کۆنفڕانسی ٢٠٢٢ی داڤۆس، لە ڕۆژەکانی ٢٢ بۆ ٢٦ی مانگی مەیدا بەڕێوەچوو. بابەتی کۆنفڕانسەکە بریتی بوو لە ” مێژوو لە خاڵی وەرچەرخاندا، سیاسەتەکانی دەوڵەت و ستڕاتێژییە جیهانییەکانی بازرگانی“. هەموو ساڵێ جارێک ژومارەیەک لە گەورە چەوسێنەرانی ملیاردێر و نوێنەرە سیاسییەکانیان، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە شاری داڤۆسی سوئیس هەڵکەوتوو لە داوێنی چیای ئاڵپ، لەدەوری یەک کۆدەبنەوە. لەوێدا کۆمەڵێک وتاری ئاشکرا پێشکەش دەکرێ و چاوپێکەوتنگەلێکی نهێنی و پیلانگێڕانەش بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ڕەواڵ، هەواڵنێرە دەستەبژێر و پیشەییەکانی خەتی ڕەسمی بورژوایی بەشی ئاشکرای دانیشتنەکە بڵاو دەکەنەوە و وا نیشان دەدەن کە نیزامی سەرمایەداری جێگیرە، لەحاڵی بەرەوپێشچووندایە و ئەگەریش گرفتێک هەبێت ئاساییە و چارەسەر دەکرێت.
کۆبونەوە حزوورییەکەی ئەمساڵ، پاش دووجار وەدواکەوتن لەبری مانگی ژانوییە، بەهۆی وایرۆسی کرۆناوە لە ڕۆژەکانی کۆتایی مانگی مەیدا بەڕێوەچوو. واپێدەچێت ئەو بەڵاو و موسیبەتانەی کە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان بەسەر چەندین میلیارد مرۆڤ و گۆی زەویدا هێناویانە ئیزنی ئەوەی نەداوە کە بەشداربووانی دانیشتنەکانی ئەمساڵ بەسیمایەکی بەرواڵەت شاد و بزەیەکی درۆینە لەسەرلێو، لە کامێراکانەوە دەربکەون و ئومێدی بێبنەما و ناڕاست بە بینەران ببەخشن.
بەوتەیکارناسانیبورژواییداڤۆسی٢٠٢٢بەدەستدووبابەتەوەدەناڵێنێت،یەکەمنەبوونیحزووریزلهێزەکانیوەکئامریکاوڕووسیاوچینودووهەمئەوبێهیواییەئاشکرایەیکەبەڕوخساریبەشداربووانەوەدیاربوو. بەرپرسانی سیاسی و خاوەن سەرمایەکانی ڕووسیا بانگهێشتی کۆنفرانسەکە نەکرابوون. دەوڵەتی چینیش هیچ نوێنەرێکی نەناردبوو بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسەکە. جۆبایدێن، سەرۆک کۆماری ئامریکا سەردانی ئاسیای کرد بۆ ئەوەی چنگ و ددانی ئیمپریالیسمی ئامریکا نیشان بەرپرسانی چین بدات. ناوبراو لەو سەفەرەدا وتی کە ئەگەر پێویست بکات بۆ بەرگری لە تایوان، پەنا دەباتەبەر بەکارهێنانی هێز. بەوتەی کارناسان جۆبایدێن و تیمەکەی هاوڕێی، هەوڵیاندا وڵاتەکانی وەک هێند و ئوستڕالیا و دەوڵەتەکانی دەوروبەری چین، لەدەوری نەخشە و پلانەکانی ئیمپریالیسمی ئامریکا بەمەبەستی وەستاندنی پێشڕەوییەکانی ئەو وڵاتە یەکگرتوو بکات. بەقەولی هەندێک لە پسپۆران، ئەوان هەروەها لەو بابەتەشیان کۆڵیوەتەوە کە ئایا ئیمکانی هەیە بەقوربانی کردنی شارۆمەندانی ئاسایی تایوان و ” ئەو بەکرێگیراوانەی کە ڕێکیاندەخەن“، گۆماوێکی خوێن لەچەشنی ئوکراین بۆ چینیش درووست بکەن.
داڤۆسی ٢٠٢٢، زۆرتر لەژێر هەژموونی هەیئەت حاکمەی ئاڵماندابوو. سەدری ئەعزەمی ئاڵمان وتارەکەی خۆی لەو دانیشتنەدا زۆرتر بە هێرشکردنەسەر ڕووسیا و خودی ویلادمیر پۆتین تەرخانکرد. سەرۆک کۆمار و چەند بەرپرسێکی ئوکراینیش چ بەشێوەی حزووری و چ لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بابەتی شەڕ لە وڵاتەکەیان و مەترسییەکانی ڕووسیایان بۆسەر جیهان و بەتایبەت ئوروپا، بەرجەستەکردەوە و خوازیاری یارمەتی زۆرتری وڵاتان و گەمارۆی ئابووری تووندتر لەدژی ئەو وڵاتە بوون.
