کڵافی ڕەنگاوڕەنگ ( بابەتێک بۆ ڕیزگرتن لە یادی سەد و چوارەمین ساڵی لە دایک بوونی عەزیز نەسین نووسراوە)

ن: بارام ڕەحمانی

لە فارسیەوە: سەعید ئەمانی

عەزیز نەسین، کە ناوی لە ناسنامەدا ” مێحمت نوسرەت”ە، نووسەر و تەنزپەردازێکی گەورەی تورکیەیە کە بەرهەمەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زیاتر لە ٣٠ زمانی جۆراو جۆر.

ئەو لە ڕێکەوتی ٢٠ دیسامبری ساڵی ١٩١٥ لە دایک بووە. نەسین دوای خوێندنی گشتی، چۆتە کۆلێژی ئەفسەری، بەڵام دواتر لە ئەڕتەش هاتۆتە دەرێ. نەسین، ئەفسەرێکی کارناسیی بووە لە ڕشتەی ئەندازیاری بیناسازیدا.

  ئەو دوای ئەم دەورەیە، بەکاری جۆراو جۆری دیکەوە خەریک بووە. نەسین، سەردەبیری چەند گۆڤاری تەنزی لە ئەستۆ بووە. چوارچێوەی کارەکانی، تەنزی سیاسی بوو. ڕوانگە سیاسیەکانی، لە دەورە جۆراو جۆرەکاندا، ئەوی لە سوچی زیندان توند کرد.

  ئەو نزیکەی دوو ساڵ دواتر، کاری رۆژنامە نووسی وەلانا و دەستی کرد بە نووسینی تەنز. داستان و رۆمانەکانی بە زمانێکی گەلێک سادە و شیاوی تێگەیشتن نووسراون و تەنز و ڕەخنەیەکی گەزەندەی سیاسیان لەخۆ گرتوە. لە بەرهەمەکانیدا، ئەو رووداوە تاڵ و شیرینانەی لەگەڵ ژیانی رۆژانەی خەڵکدا پێوەندیان هەیە، ئاوێتەی یەکترن. سانسۆڕ و سەرکوت، گەندەڵی دەوڵەتی و ئیداری، یاسا گەمژانە و سەرکوتگەرانەکان، نەبوونی ئازادیەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ئیستبدادی دینی، ناسیۆنالۆیزم و لیبڕالیزیم، خورافە، نەزانی و ڕەخنە لە نیزامیگەری بەرهەمەکانی عەزیز نەسیندا جێگاوشوێنێکی تایبەتیان هەیە.

  داستانەکانی نەسین، زۆربەیان بە شێوەی جوداگانە و لە دەرەوەی کۆمەڵە داستانەکانی بڵاو کراونەتەوە، هێندێک جاریش وەک کتێب چاپ کراون.

  نەسین، لە چوار چێوەی دانستان نووسینی تەنزدا و لە دروشم و باقی نووسراوەوکانیدا، ڕەخنەی قوڵ و توندی خۆی بە زمانێکی تیژ و کاریگەر و بەوپەڕی لێهاتویی ئەدەبیەوە دەردەبڕی. لەم ڕوەوە، عەزیز نەسین یەکێک لە سیما ناودارەکانی ئەدەبی جیهانیە کە نووسراوە تەنزەکانی لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و ئوروپا لایەنگری بێ ئەژماریان هەیە.

  لەگەڵ گشت هەڕەشە حکومەتی و نا حکومەتیەکاندا، عەزیز نەسین بەوپەڕي ئازایەتی وبوێریەوە درێژەی بە ڕەخنە و ناڕەزایەتیەکانی دژبە نایەکسانی و هەڵاواردن، ستەم و سانسۆڕ، هەژاری و بێبەشی و چەوساندنەوە، داوە و قەت چاوترسێنی کەشی پڕ لە خەفەقان نەبووە. سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە ئەو بەهۆی شکایەتی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، بەهۆی ئەوەی کە وەک سوکایەتی بە شاهەنشای ئێران بە ئەژمار هات، ٦ مانگ زیندانی کرا. ئەو لە بەرهەمەکانیدا جەهل و نەزانی ئاوێتە بەتەزی وێنا کردوە و لە گشت ئەو تەنزانەشدا، لەسەر بیرکردنەوە کە ژێربینای رۆشنگەریە، جەخت دەکاتەوە. کتێبی” منداڵانی ئەمرۆ مەعرەکەن”، لە دەیەی ١٩٦٠ دا بۆ هەوەڵین جار چاپ و دویەش، زیاتر لە ٤٠ جار لە تورکیە چاپ کرایەوە. ئەم کتێبە، بەرهەمێکی تەربیەتیە و ڕەخنەی زۆر لەو سەردەمەی تورکیە دەگرێت.

