کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامیی لە گۆشەگیری ناوچەیی و جیهانیدا

thumbs b c 9a152dab3de589a505a32f4ebaeaa8c1

مانۆری هاوبەشی نیزامیی ئەرتەشەکانی سێ وڵاتی پاکستان، تورکییە و ئازەربایجان، کە تێیدا بە ئاشکرا بایەخ بە کۆماری ئیسلامی نەدرا، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئازەربایجان، پێشڕەویی زیاتری سیاسی و نیزامیی دەوڵەتی تورکییە لە هەرێمی کوردستان و لاوازبوونی پێگەی ڕژیم لەم ناوچەیە، بەدەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی ئەفغانستان وەک ڕژیمێکی سوننی مەزهەبی توندڕەو کە بەرەنگاری شیعە هەزارەییەکانی نزیک بە کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە، هەر هەموویان نموونەی ئاشکرای گۆشەگیری و پەراوێز کەوتنی زیاتری ئێران لەناو وڵاتانی ناوچەکە و شکستی دیپلۆماسی و دەخاڵەتگەرییەکانی ئەم ڕژیمەیە.

با ئەم نموونانە زیاتر شیبکەینەوە تا پانتایی ناکامییەکانی ڕژیمی ئیسلامیمان لەم بوارانەدا بۆ ڕوونتر بێتەوە:

حکوومەتی ئیسلامی ساڵەهایە لە ئەفغانستان سەرمایەگوزاریی  سیاسیی کردووە و لەڕێگەی ڕێکەوتنی ئاڵۆز و نهێنی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانانی، بەستێنەکانی ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاڵەبانی لە سەردەمی پێشوو و بەدەسەڵات گەیشتنی بەرەی ناسراو بە “هاوپەیمانیی باکوور”ی خوڵقاند. بەدەسەڵات گەیشتنی دووبارەی تاڵەبان کە سوننی مەزهەبێکی توندئاژۆیە و بەکردەوە شیعەگەری لە ئەفغانستان لاواز و سەرکوت دەکات، بە مانای سەرکەوتنی پاکستان و شکستی کۆماری ئیسلامییە.

لە شەڕی قەرەباغ لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا، حکوومەتی ئازەربایجان بە چەک و ڕاوێژکاری ئیسرائیل و دەخاڵەت و پشتیوانیی ڕاستەوخۆی نیزامی و ئاشکرای تورکییە، توانیی پەیوەندیی جوغرافیایی نێوان ئێران و ئەرمەنستان بپچڕێنێت و سرویسە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل بکێشێتە پشت دەروازە سنوورییەکانی ئێران. پروپاگه‌نده‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەنیسبەت وڵاتی ئازەربایجان بەکردەوە بووەتە هۆی بەهێزبوونی پان تورکیسم و ناسیۆنالیسمی توندڕەوی تورکە ئازەرییەکان لە ئێران. حکوومەتێک کە ئیدیعای ڕێبەریی جیهانی شیعە دەکات و لە وڵاتدا چەندین ملیۆن تورکی ئازەری و شیعەی هەیە، لە شەڕی ئەرمەنستان و ئازەربایجان بەئاشکرا لایەنگریی لە ئەرمەنستانی غەیرە مسوڵمان و مەسیحی کرد.

پاکستان کە براوەی سەرەکیی گۆڕانی دەسەڵات لە ئەفغانستان بوو، توانیی لە هاوپەیمانییەکی سێ لایەنە لەگەڵ ئازەربایجان و تورکییە، دەست بداتە مانۆری نیزامی لە ئازەربایجان. ئەم سێ دەسەڵاتە مانۆری نیزامیی خۆیان لە ئازەربایجان، هاوکاری سێ برا  ناولێنا و لە یەکگرتووییەکی مانادار دا، کۆماری ئیسلامییان لەم مانۆڕەدا وەلانا. ئەم نموونەیەش لە پەنا نموونەکانی دیکە، نیشانەی بوونی قەیرانە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەم سێ وڵاتەدا.

لە سووریە، سەرەڕای سەرمایەگوزاریی ملیاردیی و تەڵەفاتی گیانیی بەرین، ڕۆژ نییە کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانانی لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆمباران نەکرێن و ڕووسیە و چین، واتە دوو هیوای گەورەی ئێران لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە سووریە بەئاشکرا و بەنهێنی خوازیاری چوونەدەرەوەی هێزە نیزامییەکانی هەموو وڵاتەکان لەوانە هێزەکانی کۆماری ئیسلامین و لە بەرامبەر بۆمبارانی هەموو ڕۆژێی سەرچاوەکان و بەرژەوەندییەکانی ئێراندا بێدەنگی دەگرنەبەر.

