بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ناوەڕاستەکانی مانگی بەفرانبارەوە هەتا ئێستا باسیان لە دامرکانی ویرووسی کۆرۆنا و دوایین جۆری واتە ئۆمیکرۆن و گونجاوبوونی باروودۆخ بۆ ئاسایی بوونەوەی پەروەردە و کرانەوەی مەدرەسەکان لە مانگی ڕێبەندان دەکرد. ئەوان بەپەلە هەوڵیان دا تا سەبارەت بە ئاسایی بوونەوەی باروودۆخی گشت کۆمەڵگا و سەرکەوتن بەسەر ویرووسی کۆرۆنادا تەبلیغ بکەن. بەڵام ڕاپۆرتی چوارشەممە ٦ی ڕێبەندانی وەزارەتی تەندرووستیی خودی ڕژیم ڕیسەکانی لێ کردنەوە خوری.
وەزارەتی تەندرووستیی ڕژیم ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا تا نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ١١ هەزار و ٨٥١ گیرۆدەبووی تازە لە وڵاتدا شناسایی کراون و ٢٩ کەس لەم ماوە زەمانییەدا گیانیان لەدەست داوە. وتەبێژانی ئەم وەزارەتخانەیە باسیان لە دەستپێکی شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا کردووە و سەبارەت بە چوونەسەرەوەی یەکجار بەرینی ئەم نەخۆشییە هۆشداریان داوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندرووستی، تا نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، کۆی گشتیی نەخۆشانی کۆویدی ١٩ لە ئێران گەیشتووەتە ٦ ملیۆن و ٢٧٩ هەزار و ٤١٠ کەس و کۆی گیان بەختکردووانیش بۆ ١٣٢ هەزار و ٣٠٣ کەس بەرز بووەتەوە.
ئایا ئەم ئامارە واقعییەت نیشان دەدات؟ بێگومان نەخێر. بەوتەی سەرچاوە سەربەخۆکان لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە نەخۆشیی کۆویدی ١٩ لە ئێران بڵاو بووەتەوە، نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس بوونەتە قوربانی. ئەم ڕەقەمە زیاتر لە دوو بەرابەری ئاماری ڕەسمیی گیان بەختکردووانی کۆرۆنایە لەم ماوەیەدا.
ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسیش لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩دا بڵاوی کردەوە، بەراوردی کرد کە ئاماری واقعیی کەسانی گیان بەختکردوو نزیکەی دوو بەرابەر و ژمارەی تووشبووان لەنێوان ٨ تا ١٠ بەرابەری ئاماری ڕاگەیەندراو لەلایەن وەزارەتی تەندرووستییەوەیە. باروودۆخەکە هێندە نالەبار بوو کە حەسەن ڕووحانیش دانی بەوە دانا کە “بەپێی توێژینەوەکان ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە کە تا کۆتایی مانگی پووشپەڕ ٢٥ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران گیروودەی کۆرۆنا بن و پێشبینی دەکرێت کە ٣٠ ملیۆن کەسی دیکە لە مانگەکانی داهاتوودا تووشی ئەم نەخۆشییە بن”.
ئەم ڕاپۆرت و ئامارانە، کە یەکجار کەم بڵاو دەکرێنەوە و خەڵک لێیان ئاگادار نابنەوە، بێگومان بۆ تۆمارکران لەناو مێژوودایە و تەنیا ئاماری وەزارەتی تەندرووستی ئاماری فەرمیی کۆماری ئیسلامی دێتە ئەژمار.
ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا، کۆماری ئیسلامیی بە شاردنەوەی ئاماری واقعیی تووشبوون و مەرگی ئەم نەخۆشییە تۆمەتبار کرد.
