کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆبوونەوەی ئەوانەی هەڕەشە لە ئەمنییەتی جیهانی دەکەن لە” کۆنفڕانسی مۆنیخ دا”

37

پەنجا و پێنجەمین دەورەی کۆنفڕانسی به‌رگری و ئەمنییەتی مۆنیخ ڕۆژی هەینی ٢٦ی مانگی ڕێبەندان بە ٥٠٠ کەسی بەشدارەوە، لەوانە ٤٠ سەرۆک کۆماری وڵاتان و ١٠٠ وەزیر، لەنێو توندترین ئامادەکاری ئەمنییەتیدا لە لایەن” وڵفگانگ ئیشینگر” سەرۆکەکەیەوە کرایەوە. ئەم کۆنفڕانسە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی مانگی ڕێبەندان دوای ٣ ڕۆژ کۆتایی بە کارەکانی هێنا. هاوکات زیاتر لە ٩٠ ڕێكخراوی ناحوكمی لە پێشدا ڕایانگەیاندبوو کە لەدژی دەست ئەکەن بە خۆپیشاندان. بە هەزاران پۆلیس و تۆڕێکی بەرین لە زەوی و ئاسمانەوە، ئەمنییەتی شوێنی ساڵانەی کۆنفڕانسەکەیان لە ئەستۆ بوو.

داهاتوی ڕێكخراوی نیزامی ناتۆ، دەوری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کێشە ناوچەییەکاندا، پاراستنی ڕێككه‌وتنی هەستەیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ناسراو بە بەرجام، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تیرۆریزم و داعش، لە زومڕەی باسە گەرمەکان لە کۆبوونەوە ٣ ڕۆژیەکەدا بوون. ئەم کۆنفرانسە ئەگەرچی روونە کە خزمەت بە ئەمنییەتی جیهانی ناکات، بەڵام نیشانی دا کە ناکۆکی و دژایەتیەکی مەترسیداری جیدی لە نێوان بلۆک بەندیەکانی جیهانی سەرمایەداریدا خەریکی شکڵ گرتنە. ئەم ڕاستیە هەر لە سەرەتای سوخەنڕانی ئیفتیتاحیەکەوە لە لایەن سەرۆکی کۆنفڕانسەوە بەیان کرا. ئەو وتی:” ڕاستیەکی مەترسیدار لە ئارادایە و دنیا لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە کێشەیەکی گەورە دایە. نیزامی نێو نەتەوەیی لیبڕاڵ تێکچووە و قۆناغێکی تازە لە ڕقابەتی هێز لە نێوان ئەمریکا، چین و روسییەدا دەستی پێکردوە.”

لەم کۆنفڕاسەدا بڕیارێک نادرێت و لە کۆتاییشدا ڕاگەیاندنێک دەرناچێت. بەشدارانی کۆنفڕانس تەنیا قسەوباس و ڕاگۆڕێنەوە دەکەن. ئەم کۆنفڕانسە لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەچێت و سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە چەندین شیرکەتی گەورەی بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵی جەنگی پشتیوانی دەکەن. ڕۆژنامەی زوددویچە، چاپی ئاڵمان نووسیویەتی:” مەبەستی ئەم پشتگرانە حوزوری چالاکانە لە بەرنامەی داڕشتنی بەرگری وڵاتەکاندایە تا بەم جۆرە بتوانن شێوازەکانی بازاڕیابی و فرۆشی خۆیان لەگەڵ داخوازییەکانی بازاڕدا بگونجێنن.”

ئەم کۆنفڕانسە لە زومڕەی ڕیاکارانە ترین کۆبوونەوەکانی دنیایە لە بواری ئەمنییەت و ئاشتیدا. سەرۆکی گەورەترین ئەو شیرکەتانەی بەرهەمهێنەری چەکوچۆڵ، خراپکاران و شەڕ سالارانێک کە دەستیان بە خوێنی ئینسانە بێ دیفاعەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی دنیا سورە، تێیدا بەشدارن. ئەو چاو پێکەوتنانەی کە لە پەڕاوێزی جەلەساتی کۆنفڕانسەکەدا بەڕیوەچوون زەمینە سازی بەستنی قەراردادی پڕ سودی دواتر لەسەر كڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی جەنگی دەبن.

