کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆماری ئیسلامیی سەبەبکاری نائەمن بوونی سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی

ئەزمونی هەموو دنیا نیشانی ئەدات، کە نیزامەکانی پشت بەستوو بە هەڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی لە هیچ جێگایەکی جیهان نەیانتوانیوە بەشێوەی واقعی مافە دێمۆکراتیکەکانی کۆمەڵگا دابین بکەن. دەنگی ئینسانەکان لە نیزامێکی چینایەتیدا، به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ مەوقعیەتی مادییان و پێوەندی مالکانەی مەوجود لە کۆمەڵگادا. نیزامە په‌ڕله‌مانییەکان لە پێشکەوتوو ترین دێمۆکراسیەکانیشدا لە باشترین حاڵەتدا، تەنها توانیویانە کۆموڵێک ڕیفۆڕمی دیاریکراو لە ژیانی سیاسیی و ئابووریی کۆمەڵگەدا بەدی بێنن و قەت نەیانتوانیوە بنچینەی زاڵمانەی چەوساندنەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان بەرنە ژێر پرسیارەوە. بەڵام لەگەڵ گشت ئەمانەدا ئەوەیکە لەژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا لە ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێ، کاریکاتۆڕیکە لەم نیزامە په‌ڕله‌مانییە ناسراوە لە جیهاندا.

لە کۆماری ئیسلامیدا سەرجەم پڕۆسەی هەڵبژاردن لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی نەخشە بۆ کێشراو دەستکاری و به‌واتایه‌كی دەقیق تر مۆهەندیسی دەکرێت. لە ڕێفڕاندۆمی کۆماری ئیسلامیدا لە ساڵی ١٣٥٨وە بگره‌ هه‌تا ئێستا، ئەم شێوازە لە هەموو هەڵبژرادنەکاندا لە ئێران باو بووە. لە هەمان ڕیفڕاندۆمی دامەزرانی کۆماری ئیسلامیدا، بێجگە لە پرسیاری فریوکارانەی بەڵێ یان نا کە وردەکارییەکەی هەمووان دەیزانن، لە حاڵێکدا کە چەند میلیۆن کەس لە جەمعیەتی کوردستان ئەسڵەن هەر بەشداری ڕیفڕاندۆم نەبوون، لە حاڵێکدا کە گەلێک شوێنی دوور دەست هەر سندووقیان بۆ نەچوو، لە حاڵێکدا کە لە بەشێکی بەرین لە تورکەمەن سەحرا پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەنەچوو، لە حاڵێکدا کە بە هۆی پەلە کردنێک کە لە ڕاگەیاندنی ئاکامی جێی سرنجی خۆیان بوویان، دەرفەتی خوێندنەوەی دەنگی زۆربەی سندووقەکانیان نەبوو، ڕایانگەیاند کە ٩٨ لەسەدی خەڵکی دەنگی بەڵی یان بە کۆماری ئیسلامی داوە، بەم جۆرە بەردی بناغەی ڕژیمی ئیسلامیی لەسەر درۆ و ته‌زویر داندرا.

لەم ماوەیەدا بە ئەزمونێک کە ڕژیم لەم بوارەدا دەستەبەری کردووە نە تەنها بە مۆهەندیسی کردنی دەنگی خەڵک، بەڵکوو دەست ئەداتە موهەندیسی کردنی ڕای گشتیش. هاندانی خەڵک بۆ بەشداری کردن لە شانۆی هەڵبژاردندا بەشێک لە تەرحی مۆهەندیسی کردنی هەڵبژاردنە. سەرانی ڕژیم لە هەڵبژاردن نە تەنها وەک ئامرازێک بۆ دابەش کردنی دەسەڵات لە نێوان باڵەکاندا کەڵک وەردەگرن، بەڵکوو لە هەمانحاڵدا لە هەڵبژاردن بۆ پیشاندانی قودرەت لەنێو خۆدا، ترساندنی نەیاران، نمایشی ڕەوا بوونی ڕژیم و هاوکات فریوی ئەفکاری گشتی لە دەرەوەی سنوورەکان، کەڵک وەردەگرن. لەم شێوازەدا ئەفکاری گشتی دەبێ بەشیوەیەک مۆهەندیسی بکرێت کە سەرەڕای نا دێمۆکڕاتیک بوونی بە ئاشکرای پرۆسەی هەڵبژاردن، بەشێک لە خەڵک دڵخوازنە و بە هیوای گاریگەری دانان لەسەر ڕەوتی ژیانیان لەبەردەم سندووقەکانی دەنگداندا ئامادە بن. یەکێک لەو شگردە تەبلیغاتیانەی کە هەموو جارێک لە سه‌روبه‌ندی نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردنەکان دەبێتە ناوەرۆکی تەبلیغاتی ڕژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندووقەکانی دەنگدا، مەسەلەی ئەمنییەتە. ئەم چەمکە موبەلغینی ناوچەیی ڕژیم و ئیمام جومعەکان و هیتر لە کاناڵە جۆراوجۆرەکانەوە ئایینی دەکەنە ئەفکاری گشتییەوە. دەوترێ کە گۆیا کۆماری ئیسلامیی، بە گشت ئیشکالاتێکی کە هەیەتی ئەمڕۆ لە بارودۆخێکدا کە شەڕ و نا ئەمنی گەلێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتۆتەوە، ئێرانی لە بارودۆخێکی ئەمندا ڕاگرتووە. دەوترێ بۆ بەردەوام بوونی ئەم ئەمنیبەتە دەبێ لە چالاکییە سیاسییەکان لەوانە لە ” هەڵبژاردن”دا بەشداری بکرێت. ئەوەی کە ئێران دوور لە شەڕ ماوەتەوە، دەبەستنەوه‌ بە تەدبیری سیاسیی و کرداری پێشگیرانە لە لایەن حکومەت.