  ئەم کتێبە کە بە ئاڕاستەی ڕەخنە گرانەوە، نیزامی ئاموزشی و تەربیەتی منداڵان و تازەلاوانی تورکیەی دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستی خستۆتە ژێر چاوەدێریەوە. ئەم بەرهەمە، لە بەستێنی نامە گۆڕینەیوەی دوو قوتابی تورکدا دەگێڕدرێتەوە. باوکی یەکێکیان بەپێی مەئموریەتێکی کە هەیەتی، گوازستراوەتە بۆ شارێکی تر و لەبەر ئەمەش، ئەم دوو قوتابیە لەیەک دوور کەوتونەتەوە. ئەوان لەگەڵ یەکتردا قەرار دادەنێن کە رووداوەکانی پێوەندیدار بە قوتابخانە و دۆستەکانیان بۆ یەکتر بگێرنەوە.

  عەزیز نەسین لەم کتێبەدا، دەستدەکات بە ڕەخنە گرتن لە نیزامی ئاموزشی کۆمەڵگاکەی و ڕەخنەگرتن لە شێوازی نادروستی تەربیەتی بنەماڵە. کتێبەکە لە حاڵێکدا کە خاوەنی سەرنج ڕاکێشانێکی پێویستە، بە شێوەیەکی قوڵ، پەند و عیبەرەت ئاموزە. هەر ئەو جۆرەی کە نووسەر خۆی باوەڕی پێیەتی، ئەم کتێبە نە تەنیا بۆ منداڵانە بەڵکو بۆ گەورەکانیش، خوێندنەوەی پڕ لە چێژە.

  لەم کتێبەدا منداڵان ڕەخنە لە دایک و باب و مامۆستاکانیان دەکرن. لەم کتێبەدا منداڵان لە بەرانبەر گەورەکاندا دەست دەکەن بە دیفاع لە خۆیان و مافەکانیان.

  بەم جۆرە، تەنزی عەزیز نەسین نە تەنیا بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆڵگا ئەداتە بەر تیخی ڕەخنە، بەڵکو بەدیلی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆیشی پشکەشی کۆمەڵگا دەکات و بەم هۆیەوە، رۆشنگەری دەکات.

  گەلێک لە بەرهەمەکانی، تایبەتن بە هەڵاواردن و نایەکسانیە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی کۆمەڵگا و حاکمیەتی ئەوکاتی تورکیە. ئەو توانی لە ڕشتەی تەنزی ئەدەبیدا دوو جار خەڵاتی نێونەتەوەیی تەنزی ئیتالیا بەرێتەوە. نەسین، بۆ یەکەم جار لە کێبەرکێیەکی گەورەدا لەنێوان تەنز نووسانی ١٢٧ وڵاتدا بە داستانی” حەمدی فیل” لە ئیتالیا بەشداری کرد و خەڵاتی” شاخەی ئاڵتون” ی وەرگرت. بە بەشداری کردن لە مسابەقاتی دواتردا، ناوبانگی یەکەم جار لە دەرەوەی سنورەکان و دواتر لە تورکیەدا بڵاو بۆوە.

  نەسین، زیاتر لە دوو هەزار داستانی لە پاش بەجێماوە کە بۆ زمانە جۆراو جۆرەکانی و بۆسەر زیاتر لە ٣٠ زمان تەرجومە کراوەتەوە و لە نێویاندا دەکرێ ئاماژە بە کتێبەکانی” گەمژە”، ” مەگەر لەنێو وڵاتی ئێوەدا کەر بوونی نییە”، ” پیاوی خۆرهەڵاتی”، ” ئێمە خەڵکێکی لاسایی کەرەوەین”، ” دیاری کۆتایی ساڵ”، ” بەپێی یاسا  و ڕێساکان”، ” منداڵانی ئاخرزەمان”، ” شەڕلاتان”، ” گوروپی کەرامەت و گوروپی سەلامەت”، ” گەرەکتانە ببنە ملیۆنێر”، ” نەخۆشی شەکرە”، ” مێهروەزی بەتین”، ” ژن و ڕیسوایی”، ” نرخ و بایەخی گەورەیی”، ” کڵاوی زاوایەتی”، ” زاوابەندی”،” بووکی گەڕەک”، ” ملهوڕ”، ” بیانیەک لە ئەستەنبول”، و هیتر بکرێت.

  گەلێک لە داستانە کورتەکانی عەزیز نەسین لەلایەن سەمین باخچەبان، ئەحمەد شاملو، ڕەزا بەراهەنی و سەمەد بێهڕەنگیەوە کراونەتە فارسی. بۆ نمونە:” بەرەو ئەسفەل سافلین” کە سەمین باخچەبان وەریگێڕاوە و شاملو لە بەشێک لە وەرگێڕانەکەیدا بەشداری هەبووە.

  عەزیز نەسین لە ساڵی ١٩٧٢، ناوەندێکی دامەزراند و ناوی لێنا” بونیادی نەسین” کە کارەکانی یارمەتیدانی منداڵانی کار و خیابانی بوو؛ ئەو منداڵانەی کە لەبەر هەژاری و بێبەشی، تەنانەت نەیاندەتوانی بشخوێنن. ئەو ناوەندە لە سەرەتای دامەزرانیەوە یارمەتی بە هەزاران منداڵی ئاوارە دا تا بتوانن بخوێنن و ببنە خاوەنی داهاتویەکیی باشتر.

