کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆتایی بێ ئاکامی خولی حەوتەم و هەشتەمی دانوستانەکانی وییەن

57217032 403

خولی حەوتەمی دانوستانەکانی بووژاندنەوەی ڕێکەوتننامەی ناوەکیی بەرجام لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ئاڵمان، بریتانیا، فەڕانسە، چین، ڕووسیە و ئەمریکا کە پاش پێنج مانگ ڕاگیران لە دەوڵەتی ڕەئیسیدا ڕۆژی ٨ی سەرماوەز لە کەشوهەوایەکی پڕ لە بێ متمانەیی و بە گرتنەبەری سیاسەتی تەنبێ و تەشویق یان “گۆپاڵ  و گێزەر” دەستی پێکردبۆوە، پاش چەند ڕۆژ، بێ ئاکام کۆتایی پێهات. هەر لە دوایین کاتژمێرەکانی خولی حەوتەمی دانوستانەکان، هەواڵنێریی ڕۆژنامەی والستریت جورناڵ لەسەر زاری دیپلۆماتێکی ئۆرووپایی نووسیی کە پێشنووسە پێشنیارکراوەکانی ئێران قەبووڵنەکراو و زێدەڕۆییە. ئەم ڕۆژنامەیە لە زنجیرەتویتێکدا کە ڕۆژی هەینی، ١٢ی مانگی سەرماوەزدا بڵاوی کردەوە لەسەر زاری ئەم دیپلۆماتە ئۆرووپاییە نووسیی کە ئێران لە پێشنووسەکانی خۆیدا ئاستی داواکاریی پێوەندیدار بە هەڵگرتنی گەمارۆکانی بردووەتە سەرێ و هاوکات هەموو ڕێکەوتنەکانی پێشووی دەربارەی هەنگاوەکانی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجامی سڕیوەتەوە.

ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش پاش کۆتایی ئەم دانوستانانە وتی کە ئێران لە ئێستادا وێناچێت گەڕانەوە بۆ بەڵێنەکانی بەرجامی بەجیددی وەرگرتبێت و هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا “ڕێگایەکی تر” دەگرێتە بەر”.

هاوکات کاربەدەستێکی ئەمریکا وتی کە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و ئیسرائیل لە واشینگتۆن دەربارەی بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامی بەئامانجی ئامادەبوون بۆ “هێرش کردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران” دەست بدەنە وتووێژ تا ئەگەر دیپلۆماسی شکستی خوارد، وەک دوا بژاردە کەڵکی لێوەربگیرێت. ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە “بێنی گەنتس”، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و “داوید بەرنێعا” سەرۆکی مووساد، بۆ واشینگتۆن سەفەریان کردبوو تا لە سەروبەندی دەستپێکی دانوستانە ناوەکییەکاندا ڕوو بە کاربەدەستانی ئەمریکایی تەئکید بکەن کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسیی کۆماری ئیسلامی، پێویستە گوشارەکانی سەر ڕژیمی ئیسلامی زیاد بکرێت.

کاربەدەستێکی باڵای ئەمنیی ئیسرائیلیش ئێوارەی شەممە، ٢٠ی مانگی سەرماوەز وتی کە “بێنی گەنتس” وەزیری بەرگریی ئەم وڵاتە، لە دیدارەکانی ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەمریکا لە واشینگتۆن، دەوڵەتی جۆو بایدێنی لە “چارتی زەمانی”ی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ هێرش بۆسەر ئێران ئاگادار کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١٦ی مانگی سەرماوەز لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە زەوتکرانی دوو باری چەکی سپای پاسداران بۆ حوسییەکانی یەمەن کرد کە لە ١٧١ مووشەکی زەوی بۆ ئاسمان و هەشت مووشەکی دژەتانک پێکهاتبوون و ئاشکراشی کرد کە  یەک ملیۆن و سەد هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتی ئێران بۆ وێنێزۆیلا دەستی بەسەردا گیراوە.

نوێنەری خامنەیی لە ڕۆژنامەی کەیهان، لە ژمارەی پێنجشەممە ١٨ی مانگی سەرماوەزدا وێڕای ئاماژە بە کردەوەی وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا واتە زەوتکردنی باری چەکی سپای پاسداران بۆ حوسییەکان و باری ئەوتی بۆ وێنێزۆیلا، “داخستنی تەنگاوی هۆرمۆزی مافی ڕەوای کۆماری ئیسلامی” پێناسە کرد و وتی کە نابێ لەم بارەوە هیچ گومانێکمان هەبێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕژیم وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا لە سەروبەندی دەسپێکردنەوەی دانوستانەکانی وییەن دەرکراوە و کاتی دەرکردنی ئەم بڕیارە  لەگەڵ دانوستانەکانی وییەن و دەستی بەتاڵی ئەمریکا و ڕۆژاوا لە خولی نوێی دانوستانەکان پەیوەندییەکی حاشاهەڵنەگری هەیە، حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری پێشووی بە “قەرزداری داماو” بەرامبەر بە ئەمریکا و ئۆرووپا وەسف کرد.