لە پێوەن لەگەڵ ئەمنییەت لە ئێرانی ژێر حاکمیەتیکۆماری ئیسلامیدا: یەکەم، بەرلە هەر شتێک دەبێ بوترێت کە نەفسی بوونی کۆماری ئیسلامیی بە واتای زەوت کرانی ئەمنییەتە لە زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە لە گشت بوارەکاندا، زەوت کرانی ئەمنییەتی پیشەیی لە چینی کرێکاری ئێڕان، زەوت کرانی ئەمنییەتی گیانی لە هەڵسوڕاوانی سیاسیی و مەدەنیی، زەوت کرانی ئەمنییەت لە كۆمۆنیست و ئینسانە سێکۆلارەکان، زەوت کرانی ئەمنییەت لەو ژنە ئازادیخوازانەی کە تەسلیمی یاسای کۆنەپەرستەکانی ڕژیم نابن، زەوت کرانی ئەمنییەت لە پەیڕەوانی هەموو ئایین و مەزهەبێک کە له‌گەڵ ئیسلامیی شیعەدا ئەویش له‌جۆری دوازدە ئیمامیەکەی، جیاوز بێت، لەژێر هێڵی هەژاریدا ڕاگرتنی زیاتر لە ٥٠ لەسەد لە خەڵکی ئەم وڵاتە، زەوت کرانی ئەمنییەت لە ژینگەی خەڵک، ئەمانە بە گشتی بەڵگەی ڕوونی زەوت کرانی ئەمنیەتێکن کە گۆیا بوونی کۆماری ئیسلامیی پاراستویەتی و گۆیا بەم ئیعتیبارەوە دەبێ ڕازی بین بە میکانیزمی وەها هەڵبژاردنێک هه‌تا بارودۆخەکە لەوە خراپتر نەبێت.

دووهەم، بێگومان بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەوەی کە لە سوورییە و عێڕاق و ئەفغانستان و شوێنەکانی تر لە ئارادایە، بە هیچ شێوەیەک نە باشە و نە دڵخوازی خەڵکی ئێرانە، بەڵام دوور بوونی ئێران لە ئاگری وەها شەڕێک هیچ پێوەندیەکی بە کۆماری ئیسلامییەوە نییە. تا ئەو جێگایەی بە کۆماری ئیسلامیی دەگەڕیتەوە، بەرپرسیاریەتی زیاتر لە ٦ ساڵ لە ٨ ساڵ درێژەی شەڕی ئێران و عیڕاق، بە گشت ئەو موسیبەت و وێرانی و خەسارەگیانی و ماڵیانەوە کە بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا هات، ڕاستەخۆ لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامییە. ساڵانێکە کە وێڕای بوددجەیەکی کەڵان کە کۆماری ئیسلامیی هه‌زینه‌ی شەڕی سوورییەی دەکات، بە هەزاران بنەماڵەی ئێرانی و ئەفغانستانیشی داغداری لەدەست دانی منداڵەکانیان لە مەیدانەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانیەدا کردووە. ئەگەر ئاستی شەڕ و نا ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نە کێشراوەتە ئێرانەوە، زیاتر لەبەر ئەوەیە کە ئیمپڕیالیزمی ئه‌مریکا تەشخیسی دابوو، کە بوونی کۆماری ئیسلامیی، بە گشت سەرکێشیەکانیەوە، بۆ بەرژەوەندیە کورت و درێژ ماوەکانی ئەوان بە قازانج ترە. کۆماریخوازەکان وەک بەشی توندڕەوی هەیئەت حاکمەی ئه‌مریکا لە پێوەند لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا قەت سیاسەتی گۆڕینی ڕژیمیان ڕەچاو نەکردووە، لە قەیراناوی ترین بادرودۆخی پێوەندیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، تەنها خوازیاری گۆڕینی هه‌ڵسووكه‌وتی ڕژیم بوون. گەورە کردنەوەی مەترسی کۆماری ئیسلامیی، لە لایەن ئەوانەوە، ئامرازێک بووە بۆ توند کردنەوەی کێبەرکێی چه‌كدارانه‌ لە ناوچەکەدا و گوشار هێنان بە ئامانجی گۆڕێنی هەڵسووکەوتی ڕژیم لە پێوەند لەگەڵ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکادا. بەم جۆرە شه‌ڕاوی نەبوونی فەزای سیاسیی ئێران دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ٨ ساڵە، هونەری کۆماری ئیسلامیی نەبووە، بەڵکوو بەرهەمی بەرژەوەندییە عەینیەکانی ئه‌مریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئێراندا بووە. ترساندنی خەڵک لە مەترسی شەڕ و نا ئەمنی، بۆ ڕازی بوون بە بارودۆخی مەوجود، یەکێک لە سیاسەتەکانی ڕژیمە بۆ مۆهەندیسی کردنی ڕای گشتی. له‌ ڕاستیدا ئەمنییەتی بەردەوامی خەڵک تەنها لە ئەگەری ڕزگار بوون لە دەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی مومکین دەبێت. نەکوتنە داوی شگردەکانی ڕژیم و بەشداری نەکردن لە شانۆی هەڵبژاردنێکی مۆهەندیسی کراودا، هەنگاوێکە لەم ڕاستایەدا.

بابەتی پەیوەندیدار

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

ووته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ساڵیادى مانگرتنی گشتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر وهاوبه‌نده‌كانی

komalah

وڵامی کرێکاران بە قسە پڕوپووچەکانی خامەنەیی، ٦٠٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی لە یەک ساڵدا

komalah