  عەزیز نەسین، لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیشیدا ئارامی لە ژیانیدا نەبینی. لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی نەسین دا، شەپۆلی دەمارگرژی، بنەماخوازی و بەڕبەڕیەتی ئیسلامی لە سەرتاسەری دنیادا، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەشەی کرد. ئەم دیاردە شومە، گەیشتە تورکیەش و لە ئاکامدا، نووسەرانی ئازادی خواز و ئازاد ئەندیشی وەک عەزیز نەسین، خەڵکیان بۆ خۆڕاگری لەبەرانبەر ئەم دێوەزمەدا بانگهێشت دەکرد. دوای بڵاو بوونەوەی فەتوای خومەینی، دامەزرێنەری حکـومەتی ئیسلامی ئێران و دەستوری تیرۆر کردنی سەلمان ڕوشدی سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی کتێبی” ئایەتە شەتانیەکان”، عەزیز نەسین بەشێک لە کتێبەکەی سەلمان ڕوشدی تەرجەمە و بڵاو کردوە. هێندێک لە کۆڕو کۆمەڵە ئیسلامیەکان لە تورکیە، بە ” لە دین دەرچو” تاوانباریان کرد و حوکم و فەتوای کوشتنیان دەرکرد. ماوەیەک دواتر کە تەنز نووسی بە ناوبانگ بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی نووسەرانی ئازادی خواز و یەکسانی تەڵەب چووبوو بۆ شاری” سیواس”، ژمارەیەک لە کەسانی دەمارگرژ و وەحشی ئیسلامی، رۆژی دووی ژوئیە ی ساڵی ١٩٩٣ دوای مەڕاسمی نوێژی هەینی، هێرشیان کردە سەر بینای شوێنی مانەوەیان ئاگریان تێبەردا. لەم رووداوەدا نەسین بە سلامەت ڕزگاری بوو، بەڵام ٣٧ خوێندکار، هونەرمەند و نووسەر، بە زیندوویی لە ئاگری نەزانی و دەمارگرژیدا سوتان.

  خومەینی ماوەیەک پێش ئەم تاریخەش فەتوای کوشتنی زیندانیانی سیاسی ئێرانی دەرکردبوو وە مەئمورەکانی، لە ماوەیەکی کورتدا چەندین هەزار زیندانی سیاسیان سپاردە جوخەکانی مەرگ و تەنانەت پەیکەرەکانیشیان نەدایەوە دەست بنەماڵەکانیان و بە نهێنی لە شوێنی نادیاردا شاردیاننەوە کە هێشتاش کەس نازانێ لە کوێن و بنەماڵەکانیشیان نازانن خۆشەویستەکانیان دوای ئێعدام کرانیان، لەکوێدا نێژراون! نەسین، دوای فەتوای مەرگی خومەینی لەدژی سەلمام ڕوشدی بوو کە وتی؛ ئەم کردارەی لە سەرەتادا بۆ داکۆکی لە ئازادی ڕا دەربڕین و بیروبۆچوون ئەنجامداوە. بەڵام کۆڕوکۆمەڵە ئیسلامیەکان ئەم کردارەیان پێ هەزم نەکرا و حوکمی لەدین دەرچوون و دەستوری کوشتنی عەزیز نەسینیان دەرکرد.

  ڕەخنە گرتن لە بارودۆخی ئێستا، یەکێک لە تایبەتمەندیە گرنگەکانی روناکبیرانی پێشڕەو و جەماوەری بە ئەژمار دێت؛ ئەو رۆشن ئەندیشە ئازار لەدڵانەی کە لە ڕێگای قەڵەم و زمان و وشەیانەوە، ئەرکی خۆیان بەڕێوەئەبەن. عەزیز نەسینیش بە لەبەرچاو گرتنی زەمینە و قۆناغێک کە تێیدا دەژیا، زمانی تەنزی بۆ وێنا کردنی نابەسامانیەکانی کۆمەڵگاکەی هەڵبژاردبوو. ئەو لە دوو بواری جیاواز، بەڵام بەیەک پەیوەستەوە، کاری دەکرد. ئەم دوو بوارەش بریتین لە: سیاسەت، فەرهەنگ و کۆمەڵگا. دەستپێکی کاری نووسینی نەسین، هاوکات بوو لەگەڵ دەورەی تەک حیزبی و خەفەقانی پان تورکیسم و ئاتاتورکیسم لە تورکیە.

  هەڵبەت کاریگەریەکانی شەڕی جیهانی دووهەم لە ئوروپا، لە ماوەیەکی کورتدا کاریگەری لەسەر پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی تورکیەش دانا. کاریگەری و ئاڵوگۆڕەکانی ئەم قۆناغە، ئاکامی شەڕ و کرداری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوخۆی تورکیەدا، بوو بەهۆی کاردانەوەی نەرێنی لەدژی دەوڵەتی ئەوکات لە بەشە جۆراو جۆرەکانی کۆمەڵگادا. لە وەها بارودۆخێکدا، سروشتی بوو کە نەسین، کاردانەوەی هەبێت لە بەرانبەر ئاڵوگۆڕە سیاسیەکاندا و هەڵبەت بە وشیاریەوە هەزینەکەشی بدات.

