کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

کۆتا هاوارم ببیستە!

نووسینی: کانی کەرەمپوور

وەرگێڕان: هیوا ئەمانی

فرۆید دەڵێت ئەو کەسەی خۆی دەکوژێت لە غەریزەی ئەوینداری بێبەشە. ئێریک فرۆم فەیلەسوف و بیرمەندی ئەڵمانی دەڵێت مرۆڤ وەک شیردەرەکانی تر ژیان خۆشەویستە و لە مردن دوور دەکەوێتەوە. دەروونناسەکان دەڵێن مرۆڤ تەنها لە حاڵەتێکی هاوشێوەیوڕێنە کردندا کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت. ڕەنگە میل دورکهایم یەکەم زانا بووبێت کە خۆکوشتن بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی زانیبێت و لێکۆڵینەوەی بەرفراوانی لەو بوارەدا ئەنجامدابێت. له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌ی به‌و قه‌یران و تێكچوونی كۆمه‌ڵایه‌تیانە كردووه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی له‌ناوچوونی خه‌ونه‌كان.

دورکهایم وتی کە خراپبوونی ئەخلاقی کۆمەڵگا، مەیلی مرۆڤ بۆ خۆکوشتن زیاد دەکات. پێناسەی ئەو بۆ خۆکوشتن ئەوەیە: “هەر جۆرە مردنێک کە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی کردارەکانی قوربانی بێت بە ئاگاداری و زانینی دەرئەنجامەکەی…”

لە ڕاستیدا هەر لە سەدەی حەڤدەهەمەوەیە کە بەشێک لە بیرمەندانی رۆژئاوا پرسی خۆکوشتنیان بە کێشەی کۆمەڵگا زانیوە و ئامارە پەیوەندیدارەکانیان بە پێی گروپە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکانەوە کۆکردۆتەوە و شیکارییان بۆ کردووە.

ڕۆژانە لە هەموو جیهاندا توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتن دەبینین. توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئەو فشارانەی کە لەلایەن دامەزراوە حکومییەکانەوە دروست دەکرێن، نموونەی ئاشکرا یان شاراوەی توندوتیژین. کوشتن، چ لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە یان کەسوکاری قوربانییەوە، لە ژێر ناوی شەڕەف، یان لەلایەن ڕێکخراوەکانی جێبەجێ کردنی سزا لە حکومەتەکان لە ژێر پەردەی سزای شەرعی ئەنجام بدرێ؛ دیسان کوشتنە و پێویستە ناوی لێ بنرێت کوشتن.

ڕێژەی خۆکوشتن لە ئێرانی هاوچەرخدا کە شۆڕشەکان، شەڕەکان، زریانە کۆمەڵایەتیسیاسیەکان، کێشە ئابوورییەکان، پەرەسەندنی پەیوەندییەکان و لێک پچڕانە کولتووریەکان، نۆرمەکانی ڕابردووی تێکداوە، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

ئێستا لە ئێران دا دیاردەی خۆکوشتن وەک زیانێکی کۆمەڵایەتی لە ئاستی پرسەکانی وەک ڕاکردن لە ماڵ، ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر  وە یان تاوانکاریدایە.

خاوەنداریەتی بەسەر جەستەی خۆتەوە بەمافی مرۆڤهەژمار دەکرێ. سەیری پێگەی مێژوویی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، جوگرافی مرۆڤ دەکات و لە دەرەوەی هەر پەیوەندییەکی نەتەوەیی و سێکسی و ڕەگەزی و ئایدیۆلۆژی و ڕەنگ بە فەرمی دەیناسێ.

لە حکومەتە ئایدیۆلۆژی و تیۆکراتیەکان پرسی مافی ژیانی مرۆڤەکان پەیوەندی بە ئایین و ئایدۆلۆژیاوە هەیە. هەر لەم چوارچێوەیەشدایە کە هەمیشە جەستەی مێینە لە کولتوری ئێمەدا پرسێک بووە، کەلتوری باڵادەست کە کولتوورێکی پیاوسالارییە، هەمیشە لەژێر کاریگەری ئەم بۆچوونەدا بووە. ڕادەی دەسەڵاتی هەر پیاوێک لە کۆمەڵگەی نەریتیدا بە جۆرێک پەیوەندی بە جەستەی مێینەوە هەیە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە هەموو لایەکەوە هێرش کراوەتە سەر ژنان و بە درێژایی ئەم قۆناغە پەلاماری ژیانی تایبەتی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ژنان دراوە.