چ هۆکارگەلێک ئاماری مەرگی کۆرۆنای لە ئێران بردووەتە سەرێ؟ بەرپرسانی ڕژیم هەوڵ دەدەن پەیڕەونەکردنی پرۆتۆکۆل و دەستووری تەندرووستی لە لایەن خەڵکەوە وەک هۆکاری ئەم باروودۆخە کارەساتبارە نیشان بدەن. بەڵام دانەخستنی ناوەندەکانی کار لەوانە کارگە، کارخانە، پاڵاوگە، مەعدەن و شوێنەکانی تر، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مەرگ و تووشبوونی کرێکاران و بنەماڵە کرێکارییەکان بەم ویرووسەیە. هۆکارێکی گرینگی دیکە قەرەنتینەنەکران و دانەخستنی شوێنە مەزهەبی و زیارەتگاکان لە لایەن دەوڵەت و لەسەر بڕیاری ئاخوندە دەسەڵاتدارەکانە کە بوو بەهۆی پەرەسەندنی بەرچاوی گیرۆدەبوون و مەرگی ئەم پەتایە لەناو زیارەتکەراندا کە زۆربەیان بەساڵاچوون. لەبیرمان نەچێتەوە کە یەکەمین حاڵەتی تووشبوون و مەرگ بەهۆی کۆرۆنا لە ناوەندی شاری قۆم تۆمار کرا. لەڕاستیدا ویرووسی کۆرۆنا بازرگانێکی ئێرانی لە چینەوە هێنایە ئێران. بەسەرەنجدان بەم واقعییەتە و پەرەسەندنی ویرووسی کۆرۆنا لە ئێران و چوونەسەرەی ڕێژەی تووشبوون و مەرگ، هێندێک لە ناوەندە جەماوەرییەکان، پزیشکان و کارناسانی تەندرووستی خوازیاری داخستنی ناوەندە دینییەکان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم ویرووسە بوون. بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە ئاخوندە دەنک درشتەکان و کەسایەتییە ئایینیەکانی شیعە داخستنی ئەم ناوەندە مەزهەبییانەیان بە هەڵە زانی و ناوی شەفاخانەیان لەسەر دانان و لە داخستنیان ڕێگریان کرد. خودی خامنەیی و کەسانێکی وەک عەلەمولهۆدا، ئیمام جومعەی مەشهەد لە زومرەی ئەو ئاخوندانە بوون. وەڕێخستنی سینەزەنی بەشێوەی بەرین، وەشاندنی درەنگ و کەمی واکسێنی کۆرۆنا لەلایەن حکوومەت، فرۆشتنی واکسێنی ناردراو و هەناردەکراو بۆ ئێران لە بازاڕەکان، لەوانە لە ناسرخۆسرۆوی تاران و قەدەغەی هاوردەکردنی واکسێنی ئەمریکا و بریتانیا لە لایەن خامنەیی لە قۆناغێکی گرینگی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، وەک باقیی هۆکارەکانی دیکەی چوونەسەرەوەی بەرینی تووشبوون و مەرگی کۆرۆنا دێنە ئەژمار.
تەرخان نەکردنی بوودجەی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا و دزین لەو بوودجە کەمەی کە بۆی تەرخان کرا، وەک هۆکارەکانی تر دەکرێ لەبەرچاو بگیرێت. بۆ نموونە لە بوودجەبەندیی ساڵی ١٤٠١دا، کە بە قەولی هێندێک لە کارناسان بوون و نەبوونی یەکیەکە، گشت ئیعتباراتی حەوزەی سڵامەت نزیکەی ١٧٤ هەزار ملیارد تمەنە کە بەو پێیە، سەهمی نیزامی سڵامەت لە بوودجەی گشتیی دەوڵەتدا نزیکەی ١١ لەسەد دەبێت. بەقەولی میدیاکانی لایەنگری کابینەی ڕەئیسیی جەلاد، بوودجەی تەندرووستیی وڵات بەڕواڵەت ٢٦ لەسەد چوونەسەرەوە نیشان دەدات. بەڵام بەپێی وتەکانی ڕەحیمی، جێگری گەشەی بەڕێوەبەری و سەرچاوەی وەزارەتی تەندرووستی پاش لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوتووە کە سەرچاوەی دابین کردنەکەی ناڕوونە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ٤٣ دەزگای مەزهەبی لە بوودجەی ساڵی ١٤٠٠، ٧ هەزار و ٢٥٢ ملیارد و ٦٠٠ملیۆن تمەنیان بوودجە وەرگرتووە کە سەهمی هنێدێکیان بەشێوەی جیاواز زیاتر لە بوودجەی ڕێکخراوەکانی وەک ستادی گشتیی قەیرانی وڵات بووە. بێگومان ئەم بوودجانە سەرچاوەکەیان مەعلوومە و هەر هەمووشیان دەدرێن.
کۆرۆنا لە کۆماری ئیسلامیدا وەک زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان کرێکاران و خەڵکی هەژاری لە ئاستێکی بەریندا کردووەتە قوربانی و ئەگەر بەربە کردەوەی هەتا ئێستای دەسەڵاتداران نەگیرێت، لە داهاتووشدا هەر بەم شێوەیە دەبێت. ئەم ویرووسە لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهان نیشانی دا کە سیستمی دەسەڵاتدار واتە سەرمایەداری، ناتوانێ وڵات بەڕێوەبەرێت. ئەم بابەتە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئاشکراتر لە هەموو شوێنێکە. بێگومان ئەوەش دەلیلێکی دیکەیە بۆ جەماوەری تووڕە و ڕووخێنەر کە بۆ لەگۆڕنانی ئەم دەسەڵاتە چەوسێنەر و دیکتاتۆرە پەلە بکەن.