وڵاتانی عەرەبیی کەنداو، کەم و زۆر هەموویان، دژبەری جیددیی کەرەستەی مووشەکی و ئەگەری ئەتۆمی بوونی ئێرانن و عەرەبستان لە هیچ هەوڵێک بۆ لاواز کردن و پەراوێزخستنی سیاسیی زیاتری ئێران دەریغ ناکات.

وڵاتی عێراق کە بە حەیاتی خەڵوەت ئێران دەناسرا، لەگەڵ حزووری بەردەوامی نیزامی و تیحاریی تورکییە بەرەوڕوو بووەتەوە و گەلێک هەوڵ و چالاکی بۆ یەکگرتوو  و بەهێزکردنی بلۆکی سوننی و کورد لە ئارا دایە. بەشێک لە هێزە شیعەکان و حیزبەکانی سەر بەوان یەکگرتووییەکی پتەویان لەگەڵ ئێران نییە و زۆربەی خەڵکی عەرەبی شیعە دژبەری جیددی حزووری ڕژیمی ئێران لە عێراقن.

حکوومەتی ئیسلامی دەستدرێژیی کردووەتە سەر بەشێک لە خاک و ئاسمانی  حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە بیانووی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان، لە ڕێگەی بۆمباران و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان، تەڵەفات و خەساراتی زۆری لە خەڵکی ئەم ناوچەیە داوە. بێجەگەلە ئەوەش بە ناردنی جوخەکانی تیرۆر بۆ هەرێمی کوردستان، گشت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێم لێڵ کردووە.

بەڵام گۆشەگیریی ناوچەیی ئێران بەشێک لە گۆشەگیریی جیهانیی ئەم وڵاتەیە کە ڕەنگدانەوەکەی لەئاستی ناوچەکەشدا دەبینین. ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ئۆرووپا، گوشاری  دیپلۆماتیک و گەمارۆ ماڵی و سیاسییەکانیان زیاتر کردووە و  هاتنە سەرکاری ڕەئیسی وەک جەنایەتکاری جەنگی، دەستی نەیارانی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئاواڵەتر کردووە.

بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە ئاستی دەوڵەتەکاندا کەوتووەتە پەراوێزەوە، لە لایەن زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ناوچەکەشەوە بێزراوەیە. لە عێراق و لۆبنان خەڵک لەدژی ڕژیمی ئێران دێنە سەر شەقامەکان و نووسینگە و ناوەندەکانی ئەم ڕژیمە ئاگر تێبەردەدەن.

ماجەراجویی سیاسی و نیزامی، ناردنی تیرۆریسم، نائەمن کردن و ناسەقامگیر کردنی وڵاتەکان، هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی کەرەستەی جەنگیی ئەتۆمی و مووشەکی دوورهاوێژ کە هەڕەشەیە لەسەر هاوساکانی ئێران و باقیی وڵاتانی ناوچەکە ده‌كات، پەرەپێدانی شیعەی توندڕەو و ناردنی ئاخوند بۆ زۆربەی شوێنەکانی جیهان، هەناردە کردنی ماددەی هۆشبەر، سەرکوتی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ناوخۆی وڵات و یاسای هەڵاواردنی جنسییەتی دژبە ژنان، ئێعدام و ئەشکەنجەی بەندکراوانی سیاسی و پێشێلکردنی سیستماتیکی ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک و گەلێک کردەوە و سیاسەتی ڕژیمی ئیسلامی لە پەنا ئەو فاکتۆرانەی کە ئاماژەیان پێکرا، کۆماری ئیسلامییان هەم لە پێوەند لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و هەم لەبەرچاوی خەڵکی گشت ناوچەکە بێزراوە و گۆشەگیر کردووە.

ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی نەتەنیا پێش مەرجی وەدیهاتنی ژیانێکی باشتر و کەم ئازارترە بۆ خەڵکی ئێران، بەڵکوو زەروورەتی ڕێگری لە تیرۆریسم و جەنایاتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیشە. ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچەکەدا بە مانای هاتنەخوارەوەی ئاستی تیرۆریسم، کەمتر بوونەوەی شەڕی ناوخۆیی لە زۆرێک لە وڵاتانی وەک سووریە، عێراق، یەمەن و لۆبنان، کەمبوونەی ئاستی هەناردە کردنی ماددەی هۆشبەر و په‌یدا بوونی ئاسۆی روون بۆ لاوان و بەتاڵان نەچوونی سەرمایەی نەوەکانی داهاتووی ئێرانە.