بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ناوچەی قەرەتەپە بە ناوی “ئیبراهیم عەلی” ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند، شەوی سێشەممە چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردووەتە سەر گوندی کەشکۆڵان لە نێوان جەلەولا و قەرەتەپە و بەو هۆیەوە سێ سەربازی عێراق لە لایەن ئەو ڕێکخراوەیە کوژران.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو سێ سەربازەی عێراق سەر بە هێزەکانی حەشدی عەشایری عێراق بوونە کە لە ئاکامی ڕووبەڕوو بوونەوەکاندا گیانیان لەدەستداوە و ٤ کەسی دیکەش بەسەختی بریندار بوونە. جێگای ئاماژەیە ئەم گوندە ٥ کیلومەتر لە ناوەندی قەرەتەپە دوورە و شەڕ لە نێوان چەکدارانی داعش و دانیشتووانی ئەو گوندە ٢ کاتژمێری خایاندووە.