کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامی ئێران، هێزێکی داگیرکەر لە کوردستان

کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارانی دەست تەنگی سەرسنوو لە کوردستان هەروا بەردەوامە. بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی کۆڵبەرنیو لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا لە ناوچە سنوورییەکانی ئوستانەکانی ئازەربایجانی غەربی، کوردستان و کرماشان، بەهۆکارگەلێکی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، سەرمابردوویی، کەوتنەسەر مین و هیتر… ٢٠ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە ١٢٧ کۆڵبەریش بەتووندی برینداربوون. هەر بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە تەنیا لە یەک مانگی ڕابردوودا ٢٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم و بەتووندی برینداربوون.

کۆڵبەریی کارێکی دژوار و پڕ مەترسییە کە بەردەوام گیانیان لە مەترسیدایە. گەورەترینی ئەم مەترسییانە، جینایەتێکە کە بەردەوام لەلایەن مەئموورانی ڕژیمەوە لەسەر سنوورەکان ڕوودەدات و لەئاکامدا هەرجارە و ژومارەیەک لەو زەحمەتکێشانە گیان و ماڵی خۆیان لە دەست دەدەن. کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکانی کوردستان، هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی جێگیر کردووە بۆ ئەوەی هەرچەشنە جموجۆڵ و هاتن و چوونێک بخەنە ژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی بکەن. ئەو بەکرێگیراوانە بە شێوازی جۆراوجۆر ئەو خەڵکە زەحمەتکێشەی کە لەڕێگەی کۆڵبەری و گواستنەوەی ئەو شتومەکانەی کە هی ئەوانیش نییە و تەنیا لەبەرامبەر حەقدەستێکی کەمدا دەیگوازنەوە بۆ ئەمدیو و ئەودیوی سنوورەکان، لەو ڕێگایەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، دەکەونە بەر ئەزیەت و ئازار، باج و غەرامەیان لێ دەستێنن، هەرجارناجارێکیش بە ئامانجی سیاسی و بەمەبەستی زاڵکردنی کەشێکی پڕ  لە ترس و تۆقاندن و  نائەمنی لەو ناوچانە، دەیاندەنەبەر دەستڕێژی گوللە و گیانیان لێ دەستێنن.

ئەگەرچی بەکۆڵ هەڵگرتنی بارێکی قورس بۆ ماوەی چەند کاتژمێر، گەلێک دژوار، و تاقەت پروکێن، نەفەسبڕ و پڕمەترسییە، بەڵام مەترسی لەوەش گەورەتر بریتییە لە تێپەڕین لە ڕێڕەوی مۆڵگەکان و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە نیزامی و بەکرێگیراوەکانی ڕژیم. ئەوان کە سەرەکیترین کاریان ئەزیەت و ئازاری خەڵک و بەتایبەت کۆڵبەران و ئەستاندنی باج و غەرامە و بەتاڵانبردنی سامانی کاسبکارانی سەرسنوورە، گەلێک جار بەبێ هیچ بیانوویەک و تەنیا بەمەبەستی ترساندن و تەسلیم کردنی زەحمەتکێشانی کۆڵبەر بۆ وەرگرتنی باجی زیاتر، کاسبکاران و کۆڵبەرانی سەرسنوور دەدەنەبەر دەستڕێژی گوللە و دەیانکوژن.

بێکاری لە کوردستان بەڕادەیەک بەربڵاو و ڕوو لە زیادبوونە کە سەڕەڕای تەواوی ئەو مەترسییانەی کە لەپێناو کارێکی ئاوادا بۆیان دێتە پێشەوە، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ ژومارەی ئەو کەسانەی کە ڕوودەکەنە ئەو کارە، زیاتر دەبێت. لەناو ئە کۆڵبەرانەدا لاوانی کەمتر لە ١٥ ساڵ و پیرە پیاوانی بانتر لە ٦٥ ساڵیش بەرچاو دەکەون.