ئەو کەسەی کە ناچارە دوا رێگە بگرێتە بەر، واتە گیانی خۆی بکاتە قوربانی، تا هاوارەکەی ببیسترێت، لە ڕاستیدا کوژراوە. بکوژەکەی جگە لە سیستەمی دەسەڵاتداری کۆمەڵگا و ئەو نەریتانەی کە لە هەموو لایەکەوە دەوری داوە، کەسی تر نییە. هەر جارێک هەواڵی کوشتنی بەناوشەڕەفیان خۆکوشتنی زۆرەملێ دەبیستین، بۆ ماوەیەک ناڕەحەت دەبین. ڕەنگە بکەوینە بیرکردنەوە و یان ڕەنگە بۆ ماوەیەک بیر لە چارەسەر بکەینەوە بۆ ئەم هەموو دڕندەیی و بەربەریەتە.

بەڵام ڕەگ و ڕیشەی ئەم هەموو تاوانە بەڕواڵەت ئاسایی و لە ڕاستیدا ڕێکخراو، ئەو هەموو توندوتیژییەی کە لە کۆمەڵگادا بە دامەزراوەیی کراوە و بە بێ ئیرادە یان بێ مەبەست هەموو تاکێک، بە تایبەت ژن، لە کۆمەڵگا جیاوازەکان و لە سەرانسەری جیهاندا دەگرێتەوە چییە؟ وەک هەمووان دەزانن بنەمای سەرمایەداری چەوساندنەوەی مرۆڤە لەلایەن مرۆڤەوە. قازانج و قازانج خوازی بە هەر نرخێک بێت. بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی چەوساندنەوە و نەریتی کۆنەپەرستانە لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا و بە شێوازی جۆراوجۆر بۆ پاراستنی دۆخی ئێستا بوونی هەیە. لە هەر وڵاتێکدا، بەپێی ژێرخانی ئەو کۆمەڵگایە، سەرپێکهاتەکەی دیاری دەکرێت و کاریگەریی ئەو دووانە یارمەتیدەرە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دیلێتی. لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا بە جۆرێک و لە وڵاتانی رۆژهەڵات و ئاسیا بە شێوازێکی تر، بەڵام هێشتا خزمەت بە سیستەمی دەسەڵاتدار دەکەن. لە ئێران کە ڕێژەی توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتن زۆر بەرزە، هۆکارەکانی ئەم دۆخە چین؟ ئایا نەریتە کۆنەپەرستانەکان لە پەیوەندییە ڕۆژانەکاندا زۆر گرنگن؟ئایا ڕیشەی ئەم دواكەوتووییە كۆمەڵایەتییە لە دڵی رژێمێكی سەرمایەداری و ئیسلامیدا نییە كە چل ساڵە كار دەكات بۆ بەكارهێنانی خورافات بۆ مانەوەی چەپەڵی خۆی؟ڕژێم چەندین جار حەقدەست لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەسەپێنێت، چەوساندنەوەی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش، دزییە گەورەکانی بەڕێوەبەری دامەزراوە حکومەتی و ئاغازادەکانی سەر بە حکومەت، تاڵانکردنی موڵک و ماڵی گشتی، کەمکردنەوە و بچووک کردنی هەر ڕۆژەی سفرەی کرێکاران و بنەماڵەکانیان و بێکاری بەربڵاوی گەنجان و بێ ئاسۆی و سەرلێشێواوییان، ئاماری سەرسوڕهێنەری منداڵانی کار و سەرشەقام، هاوسەرگیریی منداڵان بە بەرگ و پاڵپشتی حکوومەت و دامەزراوە ئاینییەکان و نموونەگەلێکی بێشوماری لەم چەشنە کە لە هەر ئاستێک دا نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی دروست دەکا و لە هەموو چینێکیش قوربانی وەدەست دێنێ. پشت بەستن بە ئامرازەکانی وەک ئایین و سوننەت و خورافات، تادێت بەدامەزراوەییکردنی دیدێکی پیاوسالاری بە هاوئاهەنگی لەگەڵ جیهانبینی ئیسلامی و جیاکاری ڕەگەزی لە ئاستە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، هەموو میراتەکانی کلتوری پێشکەوتنخوازی مرۆڤی لەناوبردووە و یاسای سێدارەی شەریعەتی دامەزراندووە. چۆن مرۆڤ بیر لە توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتن نەکاتەوە لە کاتێکدا کە مرۆڤ شتێک نیە جگە لە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنان و ئامرازێک بۆ بەنرخکردنی کاڵا و شتومەکەکان و ئۆبژەیەکی لە خۆ نامۆ کە قازانجی کارەکانیان، کە لە ڕاستیدا کۆی بوونیان بێت، دەڕژێتە گیرفانی سەرمایەدارەکانەوە؟ مرۆڤەکان بیر لەم شتانە دەکەنەوە، چونکە دەروونی مرۆڤایەتییان بریندار و نەخۆشە، هەموو ئازارەکانی ئەم فشارە قورسە لەسەر لاوازترین مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایە. ئەم کەسانە لاوازترین بەشی ئەم کۆمەڵگایەن، چونکە تەنانەت سیستەمی نەریتی دەسەڵاتدار دەرفەتی بە بێدەنگیش خەباتکردن لەو کەسانە زەوت دەکات. بە تایبەتی ئەم گوشارانە بۆ سەر ژنان و کچانی ئەم وڵاتە، دواجار بەرەو خۆکوشتنیان دەبات.