بەرپرسان و سەرمایەدارانی ئامریکایی کە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناڕاستەوخۆ لە ئوکراین لەپێشەوەی دەوڵەتەکانی ئەندامی ناتۆ هەنگاویان هەڵدەگرت و ئێستاش لەسەر دەرێژەپیدانی ئەو شەڕە پێداگری دەکەن، هاوکات لەگەڵ کەشی پڕلە شوور و شەوقی ناو کۆنفرانسەکە سەبارەت بە شەڕی ئوکراین، لەدەرەوەی کۆنفڕانسەکەش سازێکی نوێیان کۆک کرد .وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی بیست و شەشی مانگی مەی، بەرابەر لەگەڵ پێنجی جۆزەردان، لە دانشگای جۆرج واشنگتۆن وتی کە مەترسی سەرەکی بۆسەر جیهانی بەناو ئازاد، وڵاتی چینە. ناوبراو ویستی بەمشێوەیە ئەو بەرەیەی کە لەدژی چین شکڵی گرتووە بەربڵاوتر بکات و پێویستی لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی چینیش لە ئاخرین ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا وەبیر بهێنێتەوە.
بەشدار نەبوونی نوێنەرانی سیاسی سەرمایەدارانی ڕۆژئاوایی، نیشانەیەکە لەو ناکۆکییە تووندەی کە لەنێوان دەوڵەتە سەرمایەدارەکاندا بوونی هەیە. گەورە پشکدارەکان کە هیچ ئاسۆیەکى ڕوونیان بەدی نەدەکرد، دانیان بەوەدا نا کە سەدان میلیۆن کەس لە جیهاندا بەرەو برسییەتی هەنگاودەنێن. بەڵام ناوەندی ” خەیرییەی ئاکسفام“، کە کاری بەرجەستەکردنی نابەرابەرییەکانە و داوای ماڵیات لە دەوڵەمەندەکان دەکات، ڕستەی محافزەکارانەی ” هەنگاو دەنێن“ی ئیسلاح کرد. لە ڕاپۆرتی ئەو دامەزراوەیەدا هاتووە، لە حاڵێکدا خاوەنانی سەرمایە زەبەلاحەکان لە سەردەمی کڕۆنادا ٣٤ لەسەدیان بەڕێژەی سامانەکانی خۆیان زیاد کرد، ٣٦٢ میلیۆن کەس هەرئێستا بەدەست برسێتی و هەژارییەوە دەناڵێنن.
بەڵام ئەم بابەتە کاتێک دەبێتەهۆی نیگەرانی خاوەنانی سەرمایە کە بەگوێیاندا ئەوە دەچرپێنن کە لەوانەیە برسییەکان لەدژی نەزم و نیزامەکەیان ڕابپەڕن. هەر ئەم ترس و خۆفە دەبێتەهۆی ئەوەی کە سەرمایەداران و خاوەن پشک و خاوەن بانکە گەورەکان بەڵێنی بێبنەمای باشترکردن و ڕەخساندنی هەلی کار بدەن. ئەوان لە وتارەکانی کۆتاییدا وتیان، بە بەهێزکردنی گلوبالیزلسیۆن و دوورکەوتنەوە لە ناسیۆنالیزم و پشت بەستن بە “سێ لایەنەیی” واتا لایەنی کرێکاران و خاوەنکار و دەوڵەت، بارودۆخی ئابووری باشتر دەکەن و هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنن. بەڵام ڕێکخراوی جیهانی کار لە راپۆرتێکدا کە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکە بڵاوی کردەوە، هەرلە ئێستاوە دانی هەرجۆرە بەلێنییەکی بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو کردەوە. ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕاپۆرتەکەیدا و بە خستنەڕوی کۆمەڵێک فاکتەری عەینی نیشانیدا کە بەچەندین هۆکار سەقامگیر کردنی بازاڕی کار مەحاڵە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا دامەزراندنی هێزی کار بەڕادەیەکی زۆر کەم بۆتەوە و لە داهاتوودا کەمتریش دەبێتەوە.
گەورە سەرمایەدارەکان کە بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوام نیوەی پڕی لیوانەکە نیشان دەدەن، لە داڤۆسی ٢٠٢٢دا ناچار بوون دان بەوەدا بنێن کە ئابوورییەکەیان مەترسی هەلاوسانی لەسەرە. بەڵام ئەوان لەوە بێ ئاگان کە ئابووری هەرئێستا تا بینەقاقا نوقمی قەیرانە .سیایتەکانی کۆماری ئیسلامی لەوانە ئیرنا کۆمەلێک ڕاپۆرتیان سەبارەت بە کۆنفڕانسی داڤۆسی ٢٠٢٢ بڵاو کردەوە. ئەوان دەیانویست وا نیشان بدەن کە گرفتە ئابوورییەکان تەنیا داوێنی خەڵکی ئێرانی نەگرتۆتەوە، بەڵکوو ئەمە گرفتێکی جیهانییە و خەڵک دەبێ دان بەخۆیاندا بگرن و دەرفەت بدەن بە بەرپرسان تا بارودۆخەکە سەر و سامان ببەخشن. بەڵام پێویستە ئەوە وەبیر بهێنینەوە کە، ڕاستە کۆماری ئیسلامی ڕژێمێکی چەوسێنەر و سەرمایەدارییە بەڵام ئابوورییە مافیاییەکەی و گەندەڵییەکی قووڵ و ساختاری تیایدا، گەلێک بەربلاوترە لەچاو وڵاتەکانی تر. جەماوەری خەڵکی ئێران لەگەڵ ڕژیم تەنیا گرفتی ئابوورییان نییە. ئەون خوازیاری ئازادین و دەیانەوێت وڵاتەکەیان بەدەستی خۆیان بەڕێوە ببەن. چوون ئەوە تەنیا ڕێگایە بۆ دەستەبەر کردنی ژیانێکی تێر و تەسەل و ئازاد.