  بۆ نمونە لە ساڵی ١٩٤٧ بە نووسین و بڵاو کردنەوەی وتارێک لەژێر ناوی” بەرەوکوێ دەچین” ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر تورکیەدا گرت و نزیکەی ساڵێک خرایە زیندان. لە ساڵی ١٩٥٠ شدا، بەهۆی وەرگێرانی بابەتێکی ماڕکسیستی ١٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم نمونانە دەرخەری ئەوەن کە عەزیز نەسینیش وەک رۆژنامەنووس و تەنزپەردازێکی جیدی لەو کاتەدا، تا چ ئاستێک چاوی لەسەر ئەندێشە پێشڕەو و ڕەخنەگرانەکان بووە و قەڵەمی خۆی لە چ ئاڕاستەیەکدا خستۆتەکار.

  بواری دووهەم کە عەزیز نەسین تێیدا ڕؤشنگەرانە و وشیارانە کاری تێدا کردوە، ڕەخنەی بەردەوامی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە کە نەمر ترین بەرهەمەکانیشی لەم بوارەدا نووسیون. ئەو بە کەڵک وەرگرتنی ورد و بەجێ لە داستان و بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی تەنز و گاڵتە کە لە بنەمادا، دەرخەری ئازار و ڕەنج و داخوازیەکانی کۆمەڵگاکەی بوو، ئاوڕی لە بابەتگەلی پێوەندیدار بە ژیانی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسی دایەوە.

  عەزیز نەسین، زیاتر لە ٢٠٠ پەروەندەی دادڕەسی سیاسی هەبوو، پێنج ساڵ لە زینداندا مایەوە و بێجگە لە شکایەتکارە حکومەتیەکانی وڵاتەکەی، پاشاکانی میسر و ئێران و مەلەکەی ئینگلیسیش بە بیانوی” سوکایەتی کردن بە پێگەی جەلیلی سەڵتەنەتیان” شکایەتیان لێ کرد.

  ناو و ناوبانگی عەزیز نەسین تەنیا سنوردار نەبوو بە وڵاتی تورکیە. بەرهەمەکانی لە سەرتاسەری دنیادا، و زیاتر لەو وڵاتانەدا کە بارودۆخێکی هاوشێوەی تورکیەیان هەبوو، لایەنگر و خوازیاری زۆریان هەبوو. چەندین جار خەڵاتی نێونەتەوەیی” باشترین تەنز نووسی ساڵ” درایە نەسین.

  دوای” ڕەزا هەمڕاه” کەسانێکی وەک سەمەد بێهڕەنگی، ئەحمەد شاملو، ڕەزا سەید حسەینی، قەدیر گوڵکاریان و چەند وەرگێڕێکی تر، کۆمەڵێک وەرگێڕانی باشتریان لە بەرهەمەکانی نەسین پێشکەش کرد. بەڵام ئەم وەرگێڕدراوانە، گەلێک هەڵەی جیدییان تێدایە. هەڵبەت لەم نێوانەدا، نابێ دەور و کاریگەریی سانسۆرچیەکانیش لە شێواندنی بەهەمەکاندا، لەبەرچاو نەگرین. لە دەیەی ١٣٧٠ دا سەمین باخچەبان، کە تورکی باش دەزانی و لەگەڵ عەزیز نەسینیش دۆستایەتی هەبوو، کۆمەڵێک وەرگێڕانی باشی لە کتێبە تەنزەکانی ئەو نووسەرە تورکە پێشکەش کرد. ژیانامەی خۆ نووسینی عەزیز نەسین لە لایەن خاتو ژالە سەمەدیەوە گرایە فارسی و لە ئینترنێتیشدا، داینا.

  

  لایەنگرانی ئەدەبیات لە سەرتاسەری دنیادا، عەزیز نەسین وەک تەنز نووسێکی گەورە دەناسن. بەڵام تەنز و زاراوەی شیرین و ئاوێتە بە گاڵەتەی نەسین، زیاتر لە باقی چالاکیە ئەدەبی و هونەریەکانی ناسراون. لەبەر ئەمە، باقی کارە ئەدەبیەکانی، وەک شانۆنامە و شێعرەکانی، ئەو جۆرەی کە شیاو و شایستەیەتی، نەناسراون، بەم حاڵەشەوە، شانۆنامەکانی عەزیز نەسین، چەندین جار تا ئێستا چوونەتە سەر سانۆی تیاتر و شێعرەکانیشی، بە بۆچوونی ڕەخنەگران، لە باشترین نمونەکانی شێعری مۆدێڕنی تورکیەن.

  عەزیز نەسین دوای سوتاندنی شێعرەکانی، تا ساڵی ١٩٦٥ هیچ شێعرێکی نەنووسی. بەڵام دوای ئەوە، کاتێک کە وەک نووسەرێکی تەنز و گاڵتە ناو و ناوبانکێکی باشی دەرکردبوو، شێعر جارێکی تر جێگای خۆی لە ژیانی نەسیندا کردەوە. عەزیز نەسین، نزیکەی ١٠ کتێبی شێعری چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

  هێندێک لە شێعرەکانی عەزیزی نەسین لە ساڵانی ڕابردودا، لە لایەن موژگان دەوڵەت ئابادی، ڕەسوڵ یۆنان، سیامەک تەقی زادە و هێندێک کەسی دیکەوە کراونەتە فارسی.