زۆریەک لە کاسبکارانی سەرسنوور و کۆڵبەرانی لاو، ئەو کەسانەن کە خوێندنیان تەواو کردووە بەڵام هەتا ئێستا نەیانتوانیوە کارێک پەیدا بکەن. کۆڵبەران و ئەو کەسانەی کە خەریکی کاری گواستنەوەی شتومەک لە سنوورەکانن، لەڕاستیدا هێزێکی کاری بەکرێگیراوی ئەو تاجر و دەڵاڵانەن کە لەڕێگای ئەو ئۆفیسانەی کە لە شار و گوندە سنوورییەکان هەیانە، کەلوپەلی جۆراوجۆر لە خاڵێکی سنوورییەوە هەناردە یان هاوردە دەکەن و بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەک هەڕەشەیان لێ بکات، زۆرترین قازانج دەخەنە گیرفانیانەوە و حەقدەستێکی زۆر کەمیش بە کۆڵبەران دەدەن.

کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران، گیرۆەکردنی بەربڵاو و پلان بۆ داڕێژراوی خەڵک بە مادەی هۆشبەر، بەتاڵانبردنی سامانی ژێر زەوی و تەنانەت کەڵکوەرگرتن لە ئاوی کوردستان لەدژی خەڵکی کورد لە ئێران و عێراق، دوژمنایەتی بە ئاشکرا لەگەڵ خەڵکی کوردستان لە عێراق، سووریە و تورکییە و دەستێوەردانی تیرۆریستی لەدژیان، هەوڵدان بۆ دروستکردنی ناکۆکی و دوبەرەکی نەتەوەیی و ئایینی لەنێوان کورد و نەتەوەکانی تر لە ئوستانەکانە ڕۆژاواییەکانی وڵات، بە ئەمنییەتی کردنی کوردستان و جێگیرکردنی بەربڵاوی مەئمووران و بەرپرسانی غەیرە کورد لە هەموو ئاستەکانی بڕیاردان، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، پەروەردە، فەرهەنگی و هیتر…دا، هەمووی ئەمانە و پتر لەوەش، نموونە ناسراو و کلاسیکەکانی هەڵسوکەوتی ڕژێمێکی داگیرکەرن.

بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامی، ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژاوای وڵات، لەباری ڕێژەی بێکاری، هیواداربوون بە ژیان، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەوا و دەرمان، مردنی منداڵانی تازە لەدایکبوو، نەخوێندەواری، خزمەتگوزاری شار، ڕێگاوبان و پڕۆژەکانی تری ئاوەدانکردنەوە، لەناو ئوستانەکانی ئێراندا تەنیا لە ئوستانی سیستان و بەلوچستان باشترە. ڕێکخراوە سەربەخۆ و جەماوەرییەکان لەگەڵ گوشاری لەڕادەبەدەری حکومەتی بەرەوڕوو بوون و هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، فەرهەنگی و هونەری، مامۆستایانی زمانی دایکی، هەڵسووڕاوانی داکۆکیکاری مافەکانی منداڵان و بەساڵاچووان و ژنانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب، لەگەڵ گەلێک هەڕەشە و تۆمەت لێدانی درۆ و بێ بنەما بەرەوڕوون.

لەڕاستیدا ڕژیمی ئێسلامی ئێران لە کوردستان، ڕژێمێکی داگیرکەرە و هەموو هێماکانی ڕژێمێکی داگیرکار نوێنەرایەتی دەکات، لەم ڕووەوە خواستی دەرکردن و ڕاماڵینی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان، وەک پێشمەرجی هەرچەشنە ئاڵوگۆڕ و باشتربوونێک لە ژیانی خەڵکدا، ئەمڕۆکە پتر لە هەرکات و زەمەنێکی تر گرینگی و زەروورەتی خۆی هەیە.

بابەتی پەیوەندیدار

بەکرێگیراوانی شێوە کرێکار دەبێ لە ئیجلاسی ڕێکخراوی جیهانی کار دەربکرێن

-

داد خوازان بەرەو پێشەوە دەچن

-

منداڵانی کار، پەڵەیەکی ڕەش بە ڕوخساری سەرمایەدارییەوە

-

پێویستی تەشەکولی بەرین و سەرتاسەری خانەنشینان

-

  نیزامی سەرمایەداری و دەوڵەتانی خزمەتکاری هۆکاری سەرەکی وێڕان بوونی ژینگە

-

گرنگی سیاسی- چینایەتی خەبات بۆ زیاد کرانی حەقدەست

-