ڕۆژی ٢٤ی مانگی سەرماوەز ڕۆژنامەی ئینگلیسی زمانی “تاران تایمز”یش بە سەردێڕی “تەنیا یەک هەڵە” و دانانی وێنەی هۆشدار و نەخشەی ئیسرائیل، بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی نابوودیی لەم وڵاتە کرد.

ئەوەش لە حاڵێک دایە کە چەند ڕۆژ پاش بێ ئاکام مانەوەی خولی حەوتەم، خولی هەشتەمی ئەم دانوستانانە لە وییەنی پێتەختی ئۆتریش دەستی پێکردەوە بەڵام تەنیا پاش یەک کاتژمێر ڕاگیرا و بەشی سەرەکیی دانوستانەکان خرایە پشت دەرگا داخراوەکانەوە و بەشێوەی دوو لایەنە و چەند لایەنە تا ڕۆژی هەینی ٢٦ی سەرماوەز درێژەی بوو و لە حاڵێکدا کە بە وتەی لایەنە ئۆرووپاییەکان تەنیا چەند حەوتوو تا لەناوچوونی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی بەرجام کات ماوە، بە پێشنیاری هەیئەتی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەیەکی نامەعلووم ڕاگیرا. لە کۆتایی ئەم دانیشتنانەدا دیپلۆماتەکانی سێ وڵاتی ئۆرووپایی ئەندامی بەرجام بەیاننامەیەکیان دایە دەرێ و لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا ڕایانگەیاند کە بڕیاری ئێران بۆ ڕاگرتنی دانوستانەکان، وەستانێکی دڵساردکەری لێدەکەوێتەوە.

تەنیا دەستکەوتی ئەم خولەی دانوستان و وتووێژەکان، هەواڵی ڕێکەوتنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لەسەر دابەستنی دووبارەی دووربینەکانی ئاژانس لە ناوەندی سانتریفیووژسازیی کەرەج لە ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزدا بوو کە بەوتەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وێنەی ئەم دووربینانە هەروا ناخرێتە ئیختیار ئاژانسەوە و تەنیا پاش بووژاندنەوەی بەرجام، ئاژانس دەستی بەم وێنانە ڕادەگات. لە لایەکی دیکەشەوە پاش ڕاگەیاندنی ئەم ڕێکەوتنە، ڕۆژنامەی کەیهان، بە بەڕێوەبەریی حسێن شەریعەتمەداری کە لە لایەن شەخسی خامنەییەوە دەستنیشان کراوە، ڕۆژی پێنجشەممە ئەم ڕێکەوتنەی “کردەوەیەکی جێگای پرسیار” ناولێنا و وەها ڕێکەوتنێکی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی بە “ئیمتیاز لەبری خراپکاری” و ” دیاری بۆ سێ گۆشەی گوشار” پێناسە کرد.

بێگومان ئەوەیکە ڕژیمی ئیسلامیی ناچار بە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ناوەکییەکان کردووە باروودۆخی نالەباری ئابوورییە. ئابووریی ئێران بەهۆی گەمارۆکان و هاتنەخوارەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت و دەستڕانەگەشتن بە دراوی فرۆشتنی نەوت، لەسەر لێواری داڕمانە. قەیرانی دراو و هاتنەخوارەوەی داهاتەکان یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. بەوتەی خودی کاربەدەستانی ڕژیم گەمارۆکانی ئەمریکا بووەتە هۆی هاتنە خوارەوەی ئاستی داهاتە دەوڵەتییەکان لە ١٠٠ ملیارد دۆلارەوە بۆ کەمتر لە ٨ ملیارد دۆلار و زۆر جار باسیان لە مەترسیی داڕمانی ئابووری کردووە.

هۆکاری ئەم کێشمەکێشە کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەیە لەم دانوستانانەدا هەرچییەک بێت ناتوانێ زەمانەتێک بێت بۆ مانەوە و درێژەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە. ئەگەرچی دوور لە چاوەڕوانی نییە کە ڕژیم بۆ پاراستنی دەسەڵاتی جەنایەتکارانەی دەست بداتە هەموو جۆرە سازان و تەسلیم بوونێک و جامی ژەهرێکی دیکە بنۆشێت، بەڵام لەو جێگەوە کە شووشەی تەمەنی ڕژیم لەناو دەستی بەهێزی کرێکاران، زەحمەتکێشان و خەڵکی خەباتکاری ئێران دایە، کۆماری ئیسلامی مەحکووم بە ڕۆیشتنە و زۆر ناخایەنێت کە جەماوەری خەباتکار و ئازادیخوازی پێکهاتوو لە کرێکاران، موعەلیمان، ژنان، خوێندکاران و باقیی توێژە ستەملێکراو و چەوساوەکانی ئێران بە یەکگرتوویی و هاوپشتیی خۆیان، ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی دەڕووخێنن.