  عەزیز نەسین نووسەرێکی پڕکار و لە هەمانحاڵدا لایەنگرێکی زۆریشی هەبوو. بە درێژایی ژیانی زیاتر لە ١٠٠ کتێبی داستان و شێعر و شانۆنامەی بڵاو کردۆتەوە. نەسری نەسین، یەکێک لە جوانترین و ڕەوان ترین جیلوەکانی زمانی تورکییە کە زمانی ئەدەبی تا ئەو جێگایەی ئیمکانی هەیە شیرین و زیندوو لە شێوازی قسەکردنی خەڵکی ئاسایی نزیک کردۆتەوە.

  عەزیز نەسین بەوپەڕی تەوازوعەوە، زۆر کار کردنی خۆی گێڕاوەتەوە بۆ پێویست بوونی هەوڵدان بۆ دەستەبەر کردنی پێداویستیەکانی ژیان و بەڕێچوون و وتویەتی:” خەڵک سەریان سوڕدەمێنێ کە تا ئێستا زیاتر لە ٢ هەزار داستانم نووسیوە. بەڵام ئەوە جێگای سەرسوڕمان نییە. ئەگەر بنەماڵەکەم بەجێگای ١٠ کەس، ٢٠ کەس بوونایە، ناچار دەبووم زیاتر لە ٤ هەزار داستان بنووسم.”

  نەسین لە ساڵی ١٩٧٢ ناوەندێکی بەناوی” بونیادی نەسین” دامەزراند و ئەرکی ئەو ناوەندەی یارمەتیدانی منداڵانی هەژار و بێبەش لە خوێندنی گونجاو دیاری کرد. لەو کاتەوە بونیادی نەسین یارمەتی بە هەزاران منداڵی بێسەرپەرست و خیابانی داوە تا لە کومەڵگادا شوێنی شیاوی خۆیان بدۆزنەوە.

  عەزیز نەسین، لە بەرهەمەکانیدا ناکۆکی و دژایەتیەکان و نابەسامانیەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکەی لە هەموو سوچ وقوژبنێکی وڵاتی تورکیەدا وێنا دەکات. ئەو سانسۆڕ و سەرکوت، هەژاری و بێبەشی، گوشار و نا دادپەروەریەکان ستەمێک کە لە کرێکاران و خەڵکی بێبەش و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگا دەکرێت، بە تەنزێکی توندتیژ ئەداتە بەر ڕەخنە و تەعبیری ئیستیعاری خۆی، ژیانی رۆژانەی خەڵک بە ئاماژەی شۆخی ئامێز و گشت پەسند وێنا دەکات. کارێکی تابڵێی گەورە و گرنگ و ڕۆشنگەرانە و وشیاری دەرانە! ئەو نە تەنیا حاکمیەت بە توندی ئەداتە بەر ڕەخنەی هەمە لایەنە، بەڵکو لە هەمانحاڵدا، لە جەماوەر و خەڵک پەسندیش دوور دەکەوێتەوە. هێندێک جار نووکی تیژی ڕەخنەکانی روو بە تاک بە تاکی دانیشتوانی نێو کۆمەڵگا گرتوە، کەموکوڕی و لایەنە نەرێنیەکانیانی دەرخستون.

  بەهەر شێوەیەک بێت، کەڵک وەرگرتنی عەزیز نەسین لە تەنزی ڕەخنە گرانە بۆ پیشاندانی ڕاستیە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانی کۆمەڵ، کە دەیتوانی لە هەر کۆمەڵگایەکی تریشدا رووبدات، وێڕای ئەوەی کە لایەنێکی کاریگەری داوەتە سەبک و هونەرەکەی، کار و چالاکی پەیگیر و بێ وچانی ڕۆشنگەرانەی ئەویشی سەروسامان داوە.

گومانی تێدا نییە کە عەزیزی نەسین رۆشنگەرێکی سیکۆلار و سۆسیالیست بووە و خۆیشی قەت بیروبۆچونەکانی نەشاردۆتەوە. لەم روەوە، سەبارەت بەو گەلێک قسە کراوە، بەڵام هیچ کەسێک گومانی لە ڕاستگۆیی و ئینسان دۆستی نەبووە؛ لەبەر ئەوەی کە ئەو وەها ژیاوە کە بڕوای پێی بووە.

  بەڵام عەزیز نەسین، وێڕای گوشاری زۆری سانسۆڕ و زیندان و ئەشکەنجە و هەژاری، قەت دەستی لە ڕەخنە گرتن لە حاکمیەتی سیستمی سەرمایەداری، ناسیۆنالیزم و مەزهەب هەڵنەگرت و قەت لە بەرانبەر هەموو ئەو هەرا و هوریا و هەڕەشانەی حاکمیەت و مەزهەبیەکان و ناسیۆنالیستەکان لە دژی دەیانکرد، بەچۆکدا نەهات و چاوترسێن نەبوو.

