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا دەبێ درێژە بە کرداری ستەم کارانەیان، بە سەرکوت و ئەزمە دروست کردن بدەن. بۆ وەها حاکمیەتێک دەست نەبردن بۆ وەها کردارێک بە واتای لەنێو چوونە.

  ڕاستیەکەی ئەوەیە کە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا وەها کەلێنێکی لە کولیەتی نیزامدا دروست کردوە کە شیاوی پڕکردنەوە نییە، ئیدئۆلۆژی حکومەتی لە هەموو ئاستێکدا بەوپەڕی پەڕتوکاوی گەیشتوە. نمونەکەی خەباتی سەنگەر بەسەنگەری هەڵوەشانەوەی حیجابی ئیجباری وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی دەرێژەی حاکمیەتی ئیسلامی بە ڕوونی دەبیندرێت.

بەڵام ئەم سەنگەرە بەکردەوە لە ئێستادا خەریکە داگیر دەکرێت. وەک نمونە، ئەوەی کە ڕۆژی هەینی ١١ ی مانگی خاکەلێوە ڕوویدا کە نۆحە خوێنێکی ئاتەش بە ئیختیار لە دوکانێکی شیرەمەنی فرۆشی هەڵکەوتو لە گەڕەکی شاندیزی مەشهەد سەتڵێک ماستی کرد بەسەر دایک و کچێکدا، کە حیجابی ئیجباریان توڕدابوو، بەشوێنیدا خاوەن دوکانەکە، موشتەریەکان و ژنەکان هێرشیان کردەسەر نۆحەخوێنەکە و هەڵیانبڕی، گەواهیدەری ئەم ڕاستیەیە. لاوانی شاندیز بە خێرایی ناو و وێنە و ئادەرەسی کەسی دەستدرێژیکاری بەکرێگیراویان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کردوە و خوازیاری تەنبێ کردنی بوون. دادستانی بەسیجیەکەی بە ڕواڵەت دەستبەسەر کرد تا خۆی لە ئاگری قینی خەڵک بپارێزێت. هەڵبەت هاوکات لەبەر دڵیئوممەتی حیزباللەحوکمی پلۆمپکرانی دوکانەکەش دەرچوو، بەڵام لەترسی ناڕەزایەتی خەڵک دوای چەند کاتژمێرێک حوکمەکە پوچەڵ کرایەوە. ڕۆژی دواتری دوکانەکە پر بوو لە گوڵ و شیرینی و پێشوازی خەڵک لە دوکاندارەکە. وەها کردارێک و ئەوەی کە ڕۆژانە لە خەبات بۆ گرتنی ئەم سەنگەرانە لە کۆڵان و بازاڕ و شوێنی کار و شوێنە گشتیەکاندا لە ئارادایە پێمان ئەڵێ کە ئەم سەنگەرە لەحاڵی گیراندایە.

داگیرکردنی ئەم سەنگەرە و ئەزمونی بەدەست هاتوو لەو هێزە ئاڵوگۆر پێکهێنەرە لە کۆمەڵدا هەوڵدان بۆ فەتحی باقی سەنگەرەکان و سەرئەنجام ڕوخاندنی حاکمیەتی ئیسلامی بەهێز دەکات. لەم ڕوەوە خەبات دژبە پۆشینی زۆرەملێ ئەرکی ژنان بە تەنیا نییە، ئەرکی هەموو ئەو کەسانەیە کە خوازیاری ئاڵوگۆڕن لە بارودۆخی ئێستادا و داواکاری ژیانێکی ترن کە مافەکانیان، حورمەت و کەرامەتیان، ئیرادە و بڕیاریانی تێدا پارێزراو بێت.

ژیمی ئیستبدادی ئیسلامی لە بارودۆخێکی دژواردا گیری خواردوە. لە لایەکەوە ناتوانێ، و دیارە خۆیشی نایهەوێ، ڕازی بێت بە داخوازیە ڕەواکانی خەڵک، لەبەر ئەوەی ئەگەر والێهات ئیتر حکومەتێکی ئیسلامی بوونی نییە. لەلایەکی دیکەوە خەڵکیش عەزمیان جەزم کردوە کە مافە پێشێل کراوەکانیان بەدەست بێنن و حاکمیەتی ئیسلامی بە داگیر کردنی سەنگەر بە سەنگەر بڕوخێنن. بەم شێوەیە هیچ ڕێگای ڕزگار بوونێک بۆ کۆماری ئیسلامی بە زەیندا نایەت.