کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی بە ئاڕاستەیەکی بێ گەڕانەوەدا

سخن روز

  شۆڕشی ژینا، هەروا زیندو و بەهێز بەڕەوپێشەوە دەچێت، ئەزمون بەدەستدێنێ، ئیپتیکاری خەباتکارانە و داهێنەرانە و جیدی تێدا ڕەچا دەکرێت. رۆژ بە رۆژ بەشێکی بەرینتر لە کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ تێیدا دەور دەگێڕن. جوڵە و حەرەکەتی بەشێک لە چینی کرێکار، چینێکی کە لە کۆتاییدا دەبێ گورزی کۆتایی لە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بوەشێنێت، دەستی پێکردوە.

حەفتاو حەوت رۆژ ناڕەزایەتی و مانگرتنی خەڵک دوای کوژرانی ژینا ئەمینی بەدەستی حکومەت، ڕوخانی حاکمیەتی ئیسلامی بۆتە باسی سەرەکی رۆژ لە نێوخۆی ئێران و لە فەزای سیاسی دەرەوەی وڵاتدا.

چل و چوار ساڵ حکومەتی ئیسلامی زۆربەی خەڵکی گەیاندۆتە ئاستێک کە پێیان وابێت گۆڕینی نیزامی سیاسی و ڕوخانی ڕژیمی ئیسلامی تەنیا ڕێگا چارەی جیدی، کاریگەر و عەمەلییە بۆ دەرچوون لە قەیرانە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان.

حاکمان و ناوەندە حکومەتیەکانیش بەو ئاکامە گەیشتون کە حکومەت کردن بە شێوازی دوو مانگ و نیو لەوە پێش نە مومکینە و نە بە قازانج و لە ڕاستای مانەوەی حکومەتی ئیسلامیدایە. سەرانی هەرسێ دەسەڵاتی دەوڵەتی، کاربەدەستانی نیزامی و ئەمنیەتی، تەنانەت بەشێک لە ڕۆحانیەکانیەتیش باس لە ئاڵوگۆڕێکی گونجاو بۆ کۆماری ئیسلامی دەکەن.

حکومەتی ئیسلامی وێڕای سەرکوتی توندی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان دەزانێ کە هاوسەنگی هێزی نێوان خەڵک و نیزام بە قازانجی خەڵک گۆڕاوە و ڕژیم بۆ مانەوەی دەبێ دەست بداتە کۆمەڵێک پاشەکشە و بە سەرەوەنانی جامێک ژەری تر. سەرانی ڕژیم لە هەوڵدان تا بە سەرکوتی خەڵک لەسەر شەقامەکان، پاشەکشەکانی خۆی بە باشی کۆنترۆڵ و مودیریەت بکات بۆ ئەوەی بەڵکو بەربە ئەگەری ڕوخانی نیزامەکەی بگرێت. بەڵام خەڵک دەزانن بە مانەوەی ڕژیم هیچ باشتر بوونێکی جیدی و بەردەوام لە ژیانیاندا ڕوونادات و مەترسی شکستی شۆڕش و مانەوەی ڕژیم بۆ خەڵک زۆر جیدی ترە لە مەترسیەکانی دیکە.

حکومەت وێڕای سەرکوتی خوێناوی و سیتماتیک، خەڵک لە مەترسی دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دەترسێنێ. گەورە کردنەوەی مترسی ڕوخان بۆ خەڵک لەبەر ئەوەیە کە مەترسی و زیانە قەرەبوو نەکراوەکانی مانەوەی نیزامی ئیسلامی کەم بکەنەوە.

  دوومانگ و نێو ناڕەزایەتی خەڵک ئاکامەکەی ئەوەیە کە نە حکومەت دەتوانێ حاکمیەتی خۆی بە بێ سەرکوتی توند و خوێناوی دەرێژە پێبدات و نە خەڵک ئامادەن ئەم بارودۆخەی ئێستا قەبوڵ بکەن. ڕیفۆڕم خوازانی حکومەتی کە لە سەرکوت و جەنایەتەکانی ڕژیمدا لەدژی خەڵک بەشدارن و لە کۆمەڵێک ڕاندخۆری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی بەهرەمەند بوون، خەڵک لە مەترسی شۆڕش ئەترسێنن. بۆ زۆربەی خەڵکێک کە لە ئەمنیەت، کار، هیوادار بوون بە داهاتوو، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەهرەمەند نین، هیچ مەترسیەک گەورەتر لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی بوونی نییە.

ئەوژن و پیاوانەی کە لەسەر شەقامەکانن، زیاتر لە ٥٠٠ کەسیان لە قەتڵە حکومەتیەکاندا گیانیان بەختکردوە. بە هەزاران کەسیان بریندار و بە ئێقرار و قسەی بوڵتەنێکی ئاشکرا بووی فەرماندەکانی سپا، نزیکەی ٣٠ هەزار کەسیشیان دەستبەسەر و زیندانی کراون، بێ پشودان خەبات و تێکۆشانەکەیان تا ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی دەرێژە پێئەدەن.