  ئەزیز نەسین لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی پڕ سەمەریدا، دەستیدایە خەباتی بەردەوام دژ بە هەر بابەتێک کە بە نەزانی و توندڕەوی دینی و سانسۆڕی دەزانی. ئەو بڕوای بە مافی ئازادی دەربڕین و ڕەخنە گرتنی بێ چاوپۆشی لە ئیسلام هەبوو. دوای دەرچوونی فەتوای خومەینی دامەزرێنەری حکومەتی ئیسلامی ئێران بۆ کوشتنی سەلمان ڕوشدی، نەسین وەرگێڕانی کتێبی ئایەتە شەیتانیەکانی بۆسەر زمانی تورکی دەست پێکرد. ئەم کارە گرنگە، بووبە هۆی ئەوەی بکرێتە ئامانج لە لایەن دەستە و تاقمە توندڕەوە ئیسلامیەکانەوە. ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٩٣، مەزهەبیەکان هۆتێلی شوێنی حەوانەی ئەو و ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی کە لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی تری تورکیەوە هاتبوونە شاری سیواس، تا بەشداری لە جێژنوارەی ساڵانەی عاشقیلاردا بکەن، ئاگر تێبەردا. بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی حوڕیەت، عەزیز نەسین وەرگێڕی ئایەتە شەیتانیەکان وێڕای سوخەنڕانی کردن وتی:” … من موافقی دروستیی قسەکانی پیرسوڵتان کە لە ٤٠٠ ساڵ لەوەپێشدا کردونی، نیم. هەروەها لەسەر ئەو بڕوایەم کە قسەکانی مەولەوی کە لە ٧٠٠ ساڵ لەوەپێشدا کراون، ئیتر لەمرۆدا کاراییەکی ئەوتۆیان نییە. بەم جۆرە دەتوانین بڕوامان بە چ شتێکی قورئان هەبێت کە زیاتر لە هەزار ساڵ لەوپێش نووسراوە. من موسڵمان نیم. تەنانەت بێ دینیشم. پێویستە قورئان گونجاو لەگەڵ سەردەمەکە بگۆڕدرێت، ئێمەش دەبێ سەبارەت بە بارودۆخی خۆمان، شتێک بنوسسین.” ( رۆژنامەی حوڕیەت، چاپی تورکیە، ٣ ی مانگی ژوئیەی ١٩٩٣).

  هەروەها رۆژنامەی میلیەتیش بڵاوی کردەوە کە:” دوای بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لە سیواس، ژمارەیەک لە نوێژ خوێنەکان لەبەردەم ئوستانداری و ناوەندی فەرهەنگی کۆبوونەوە و دژایەتی خۆیان لەگەڵ جێژنوارەکە و عەزیز نەسین دەربڕی. لەو رووداوەدا ٤٠ کەس کوژران و ١٤٥ کەسیش بریندار بوون. خۆپیشاندەران، هۆتێلی شوێنی حەوانەوەی عەزیز نەسین و هاوڕێکانیان ئاگرتێبەردا… و خەڵک وتیان بژی شەریعەت. بەرپرسان عەزیز نەسینیان لە کاتێکدا کە لەبەر چڕی دوکەڵ و ئاگر کەوتبووە بارودۆخێکی خراپەوە، بە نێردیوان ڕزگار کرد و لەو شوێنە دوور خستەوە… وەزیری نێوخۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئەمنیەتی پلەبەرز، بە فڕۆکەیەکی تایبەت بەرەو سیواس چوون و لە نزیکەوە بارودۆخەکەیان خستە ژێر چاوەدێریەوە. ڕاگەیەندرا کە ١٠٠ هەزار کەس لەو رووداوەدا بەشدار بوون. سەرۆکی نەخۆشخانەی دەوڵەتیی سیواسیش، لە وتووێژێکدا ڕایەگەیاند کە ٧  کوژراو و ٥ برینداریان هێناوە کە هەموویان بە گوللە پێکراون.” ( رۆژنامەی میلیەت، چاپی تورکیە، ٣ ی مانگی ژوئیەی ١٩٩٣).

  لە ڕاستیدا، بابەتی تەنزەکانی عەزیز نەسین، کۆمەڵێک رووداوی تاڵ و شیرینە کە لەگەڵ ژیانی خەڵکدا پێوەندیان هەیە. تەنزی نەسین، سادە و لە هەمانحاڵدا توند و تیژ و چزێنەرە و زۆریش ئاڵۆز نین. بەم هۆیەوە، داستانەکانی، دەست بەدەست و دەم بە دەم دەگەڕێن. نووسراوە تەنزەکانی ئەم نووسەرە، پەڕاوێزی بێ ڕەبت و ماندووکەریان نییە و بەم هۆیەوە، بە هاسانی لەگەڵ بەردەنگدا پێوەندی دەگرن.

  تەنزەکانی ئەم نووسەرە ناسراوە جیهانیە، وەرگێڕان هەڵدەگرن، بەڵام لە وەرەگێرانە فارسیەکانیدا گەلێک کەموکوڕی هەیە: بۆ نمونە، ” کودتا” یان بە ” شۆڕش” تەرجومە کردۆتەوە. یان ئەوەندە ویستویانە وەرگێرانەکە بۆ فارس زمانەکان هەست پێکراو بێت کە لە دەقە سەرەکیەکە دوور کەوتونەتەوە.