لەم کۆنفڕانسەدا باس لە ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا. لە حاڵێکدا کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆتە ئەنباری چەکوچۆڵی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئۆرووپایی و ڕوسییە، شیرەی گیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە دەمژن، سەروەتە سروشتییەکانی بە تاڵان دەبرێت، تا بە شێوەی چەکی كوشتاری بە کۆمەڵ سەرلەنوێ بەسەریاندا ببارێننەوە. تیرۆریزم یەکێکی تر لە باسە گەرمەکانی کۆنفرانسی مۆنیخ بوو. لێرەشدا فریوکاری لە روخساری کۆنفرانسەکە دەباری. پشتیوانانی تیرۆریزم لە دنیادا یەک لەدوای یەک باسیان لە خەبات لەدژی تیرۆریزم کرد. بەڵام کێ هەیە نەزانێ: قاعیدە و تاڵبان لە ئەفغانستان لە هەمان سەرەتاوە لە بەرەی عەرەبستانی سعودی و ئەمریکادا شەڕیان دەکرد و بە دۆلارە نەوتییەکانی عەرەبستان و چەکی پێشکەوتوی ئەمریکایی تەیار دەکران. بەهێز بوونی داعش لە عێڕاق و سورییە بەرهەمی پشتیوانی دەوڵەتانی تورکییە، عەرەبستانی سعودی، قەتەر و چاوپۆشی ئاگاهانەی دەوڵەتی ئەمریکا بوو. تاڵبان لە لایەن ئەڕتەشی پاکستانەوە پشتیوانی دەکرێت و ئەڕەشی پاکستانیش ڕاستەوخۆ پشتی بە یارمەتییە بێ دریغەکانی ئەمریکا گەرمە. دەوڵەتی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ و بەبێ واسیتە دەست ئەداتە تیرۆر کردنی ڕێبەرانی فەلەستینی لە ناوچەکە و لە هەموو جێگایەکی دنیا و کۆماری ئیسلامی تەشکیلاتی تیرۆریستی بۆ تیرۆر و سەرکوتی نەیارانی لە هەموو جێگایەکی ئەم دنیایەدا بەدی هێناوە. تیرۆریزمی دەوڵەتی بۆتە شێوازێکی جێکەوتو لە شەڕی شاراوەی ئەم دەوڵەتانە لەدژی یەکتر و لە تیرۆر کردنی نەیارانیاندا.

بەشدارانی ئەم کۆنفرانسە ئەمنییەتییە لە مۆنیخ ڕێکخەرانی ئەڕتەشە سەرتاپا چەکدارەکان، بەرهەمهێنەران و ئەنبارکەرانی چەکە کۆمه‌ڵ کوژەکان، پشتیوانان و سەبەبکارانی دروست بوون و گەشەی سازمانە تیرۆریستە ئیسلامییەکان و پاسدارانی نیزامێکن کە بەرهەمی ڕەنج و کاری بە میلیارد ئینسان هەڵدەلوشن و ڕێگای خۆیان بەنێو ئاگر و خوێندا بە قیمەتی هەڵگرتنی ئەمنییەت و زەوت کردنی مافی ژیان لەم ئینسانانە خۆش دەکەن. ئەوان پاسدارانی نیزامێکن کە بە قازانج پەره‌ستی خۆیان نە بە ئینسان و نە بە ژینگە ڕەحم ناکەن. لە وەها بارودۆخێکدا بەشەریەت دوو ڕێگای زیاتر لەبەر دەمدا نییە. یان ڕازی بوون بە چارەنووسێک کە ئەمانە بۆیان دیاری کردوون، کە ئەوکات سەرئەنجامێکی بێجگە لە لەنێو چوونی تەمەدون و فەرهەنگ و سەرجەم دەستکەوتەکانی بەشەری بەدواوە نابێت و لە باشترین حاڵەتدا ئینسان، دەگەڕێنێتەوە بۆ بەڕبەڕیەتی هەزاران ساڵ لەوەپێش، یان کۆمەڵگا لەم مەسیرە سەخت و دژوارە تێدەپەڕێنێ و ڕێنمایی دەکات بەرەو دنیایەکی بەدوور لە شەڕ و توندوتیژی، پڕ لە ئازادی و ڕیفاه و یەکسانی، واتە دنیای سۆسیالیزم.