مەبەست لەم بابەتە نیشاندانی ئاسۆیەکی ترە کە لە ژێر ڕۆشنایی ئەودا نەک هەر ڕێگایەکی ڕزگاری هەیە بۆ هەر یەکێک لەم مرۆڤە ئازارچێشتووانە، بەڵکو دەتوانن یەکجارەکی و بۆ هەمیشە ڕیشەی هەموو ئەو ستەم و زوڵمانە وشک بکەن. لە کاتێکدا ملیۆنان مرۆڤی ئازارچێشتوو لە جیهاندا ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵن و ملیۆنان کەس دەبنە قوربانی تەماحی سەرمایەدارەکان، لە کاتێکدا کە دابەشبوونی چینایەتی ڕۆژانە گەورەتر و گەورەتر دەبێت و نایەکسانی ڕەگەزی لە بەرزترین ئاستی خۆی دایە، چۆن دەتوانین ڕەگ و ڕیشەی ئەم  بەربەریەتە وشک بکەین؟ ئایا نابێت بیر لە بنیاتنانی جیهانێکی تر و سیستەمێکی تر بکەینەوە؟ جیهانێک کە هەژاری و نایەکسانی و شەڕ و نائەمنی و توندوتیژی و کوشتن هیچ مانایەکی تێدا نییە و هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی و لە ئاوەدانی و ئاشتیدا دەژین. خۆکوشتن وشەیەکە کە دەبێت لەبیر بکرێت، چونکە ژیان شایەنی ژینە. دامەزراندنی حکومەتێک کە تیایدا سنوور هیچ مانایەکی نەبێت و مرۆڤی تێدا نەچەوسێندرێتەوە. مرۆڤەکان بەبێ گوێدانە نەتەوە و ڕەگەز و ڕەنگ و زمان و هتد یەکسانن. سیستەمێکی دوور لە ستەم و نایەکسانی.

بۆ بنیاتنانی جیهانێکی وا، هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە خەبات و بنیاتنانی سیستەمێکی ئازاد و یەکسان.

وە با لەبیرمان بێت کە ئەو کەسەی باسی خۆکوشتن دەکات هێشتا زیندووە، بۆیە با یارمەتی بدەین دەنگی خۆی هاوار بکاتەوە و ژیان بژیتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

سەبارەت بە ئێکۆسۆسیالیزم

هێمن ئەمانی

“کاتێ رێ نوێن هەتاو بێت”

هێمن ئەمانی

هەڵبژاردن و ئازادی

هیوا ئەمانی

لە دایک بوونی چاڕلی چاپڵین: پێداچوونەوەی “دیکتاتۆری گەورە”

“گیرۆدەیی” نەخۆشییەکی درێژخایەن و جیهانی!

کارگەیەک بە بێ خاوەنکار: ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری کرێکاران لە ئەرژەنتین

لاوێن ئەمانی