  رۆژنامەی گاردیەن، رۆژی ٢٣ ی مانگی ژوئێنی ٢٠١٧، لە راپۆرتێکیدا سەبارەت بە وەرگێرانی کتێبەکانی لە ئێران، نووسیوەتی:

  ” ئەگەر جی. دی سلینجێر قەفەسەی کتیب فرۆشیەکانی ئێرانی بدیبایە، لە گۆڕەکەیدا ئەلەرزی.” دارستانی ئاوەژوو” کورتە رۆمانی ١٩٤٧ ی سیلینجێر کە نیو سەدە لەوەبەر، بەر بە لەچاپ درانەوەی سەرلەنوێی گیرا لە ئەمریکا، لە زۆربەی کتێبە فرۆسیەکانی ئێراندا بە فارسی دەست دەکەوت…

  بڵاو بوونەوەی” دارستانی ئاوەژوو” بە فارسی تەنیا یەک نمونە لە سەحنەی قەرەباڵغ، ئالۆز و لە هەمانحاڵدا سەرسوڕ هێنەری وەرگێرانە لە ئێراندا کە لەبەر کەمتەرخەم بوون لە پەیوەست بوون بە پەیمانی بێڕن، یان کۆپی ڕایتەوە لاواز بووە. نووسەرانی ئێرانی کە بەرهەمەکانیان لە وڵاتەکەی خۆیاندا بڵاو بکەنەوە، کۆمەڵێک پشتیوانیان لەژێر یاسای نەتەوەیدا هەیە، بەڵام کاری ئەو نووسەرانەی کە لە دەرەوەی ئێران بڵاو دەبێتەوە، بە تەواوەتی بەبێ چەتری پاریزگارییە. بەپێی بابەتێکی ” تاران تایمز” وەرگێڕێکی ئێرانی، مافی کۆپی ڕایتی وەرگێڕانی رۆمانی ٢٠١٧ ی پائۆلا هاوکینز، ” ناخی ئاو، یان لەنێو ئاودا” ی وەرگرت، بەڵام لانیکەم پێنج کەسی تر لە حاڵی کێبڕکێدان بۆ وەرگرتنی ئیزنی وەرگێرانەکەی.

  نمونەیەکی تر:” کوێستانیش دەنگیدایەوە”ی خالد حسێنی، لانیکەم لە لایەن ١٦ کەسەوە کراوەتە فارسی. لەم دواییانەدا ئەردەڵان فەسیحی، وەرگێری ئۆرهان پامۆکی نووسەری تورک، هۆشداری داوە لەوەی ئەم بابەتە” لێک هەڵوەشانی ئەدەبیاتی فارسی” بەشوێنەوە بێت، لەبەر ئەوەی لەسەر چلۆنایەتی وەرگێڕان کاریگەریی دەبێت.

  بەم جۆرە، هەم سانسۆڕی دەوڵەتی و هەم خۆ سانسۆڕ کردنی وەرگێڕ و هەم سانسۆڕی ئەخلاقی، دەست ئەدەنە دەستی یەک تا کتێبەکان لە مەزمون و ناوەرۆکی سەرەکییان داتەکێنن. بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخە لە ئێران  و هەروەها کەموکەسەر بوونی تیراژی بۆ نمونە وەک ٣٥٠ نوسخەی کتێب بۆ هەشتا ملیۆن جەمعیەت، حکومەتی ئیسلامی ئێران و ماشێنی سانسۆڕی ئەوە کە بۆتەکۆسپێکی گەورە لەبەردەم وەرگێرانێکی جیدی و دەقیقدا. روون و ئاشکرایە کە ئەم ڕەوتە لە ڕوانگەی فەرهەنگی و ڕۆشنگەریەوە بۆ ئەمرۆ و سبەی رۆژی کۆمەڵگای ئێران، بە تایبەت بۆ هێزی لاوی ئەم وڵاتە، گەلێک کارەساتبار و مەترسیدارە.

  دیارە، رۆمانی” ناسناو” ( ١٩٧٦) بێگومان یەکێک لە بەرهەمە دیارەکانی عەزیز نەسینە. لەم رۆمانەدا قەرارە حوکمدراوێک، بە بەرچاوی خەڵکەوە لە داربدەن. وەک ئەوەیە کە جێژنێکی خیابانی شکۆدار خرابێتە ڕێ. مەحکوم بە ئێعدام کەسێکی گزی کار و هەڵوەدایە کە چارە ڕەشی و هەژاری و نەهامەتی ئەوی وادار بە کوشتنی ئینسان کردوە. عەزیز نەسین لە چەند رۆژ گۆشە نیگاوە، کەش و بارودۆخەکەمان پیشان ئەدات و چەند زمانی جۆراو جۆر بو دەربڕینی ئەم داستانە بەکار دێنێ. زمانی مێژوویی لەگەڵ زمانی خەڵکی ئاساییدا ئاوێتە دەکات و هەموو شتێک دەچێتە خزمەت ئەو کەسایەتیە سەرەکیەوە کە مەحکوم بە ئێعدامە.

  نەسین لەم کتێبەدا کەڵک لە تەنزێکی چزێنەر وەردەگرێت و دەیەوێ توندوتیژی کۆمەڵگایەکی لە حاڵی گەشەدا پیشان بدات کە لەسەر بنەمای هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی بنیاد نراوە.  گەرەکیەتی نوێخواز بێت، بەڵام لە هەمانحاڵدا لە داوی ئەخلاقیاتێکی کۆنەپەرستانە و پەڕتوکاودا گیری خواردوە و زۆریش ڕیاکار و محافزەکارە. لەم بەرهەمەدا، توندوتیژیەک کە لەم کۆمەڵگایەدا بوونی هەیە، تەنیا لە ڕێگای وەسف کردنی سەحنەی ئێعدامەکانەوە پیشان نادرێت. زیاتر لە هەر شتێکی تر، لە زمان دایە کە ئەم توندوتیژیە زەق کراوەتەوە و دەگشتێندرێت. عەزیز نەسین بە بڵاو کردنەوەی ئەم بەرهەمە، سنورە نەتەوەیی و بیرو باوەڕە مەزهەبی و خورافیەکانی نایە پشت سەر و پێینایە نێو ئەدەبیاتی جیهانیەوە.

  ڕەنگە یەکێک لە گەورە ترین دەستکەوتەکانی زاستی و نوێخوازانەی عەزیز نەسین ئەوە بێت کە زمانی ئالۆز و کۆنی ئەدەبی کە گولێک دەست و پاگیر بوو، وەلانا و زمانێکی سادە و ساکاری خەڵکیی هەڵبژارد و لە هەمانحاڵدا لە سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئەدەبیاتیش، غافل نەبوو. ئەم دوو داهێنانە گەورەیە بوو کە عەزیز نەسینی لە سێ کێبڕکێی گەورەی جیهانیدا و لەنێو ٧٥ وڵاتدا بەرجەستە کرد و پلەی یەکەمی داستان نووسینی تەنزی پێبەخشی. بەڵام ڕێگایەک کە نەسین پێوای، زۆریش بێ کەند و کۆسپ و سادە نەبوو وە گەلێک بەربەست و لەمپەری هاتە سەر ڕێ و هەرچەند ئەویان چەندین جار خستە زیندانەوە، بەڵام ئەو دیسانیش بەردەوام بوو لەسەر نووسین.

  ئەو خەڵاتانەی کە عەزیز نەسین وەریگرتون بریتین لە:

١٩٥٦، نەخلی تەڵایی، خەڵاتی مسابەقەی نیونەتەوەیی تەنز لە ئیتالیا بۆ داستانی” حەمدی فیل”.

١٩٥٧، نەخلی تەڵایی، خەڵاتی مسابەقەی نیونەتەوەیی تەنز لە ئیتالیا بۆ داستانی” کیابیای دیگ”.

١٩٦٦، ژیشکی تەڵایی، نەخلی تەڵایی، خەلاتی مسابەقەی نیونەتەوەیی تەنز لە بوڵغارستان.

عەزیز نەسینی نوێخوازی پێشڕەو، نووسەرێکی بەتوانا و پێشەیی بوو کە بە سادە نووسین و لێىڕاوی کەم وێنەی و دانش و زانیاریەکی قوڵ کە پێویستی نووسینی تەنزە، داستانەکانی بە شێوازێکی نوێ و ڕەنگاو ڕەنگ و جۆراو جۆر پێشکەشی کۆمەڵگا دەکرد. بەم هۆیەوە، تا ئێستاش، داستانەکانی عەزیز نەسین، دڵگیر و شیرین و شیاوی خوێندنەوەن!

  ئەو تا کۆتایی تەمەنی دەست بەرداری خەباتی بەرابەری تەڵەبانە و ئازادی خوازانەی سۆیالیستی نەبوو. وە تا کۆتایی ژیانی، وەک نووسەرێکی کرێکاران و بێبەشان و ستەم لێکراوان مایەوە.

  عەزیز نەسین لە رۆژی ٦ ی مانگی ژوئیەی ساڵی ١٩٩٥، دوو ساڵ و ٤ رۆژ دوای کارەساتەکەی سیواس، دوای جەلەسیەکی کتێب خوێندنەوە لە شاری ” ئیزمیر” بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی بەخت کرد. ئەو لە وەسیەتنامەیەکدا کە لە پاش خۆی جێی هێشتوە، نووسیویەتی کە باوەڕی بەهیچ دینێک نییە و لەبەر ئەوە پێویستی بە تەشریفاتی مەڕاسمی ناشتنی ئیسلامی نییە. پەیکەری نەسین لەسەر داوای خۆی لە گۆڕێکی بێ ناودا، لە ئاوایی کودەکان بە خاک سپێردرا.

  عەزیز نەسین یەکێک لە باشترین تەنز نووسان و لە ئاستی دنیادا خاوەنی خوێنەرێکی بەرفراوان بوو. ناوی ئەو لەگەڵ تەنزە توند و قوڵ و ڕەخنەگرانەکانی ئاوێتەی یەکترن. سەد و چوار ساڵ بەسەر رۆژی لە دایک بوونی ئەم نوسەرە مەزنەدا تێپەڕیوە و ماوەی بیست و چوار ساڵیشە کۆچی دوایی کردوە.

  

بارام رەحمانی

دسامبری ٢٠١٩

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *